رەوانەكردنی بەربڵاوی هێزە سەركوتگەرەكانی رژیم، كاریگەریی لەسەر ئیرادەی خەڵكی كوردستان نابێت
جوڵەی سەربازیی رژیمی ئیسلامی بە بیانوی ریفراندۆم، لەراستیدا ترسو دڵەڕاوكێ لە ئەگەری ئاخێزی سەراسەری كوردستان بوو، كە رژیم زیاتر لەهەر كەس چاوەڕوانی دەكرد. مانۆڕی سەربازیی بەربڵاو، فڕینی فرۆكە جەنگییەكان لەئاسمانی شارو ناوچە سنورییەكان، رەوانەكردنی هێزی سەربازییو لیباس شەخسی بۆ مەیدانەكانو شەقامەكانی زۆربەی شارەكانو، خستنەگەڕی زرێپۆشەكان لە جادەكانی كوردستان هەمووی بە بیانوی ریفراندۆم لە هەرێمی كوردستان، نیشانەی نیگەرانیو دڵەڕاوكێی رژیمە لە ئاخێزی بەرینی خەڵكی كوردستان.
ترسو دڵەڕاوكێی رژیم بێهودە نەبوو، لە رۆژی ریفراندۆمی سەربەخۆیی باشوری كوردستان، سەراسەری كوردستان شاهیدی حوزوری بەرین، كەم وێنەو یەكگرتوانەی خەڵك بوو بۆ پشتیوانی لە ریفراندۆمو، نیشاندانی خواستی لەمێژینەی خۆیان بۆ رزگارییو گەیشتن بە مافی دیاریكردنی چارەنوس. خەڵكی رۆژهەڵاتی كوردستان پشتیوانییەكی یەكگرتووانەو بەهێزیان لە هەرێمی كوردستان نیشانداو شادیو هەڵپەڕكێیان تا درەنگانێكی شەو بەردەوام بوو. لەكاتێكدا رژیم لە چەندین بەشی گرنگی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تەراتێن دەكات، لەكوردستاندا كە چوار دەیەیە داگیریكردوە، هێزەكانی لەترسدا زەمینگیر بوون.
كوردستان یەكێك لە گەورەترین خەباتی مەدەنیو سیاسییەكانی خۆی بە پەیامێكی رۆشن بردەسەر. رژیم كە چاوەڕوانی شۆڕشێكی مەدەنیو یەكگرتوانەی لەو چەشنەی نەبوو، چەندین كاتژمێر بە سەرسوڕمانەوە زەمینگیر بوون، یان لە ترسی قوڵبوونەی ئەو ئاخێزە هیچ كاردانەوەیەكیان نیشان نەدا. بەڵام لە بەیانی ئەو رۆژەدا لەترسی بەردەوام بوونی بزوتنەوەو حوزوری خەڵك، دەستیان دایە گرتنو راوەدوونانی بەرینی خەڵكو لە زۆربەی شارەكان دەیانو سەدان كەس دەستگیرو رەوانەی گرتووخانەكان كران. هەواڵەكان باس لەوە دەكەن كە رژیم بۆ تۆڵەكردنەوە دەستی داوەتە گوشارو ئەشكەنجەی گیراوەكان. رفاندنی خەڵك، ئەشكەنجەی سەخت لەماوەیەكی كورتو پاشان بۆ چاوترسێنكردنیان، گەڕاندنەوەی گیراوەكان بۆ بەردەم ماڵەكانیان، لەوشێوازە نامرۆڤانەیە كە رژیم ئەنجامی داوە.
تۆڵەكردنەوەی رژیم لەخەڵكی خرۆشاوی كوردستان كۆتایی نایەت. رژیم بەتوندی نیگەرانی گۆڕانكارییەكانی ناوچەكەو، بەتایبەت هاوپشتیو سۆزێكی بێ وێنەیە كە لەبەشەكانی كوردستان دەركەوتووەو بە دڵنیاییەوە لەسەر رەوتی روداوەكان كاریگەریی راستەوخۆی دەبێت. كۆنترۆڵی كوردستانی داگیركراوی كۆماری ئیسلامی بە تایبەت لەم بارودۆخەدا، گرنگی تاكتیكیو ستراتیژی زۆری هەیە. كۆماری ئیسلامی، هەرێمی كوردستان بە لەدەستچوو دەزانێتو هەموو ترسو نیگەرانییەكەی لە كوردستانی ژێر دەسەڵاتی خۆیەتی.
كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان پێیوایە كە سەركوتو هێرشو بڵاوكردنەوەی ترسو دڵەڕواكێ لەلایەن رژیمەوە بەردەوام دەبێتو، ئەمەش بۆ رژیم زۆر گرنگترە لە پاراستنی پێگەی خۆی لە دەرەوەی سنورەكانی ئێران. رێگەی بەرەوڕوو بوون لەگەڵ ئەم سەركوتگەرییە، كە خەڵكی خەباتكاری كوردستان تا ئێستا بەباشی بەرەوپێشان بردوە، بەردەوام بوونی یەكگرتووییو هاوپشتیو بەرپاكردنی ناڕەزایی جەماوەرییە.
كۆمەڵە هەموو حیزبە سیاسییەكانو هەڵسوڕاوانی مەدەنیو سیاسی ناوخۆو دەرەوەی وڵات بانگەواز دەكات كە یەكگرتوانە بەرەوڕووی سەركوت، دەستگیركردنو ئەشكەنجەو دروستكردنی فەزای ترسو وەحشەت ببنەوە. لەكوردستان دەبێت بە شێوازی جیاجیا: كۆبوونەوەی بنەماڵەی گیراوەكانو خەڵك لەبەردەم گرتووخانەكان، رێكخستنی ناڕەزایی بازاڕو هەموو پیشەكان، چالاكی بەرینتری رێكخراوە مەدەنیو كۆمەڵایەتییەكان بگرێتەپێش تا رێگە لەو بگیرێت رژیم بۆ هێرشكردنەسەر خەڵك بێباكتر بێت. لەدەرەوی وڵات نەك تەنیا هەموو كومیتەكانو هەڵسوڕاوانی كۆمەڵە، بەڵكو هەموو حیزبەكانو هەڵسوڕاوانو پەنابەران بانگهێشت دەكەین تا بە بەشداریكردنیان لە گردبوونەوە ناڕەزاییەكان دەنگی خەڵكی كوردستانو دەستگیركراوەكانو زیندانیانی ئەم دواییە بەگوێی جیهان بگەیەنن.
كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان
7ی رەزبەری 1396 رێكەوتی 29ی سێپتامبری 2017