رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ١٩ی رێبەندان، کۆمیتەی تەشکیلاتی کۆمەڵە لە دانمارک، سێمینارێکی سیاسیی بەبۆنەی رۆژی کۆمەڵەوە، لە ژێر ناوی هەڵسەنگاندی بارودۆخی سیاسیی کوردستان و ناوچەکە، بەڕێوە برد.
سێمینار بە دەقیقەیەک بێدەنگی بۆ رێز گرتن لە یادی شەهیدانی کۆمەڵە و بزووتنەوەی رزگاریخوازانەی کوردستان دەستی پێکرد و پاشان هاوڕێ عومەر ئێلخانیزادە، سکرتێری گشتیی کۆمەڵە، وەک پێشکەشکاری باسەکە، تیشکی خستە سەر دوایین گۆڕانکاری و رووداوەکانی ناوچەکە و بە شیکردنەوەی هۆکارەکانی شەڕی گرووپی تیرۆریستیی ئیسلامیی داعش لە دژی کوردستان و بەشداریی زلهێزەکانی ناوچەکە لە دژایەتی کردنی بزووتنەوەی کوردستان، بەرەنگاریی مێژوویی بزووتنەوەی کوردی لە بەرامبەر تیرۆریزمی ئیسلامی لە چەند دەیەی رابردووشدا خستە بەر باس و لێکدانەوە.
لە درێژەدا هاوڕێ عومەر سەرنجی خستە سەر دۆخی ئێستای هێزە سیاسییەکانی کوردستانی رۆژهەڵات و بە دەستنیشان کردنی هۆکارەکانی گرفتەکانی ئێستای حیزب و لایەنە سیاسیەکانی کوردستان، گرینگترین رێگەچارە و هەنگاوی بەرەوپێشی لەمبارەیەوە بە نزیکایەتی و هاوکاری و هاوئاهەنگیی نێوان حیزب و لایەن و کەسایەتییە سیاسییەکان پێناسە کرد و شیکاری و دیاریکردنی کەموکورتی و لاوازییەکانی بە هەنگاوێکی بوێرانە و رەخنەیەکی دڵسۆزانە بۆ ئامادە کردنی بەستێنی هاوکاری و هاودەنگیی زیاتر و پێویستیی بزووتنەوەی رزگاریخوازیی کوردستان پێناسە کرد.
دوای پێشکەش کردنی باسەکەی هاوڕێ عومەر، ئامادەبووانی سێمینارەکە بە پرسیار و خستنە رووی بیروبۆچوونی جۆراوجۆر، بوونە هۆی دەوڵەمەندتر کردنی سێمینارەکە.
سێمینارەکە بە وەڵامدانەوەی پرسیاری بەشداربووان لەلایەن هاوڕێ عومەر ئێلخانیزادەوە کۆتایی پێهات.
کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
کۆمیتەی دانمارک
٢١ی رێبەندانی ١٣٩٣