بەپێی هەواڵێک کە لە مەریوانەوە بە ناوەندی راگەیاندنی کۆمەڵە گەیشتووە دوێنێ پێنجشەممە ٧ی مانگی رەشەمەی ١٣٩٩ی هەتاوی کاک جەباری عەزیزی،تێکۆشەری دێرینی کۆمەڵە وکەسایەتی چەپ و سیمای ناسراوی ناوچەی مەریوان لە تەمەنی ٦٥ ساڵیدا و بە هۆی نەخۆشی دڵە گەورە و پر لە هیواکەی بۆ هەمیشە لە لێدان کەوت و بە جێی هێشتین.
کاک جەبار ساڵی ١٣٣٤ی هەتاوی لە مەریوان لەدایک بووە.هەتا قۆناغی کۆتایی دەبیرستان هەر لە مەریوان خوێندوویەتی و،پاشان بۆ درێژەدان بە خوێندن چووەتە دانشسرای تەربییەت موعەلیم لە بەندەر عەباس. کاک جەباری عەزیزی لەو سەردەمەدا و لە دانشسرا لە گەڵ رەوتی چەپ وسۆسیالیستی ئاشنا دەبێ و،بە هۆی ئاشکرابوونی هەڵسوورانی سیاسی لەگەڵ یەکێک لە رێکخستنە نهێنییەکان،لە لایەن “ساواک”ی رژیمی پەهەلەوییەوە بۆ ماوەی شەش مانگ بە بێ سەروشوێنی لە گرتووخانەی ساواک لە زەنجان دەستبەسەر دەکرێ.کاک جەبار پاش ئازادبوونی لە زیندان دەبرێتە دەورەی زۆرەملێی سەربازی و،پاش تەواوبوونی سەربازییەکەی سەرتا لە ئاوایی بێساران و،دواتر لە دەبیرستانی فەرووخی مەریوان دەبێتە مامۆستا.
لەگەڵ راپەرینی گەلانی ئێران لەدژی رژیمی پەهلەوی و، ئازاد بوون و ئاشکرابوونی هەڵسوورانی حیزب ولایەن سیاسییەکان،کاک جەبار سەرەتا دەبێتە لایەنگری چریکەفیداییەکان ودواتر رێبازی سیاسی خۆی لەگەڵ کۆمەڵە گرێ دەدا و دەبێتە پێشمەرگەی کۆمەڵە. دوای ماوەیەک کاک جەباری عەزیزی ریزەکانی خەباتی پێشمەرگانەی بەجیهێشت وبە بێ ئەوەی خۆی رادەستی رژیم بکات،بە ماڵ و منداڵەوە لە شاری بەندەرعەباس نیشتەجێ بوو،و لە هەمووی ئەو ساڵانەدا ماڵی کاک جەبار لە بەندەر عەباس شوێنی حەوانەوە و مانەوەی ئەو تێکۆشەرانەی کورد بوو کە بۆ ئەو ناوچەیە دوور دەخرانەوە،یان لەبەر هەرەشە ومەترسی دەستبەسەربوونیان لە لایەن دەزگا ئەمنییەتییەکانی رژیم خۆیان حەشار دەدا.
شایانی باسە کە کاک جەبار ئەندامی بنەماڵەیەکی تێکۆشەر و ناسراوی ناوچەکە بوون و هاورێ “فایەق عەزیزی” تێکۆشەری خۆشەویست و ناسراوی کۆمەڵە و برای کاک جەبار لە ریزی ئەو ٩ تێکۆشەرەی شاری مەریوان دابوو کە بە بریاری خاڵخاڵی جینایەتکار تیرباران کران.
بێگوومان لەدەستچوونی کاک جەباری عەزیزی خەسارێکی گەورەیە بۆ کۆمەڵە و بزووتنەوەی چەپ و ئازادیخوازانەی کوردستان. ئێمە بە بۆنەی ماڵئاوایی لە ژیانکردنی کاک جەباری عەزیزی پر بەدڵ سەرەخۆشی لە بنەماڵە وکەس و کار و بەتایبەت سەرەخۆشی لە کاک ئەرسەلانی عەزیزی و دۆستانی کاک جەبار و هەموو تێکۆشەرانی دێرین وخەڵکی تێکۆشەری مەریوان دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەم و پەژارەیان دەزانین.
یادی ئازیزی کاک جەباری عەزیزی بەرز و بەرێز بێ.
کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
٨ی رەشەمەی ١٣٩٩ی هەتاوی
٢٦ی فێورییەی ٢٠٢١ی زایینی.