خەڵكی خەباتكاری ئێران!
ژنان، خوێندكاران، مامۆستایان، كرێكاران، خەڵكی ئازادیخوازی ئێران و كوردستان!
سێ مانگ بە سەر كوشتنی زاڵمانەی ژینا (مەهسا) ئەمینی و دەستپێكی شۆڕشی نوێ و خرۆشانی جەماوەریی خەڵك دژی دیكتاتۆریی كۆماری ئیسلامی تێپەڕی.
لەم ماوەیەدا سەدان کەس لە خەڵكی ڕاپەڕیو و ئازادیخواز لە سەرانسەری ئێراندا شەهید، هەزاران کەس بریندار و هەزاران کەسی دیکەش لەلایەن ناوەندە ئەمنیەتییەکانەوە دەسبەسەر كراون.
هاوكات لە ڕۆژانی ڕابردودا ڕێژیم بۆ نانەوەی ترس و دڵەڕاوكێ و بە مەبەستی سەركوتی زیاتری خەڵكی ناڕازی و کپکردنی ڕاپەڕینەکە، سزای لەسێدارەدانی بە سەر لانیكەم ٢٢ كەس لە گیراوەكانی ئەم دواییانەدا سەپاندووە و بەداخەوە ژمارەیەک لەم شۆڕشگێڕە بەندكراوانە لەسێدارە دراون.
ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی كوردستانی ئێران بە لەبەرچاوگرتنی قورسایی و گوشاری ئابووری لەسەر خەڵک و کاسبکاران و بازاڕییان، داوا لە هەموو خەڵكی خەباتكاری ئێران و كوردستان دەكات دژبە سیاسەتی سەركوتی ڕێژیم و كۆتاییهێنان بە ئێعدامی ئازادیخوازان و هەروەها ئازادكردنی بێمەرجی سەرجەم زیندانییانی سیاسی، بەتایبەتی گیراوەكانی ئەم دواییانە، ڕۆژانی ٢٩ و ٣٠ی سەرماوەز بەشداری لە مانگرتنێكی سەرانسەری و یەكپارچەدا بكەن و بەو بەشدارییە جارێكی دیكە دەنگی خۆیان بۆ ڕووخاندنی كۆماری ئیسلامیی ئێران بە گوێی خەڵكی جیهان بگەیەنن.
داوا لە هەموو چالاکانی سیاسی و مەدەنی، حیزب و ڕێكخراوە سیاسییەكانی كوردستان و ئێران و ئازادیخوازانی دەرەوەی وڵاتیش دەكەین بە پشتیوانیی خۆیان لەم مانگرتنە سەرانسەرییە جارێكی دیكە یەکگری و یەكگرتوویی هەموو توێژەكانی خەڵك تا ڕووخانی ڕژیم بەهێز بكەن.
بژی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی،
بڕووخێ كۆماری ئیسلامیی ئێران
ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی كوردستانی ئێران
٢٧ی سەرماوەزی ۱٤۰۱