زۆر بە داخەوە ئەوڕۆ ئاگادار بووین شاعیری گەورەی کوردستان لە سنە گیانی لە دەست داوە. کاک جەلال مەلەکشا نووسەر و شاعیری ھەڵکەوتوو لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان، ھەست ناسک و بڕوامەند بە مافی گەلەکەی و مافی بەش مەینەتان، سەرەڕای دەرد و مەینەت و نەداریی و زۆر جار دەربەدەری، سەری تەسلیمی دانەنەواند و ھەموو ھونەری خۆی بە کوردی و فارسی خستە گەڕ تا بەرگری لە مێژوو، شۆڕش و ئەدەبیاتی گەلی کورد بکات. ئەو بە کاری خۆی جیلێکی نوێی لە لاوان پێگەیاند تا بە زمانی پاراو کە ھەموو کەس لێی حاڵی ببێ ھۆنراوەکانیان بھۆننەوە. شارەزایی ئەو بەسەر زاراوەکانی کوردی ببوە ھۆی ئەوە کە قورسترین و قووڵترین ھەستەکانی بۆ دەردی گەل و نیشتمان بە سانایی بخوڵقێنێ.
لە لایەن ھەموو ریزەکانی کۆمەڵەوە سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی خەڵکی سنەی سەربەرز و ھەموو کوردستان، کۆمەڵگای ھونەری و فەرھەنگی لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان و بنەماڵەی بەڕێزیان و ھاوڕێ بێھرووزی مەلەکشا دەکەین. دڵنیاین کار و یادی لە دڵی گەلی کورد و لە بزوتنەوەی نوێخوازی کوردستاندا بە زیندوویی دەمێنێتەوە.
کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
٣١ ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٠ , ١٠ی خەزەڵوەری ١٣٩٩ی هەتاوی