هەڵسوڕاوانی سیاسیو ئازادیخوازی كوردستان
رێكخستنەكانو ئەندامانی نهێنی كۆمەڵە لەكوردستان
ئەندامانو لایەنگرانی كۆمەڵە
ئەم هەفتەیە، هەفتەی بەرەنگاربوونەوەیەكی دیكەی گەلی كوردە لەگەڵ كۆماری ئیسلامیدا. لەكاتێكدا هەموو بەرپرسو ئۆرگانو كاندیدەكانی رژیم سەرەڕای ململانێی ئاشكراو نهێنی بۆ بەدەستهێنانی دەسەڵاتیو سامانی زیاتر لەناوخۆیان، هەمو هەوڵەكانی خۆیان بۆ راكێشانی ژمارەیەكی زیاتری خەڵك بۆ سەر سندوقەكان خستوەتەگەڕ. لەم نێوەندەشدا سەرنجێكی تایبەتیان لەسەر كوردستان داناوەو لە مونازەرەكانیشیاندا ئاشكرا بوو كە راكێشانی گەلی كورد بۆ سەر سندوقەكان، لەلایەن دەسەڵاتدارانی رژیم گرنگییەكی زۆری پێدەدرێت.
هەڵوێستی هاوبەشی حیزبە سیاسییەكانی كوردستانو بانگەوازیان بۆ بایكۆتی شانۆگەریی هەڵبژاردن، هۆكارێكە بۆ یەكگرتوویی زیاتری خەڵكی كوردستان.
با پێكەوە ئەم هەفتەیە بكەینە بەرەنگارییەكی سەراسەریو، جارێكی دیكە نیشانی كۆماری ئیسلامی بدەین كە ئەم رژیمە لەكوردستان هیچ شەرعییەتێكی نیە. ئەم بەرەنگاربوونەوەیە ئەولەویەتی هەموومانە. بە هەموو هێزمانەوە بۆ پەرەپێدانی ئەم بەرەنگاربوونەوەو بایكۆتی هەڵبژاردنەكانیو نیشاندانی دژایەتیو بێگانەبوونی كۆماری ئیسلامی لەگەڵ خەڵكی كورستان هەوڵ بدەین.
ئێمە لە هەموو خەڵكی ئازادیخوازی كوردستان، رێكخستنەكانی كۆمەڵە لەشارو گوندەكان، هەڵسوڕاوانو ئازادیخوازان، رێكخراوە مەدەنییەكانو هەموو ئەو كەسانەی بۆ ئازادی خەبات دەكەن، داوا دەكەین چالاكانە بۆ بەرەوپێشبردنی ئەم بەرەنگارییەو بەسەركەوتن گەیاندنی هەموو هەوڵێكیان بخەنەگەڕ.
دەستەی كارگێڕیی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان
24ی گوڵانی 1396 – 14ی مەی 2017