هاونیشتمانیانی خۆشەویست، خەڵکی بەهەڵوێستی کوردستان!
بەرەبەرە خەریکین لە کۆتاییی ساڵ نزیک دەبینەوە و پێ دەنێینە نەورۆز و ساڵی تازە. بەو بۆنەوە سەرەتا پیرۆزباییەکی گەرم لە ئێوە تێکڕای خەڵکی خۆشەویست، بەتایبەت بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان، زیندانییانی سیاسی و پێشمەرگە گیان لەسەردەستەکانی کوردستان، تێکۆشەرانی سیاسی و خەمخۆرانی نیشتمانی خۆشەویستمان لە هەموو بوارەکانی خەباتدا دەکەین. هیوادارین ئەو ساڵتان بە هەموو کێشە و گیروگرفتەکانی سەر ڕێگای ژیانتان بە سەرکەوتوویی بەڕێ کردبێ و بە دڵخۆشییەوە پێشوازی لە ساڵی نوێ بکەن.
خەڵکی شۆڕشگێڕ و خەباتکاری کوردستان هەروەک هەموو لایەکتان دەیزانن ساڵی ڕابردوو وەکوو ساڵانی پێشووتر خەڵکی ئێران و بەتایبەتی کوردستان ساڵێکی پڕ لە زەحمەت و کێشە و گرفتیان لە سایەی دەسەڵاتدارییەتی کۆماری ئیسلامی بەڕێ کرد. بەداخەوە ئەو ساڵیش لە درێژەی سیاسەتی شەڕخوازانە و نەزانکارانەی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی، گرانی و هەژاری و بێکاری و کێشە یەک لە دوا یەکەکانی خەڵک، نەک کەمی نەکردووە بەداخەوە زیاتریش بوون و بەشی هەرە زۆری خەڵکی ئێران لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین. بەرپرسانی ڕێژیم و دەسەڵاتدارانیش داهاتی وڵاتێکی پڕ پیت و بەرەکەتی وەک ئێران یان خۆیان و دارودەستەکەیان بە ئاشکرا دەیدزن یان خەرجی دەستێوەردان لە وڵاتانی ناوچەکە و یارمەتیی ڕێکخراو و تاقمە تێرۆریستەکانی هاوپیشەی خۆیان دەکەن. بە جۆرێک کە گەندەڵیی هەزاران میلیاردیی مافیاکانی ناو دەسەڵات و سپای پاسداران بڕستی لە خەڵک بڕیوە و ژیانێکی ئاسایی بۆ زۆرێک لە خەڵکی ئێران بووەتە خەون و خەیاڵ. بەڵام سەرەڕای هەموو ئەوانە بە خۆشییەوە خەڵکی ئێران و بەتایبەتی کوردستان بە هیچ شێوەیەک تەسلیمی ئەو سیاسەتە وێرانکارییانەی ڕێژیم نەبوونە و بەردەوام بە شێوەی جۆراوجۆر ناڕەزایەتییان دەربڕیوە. بە جۆرێک کە ئەو ساڵ زیاتر لە ساڵانی پێشوو چین و توێژەکانی ناو کۆمەڵگە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە بردوە و لە بەرامبەر دیکتاتۆریی ئاخوندیدا ڕاوەستاون.
نەورۆز یەکێک لە بۆنە گەورە نەتەوەییەکانی گەلانی ناوچەکە و بەتایبەتی گەلی ئێمەیە کە ساڵانێکە خەڵکی کوردستان جیا لە بۆنەیەکی فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی، کردوویانەتە مەیدان و مەتەرێزێکی بەهێز و ئەوەی تێدا دەبینرێ خەباتێکی بەربڵاو و “نا”یەکی گەورەیە بە داگیرکەرانی کوردستان و لە هەمانکاتیشدا پتەوترکردنی زیاتری ڕیزەکانی خۆیانە. ساڵانێکە هەوری و جامانە و گوڵی سوور تێکەڵ بە شایی و گۆڤەندی کوردەواری بووە و سیمایەکی جوانی بە ڕووحی یەکگرتوویی و شوناسخوازیی نەتەوەکەمان بەخشیوە. بۆیە ئەو ساڵیش وا چاوەڕوان دەکرێ کە نەورۆزی ئەوساڵی کوردەواری بە جۆش و خرۆشێکی زیاتر لە ساڵان لە هەموو شار و دێهاتەکانی کوردستان بەڕێوە بچێت و مزگێنیدەری بەهارێکی ڕەنگین و ساڵێکی پڕ دەسکەوت بۆ گەلەکەمان بێ.
خۆشەویستان، ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بە درێژایی هەموو ساڵانی دەسەڵاتداریی ڕەش و پڕ لە عەیب و عاری بەردەوام هەوڵی داوە کە پێش بە خۆشی و شایی خەڵک بگرێت و ئەوەی لە توانایدا بووە بۆ پێشگرتن لە بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمە نەورۆزییەکان درێغی نەکردوە. هەر لە گرتن و بانگکردنی چالاکانی فەرهەنگی و مەدەنییەوە بگرە تا هەڕەشە و گوڕەشە لە خەڵک، هەوڵی داوە نەهێڵێ ڕێوڕەسمە نەورۆزییەکان بەڕێوە بچن، بەڵام بەخۆشییەوەخەڵکی کوردستان کۆڵیان نەداوە و بە هەر شێوەیەک بۆیان کرابێ بە حەماست و بە جۆش و خرۆشەوە ڕێوڕەسمەکانی خۆیان بە شکۆیەکی زیاترەوە بەڕێوە بردووە. ڕێژیم کە لەو هەوڵەیدا سەر نەکەوت ئێستا دەیهەوێ بە پیلانێک ڕێوڕەسمەکان بخاتە ژێر کۆنترۆڵی خۆی و لە لایەکی دیکەشەوە سیمایەکی دیکە لە خۆی پیشان بدا. ئەویش ئەوەیە کە دەیانهەوێ لە هەندێ جێگا و بۆ وێنە لە شاری سنە بە وتەی خۆیان کەڕنەڤاڵی نەورۆزی وەڕێ بخەن کە هیچ گومان لەوەشدا نییە کە خەڵک بە نەریتی ساڵان لەو شوێن و جێگایانەی کە مەبەستی خۆیانە ڕێوڕەسم دەگرن و ئاوری نەورۆز دەکەنەوە. دەبا لێرەشدا بە بایکۆتی ڕێوڕەسمەکانی ژێر کۆنترۆڵی ڕێژیم “نا”یەکەی گەورەیان پێ بڵێین و ئەو پیلانەشیان لێ لەقاو بدەین.
هاونیشتمانییانی خۆشەویست داواتان لێ دەکەین بە ئامادەبوونتان لە ڕێوڕەسمەکانی نەورۆزی کە لەلایەن خەڵکی خەمخۆری خۆتانەوە بەڕێوە دەچن، بە جلوبەرگی جوان و ڕەنگینی کوردەواری و لەملکردنی جامانە و هەوری و بەدەستەوە گرتنی گوڵی سوور نەورۆزی ئەمساڵیش بکەنە دەرفەتێکی باش بۆ نیشاندانی یەکگرتوویی و یەکڕیزیمان.
جارێکی دیکە نەورۆزی کوردەواری لە هەموو لایەکتان پیرۆز بێ و بە هیوای ساڵێکی پڕ دەسکەوت و شایی و خۆشی بۆ هەموو لایەک.
ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران
٢٥ی ڕەشەمەی ١٤٠٠