بەپێی راگەیەنراوێكی كۆمیتەی یوتۆبۆری كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان پاش كۆبوونەوەیەكی حیزبەكانی رۆژهەڵات كە رۆژی یەكشەممە 27ی مانگی مەی سازدرا، كۆمیتەی هاوكاری هێزە سیاسییەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان دامەزرا.
دەقی راگەیەنراوكە:
ڕاگەیاندنی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان (کۆمیتەی یۆتۆبوری) سەبارەت بە پێکهاتنی سەرکەوتووانەی کۆمیتەی هاوکاری هێزە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە شاری یۆتۆبوری.
ئێوارەی ڕۆژی یەکشەمە ڕێکەوتی ٢٨ی مەی ٢٠١٧، کۆبوونەوەیک لە سەر بانگهێشت و بە میوانداری کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان (کۆمیتەی یۆتۆبوری)، بۆ پێکهێنانی کۆمیتەیەک بۆ هاوکاری هێز و لایەنە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەم شارە دا ساز درا.
لە کۆبوونەوەکەدا هەموو لایەک بە تێکڕای دەنگ جەختیان کردە سەر یەکگرتوویی و هاوکاری زیاتر لە نێوانیان دا و شێوازو چۆنیەتی هاوکاری کردنی لایەنە سیاسیەکان درایە بەر باس و لێکۆڵینەوە و کۆمیتەیەکی هاوبەش بۆ ڕێکخستن و هاوئاهەنگی بۆ چالاکییەکانی تایبەت بە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە ناوی ( کۆمیتەی هاوکاری هێزە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان)، دیاری کرا.
لایەنە بەشداربووەکان لەم کۆمیتەیە تا ئێستا بریتین لە (حیزبی دیمۆکراتی کوردستان)، (حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران، (کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران) و (کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان).
هەروەها بڕیار درا کە لایەنەکانی بەشدار لەم کۆمیتەیە هەوڵ بدەن بۆ بەشداری دان و هاوکاری هێزو ڕێکخراوەکانی تری ڕۆژهەڵاتی کوردستان و دروست کردن و کارا کردنی کۆمیتەیەکی هاوبەش و یەکگرتووانە لە شاری یۆتوبوری و دەرگای دیالۆگ و هاوکاری ئەم کۆمیتەیە بە ڕووی سەرجەم ئەو هێزانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە نەیاری کۆماری ئیسلامی ئێرانن ، ئاواڵە بێت.
لە دەرئەنجامی کۆبوونەوەکەدا چوار کەس بە نوێنەرایەتی ئەو لایەنانەی لە سەرەوە ئاماژەیان پێ کرا، وەک ئەندامانی کۆمیتەی هاوکاری هێزە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە شاری یۆتۆبوری، دیاری کران کە بریتین لە بەڕێزان:
-ئێقباڵ کیان پوور، (کۆمەڵەی زەحمەتکێشان کوردستان)
-فەرشاد مۆستەوفی، (کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران)
-سیروس رەئووفی، (حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران)
-نەبەز عەلی دووست، (حیزبی دیمۆکراتی کوردستان)
کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان کۆمیتەی یۆتۆبوری
٢٨ی مەی ٢٠١٧