دوێنێ هەینی 10/4/2015، تەرمی هاورێی گیانبەختكردو، كاك خالیدی رەحمەتی فەرماندەی خۆشەویستو بەتوانای كۆمەڵە لە شاری یوتۆبۆری سوید بەخاك سپێردرا.
لە رێوڕەسمەكەدا كە ژمارەیەكی بەرچاو لە هاوڕێیانو تێكۆشەرانی گشت لایەنەكانی كۆمەڵەو كەسوكارو خانەوادەی هاوڕێ خالید تێیدا ئامادەبوون، بەشداربووان بە نیشانەی رێزو خۆشەویستیو وەفا بۆ خەباتی هاورێ خالید رێزیان لە كەسایەتی دڵسۆزی فەرماندەی بەتوانای كۆمەڵە گرت.
لەو مەراسیمەدا گشت لایەنەكانی كۆمەڵە جەختیان لە دڵسۆزیو میهرەبانیو ئەندێشەی ئینسانیو هەروەها لێهاتووییو خۆشەویستی هاوڕێ خالید كردەوەو هیوایان خواست كە درێژەپێدەری رێگای پڕ لەشانازیی هاوڕێ خالید رەحمەتی بن.
هاوڕێیانی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان وەك هەموو لایەنەكانی كۆمەڵە بەشداری رێوڕەسمەكە بوونو لەلایەن هاوڕێ پرشنگ محەمەدی پەیامی هاودەردیو سەرەخۆشی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان پێشكەش بە ئامادەبووان كرا.
كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان، كومیتەی سوید