خەڵكی خۆڕاگری كوردستان
حیزب و لایەنە سیاسییەكانی ئێران و كوردستان
رێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی
وەك ئاگادارن ژینا (مەهسا) ئەمینی، كچە لاوی كورد كە چەند رۆژ پێشتر لە شاری تاران لەلایەن هێزە سەركوتگەرەكانی كۆماری ئیسلامییەوە بەسەختی لێیدرابوو، رۆژی هەینی 25ی خەرمانان بەهۆی سەختی برینەكانیەوە گیانی لەدەستدا. پێشتریش شلێر رەسوڵی لەشاری مەریوان بۆ پاراستنی خۆی لە دەستدرێژی بەكرێگیراوێكی رژیم گیانی بەخت كرد.
بەم بۆنەوە داوا لە سەرجەم چین و توێژەكانی خەڵكی كوردستان دەكەین بۆ دەبڕینی ناڕەزایی دژ بە سیاسەتە نامرۆییەكانی رژیم و بۆ پارێزگاری لەكەرامەتی كچان و ژنانو رۆڵەكانی گەلی كورد، رۆژی دووشەممە 28ی خەرمانان بە داخستنی دوكان و بازاڕەكان و نەچوونە سەركارەكانیان مانگرتنێكی گشتیی و شكۆدار رابگەیەنن.
داوا لەسەرجەم حیزب و لایەنە سیاسییەكان، رێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی، هەڵسوڕاوانی مافی مرۆڤ دەكەین بەدەم ئەم بانگەوازەوە بێن تا بە هاودەنگی و هاوپشتی یەكتر وەڵامێكی توند بە كۆماری ئیسلامی بدەینەوە.
بژی هاوپشتی و یەكگرتووی خەڵكی حەقخوازی كوردستان
بڕوخێ كۆماری دژە ژنی ئیسلامی ئێران
ناوەندی هاوكاری حیزبەكانی كوردستانی ئێران
25ی خەرمانانی 1401 – 16ی سێپتامبری 2022