رۆژی شەممە ٢٤ی ژوەنی ٢٠١٧ بەبەشداری ژمارەیەك لەئەندامو لایەنگرانی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستانو نوێنەری حیزبو لایەنە سیاسییە كوردستانییەكانو ژمارەیەك لە پەنابەرانی سیاسی لە شاری ئاتنی پایتەختی یونان، رێوڕەسمێك بەبۆنەی 31ی جۆزەردان، رۆژی پێشمەرگەی كۆمەڵە بەڕێوەچوو.
سەرەتای رێوڕەسمەكە كە لەلایەن هاوڕێ گەشین سوهراب زادە پێشكەشكرا، بە سرودی بانگەواز، سرودی رەسمیی كۆمەڵە دەستی پێكرد. پاشان بۆ رێزگرتن لەیادی هاوڕێ خانەموعینی سەرجەم گیانبەختكردوانی رێگەی ئازادیو بەرابەری خولەكێك بە بێدەنگی راگیرا.
پاشان كورتەیەك لە ژیاننامەی هاوڕێ سەعیدی موعینی ناسراو بەخانە، وەك یەكەم پێشمەرگەی گیانبەختكردوی كۆمەڵە لەلایەن هاوڕێ گەشین خوێندرایەوە.
لەبەشێكی دیكە بەرنامەكەدا كورتە پەخشانێك بەم بۆنەوە لە لایەن هاوڕێ هەڵمەت محەمەدی پێشكەش بە ئامادەبوان كرا.
پاشان پارچە شیعرێك لەلایەن هاوڕێ سیروان بۆكان خوێندرایەوە. لە بەشێكی دیكەی رێوڕەسمەكەدا هاوڕێ ئارمان كورد، پاش دەربڕینی داخو پەژارە بە بۆنەی گیانبەختكردنی 3 پێشمەرگەی كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران، لەسەر پێناسەو كاریگەرییەكانی هێزی پێشمەرگەی كۆمەڵە لە بزوتنەوەی حەقخوازانەی خەڵكی كوردستانو داكۆكیكردن لە مافی خەڵكی كرێكارو زەحمەتكێشی كوردستان چەند وتەیەكی پێشكەش كرد.
لە درێژەی بەرنامەكەدا لەلایەن بەرێز “میمی ئاندرا پۆلۆ”ناسنامەی پێشمەرگەی كۆمەڵە بە زمانی یونانی خوێندرایەوە.
لە میانەی بەرنامەكەدا چەندین پەیامو بروسكەی حیزبو لایەنە سیاسیەكان پێشكەش بە رێوڕەسمەكە كرا. لەوانە پەیامی:
حیزبی دیموكراتی كوردستان
سازمانی خەباتی كوردستانی ئێران
كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران
پارتی یەكێتی دیموكرات (پەیەدە).