بە پێی هەواڵی گەیشتوو لە شاری سنەوە بەداخەوە روژی دووشەممە ١٠ی مانگی سەرماوەز ، دایە رەعنا دایکی هاورێیانی گیانبەختکردووی ناو ريزەکانی کۆمەڵە، هاورێیان یەدێ و موزەفەری بوزۆرگپەنا دڵی تامەزرۆ و پر لە ئاواتی بە رزگاری بۆ هەمیشە لە لێدان کەوت. دایە رەعنا وەک هەزاران دایکی خۆراگری کوردستان مەرگ و دووری رۆڵەکانی کردە رەق و توورەیی لە داگیرکەران و دەست وپێوەندەکانیان. دایە رەعنا زۆر بوێر و چاونەترسانە دژ بە هێزەکانی رژیم دەوستاوە و نەفرەتی لێدەکردن .ئەو شێرەژنە بۆ هەموو ئەوانەی دڵیان کەیلی ئازادی و سەربەستی بوو،ببووە هێمای خوراگری وسەربەرزی . دایە رەعنا هەتا دوا هەناسەکانی بەردەوام پاڵپشتی پێشمەرگە و ئەو خەباتکارانە بوو کە دژ بە رژیمی پەت وسێداەری ئیسلامی خەباتیان دەکرد. زۆر بەداخەوە تەمەن مەودای نەدا ئاواتی بێتە دی و، بە رزگاری و دیداری ئازیزانی دوورە وڵاتی شاد بێتەوە. ئێمە دڵنیاین کە یادی ئازیزی دایە رەعنا و هەموو دایکانی سەربەرز و خۆراگری کوردستان کە بە بەخشینی جگەرگۆشەکانیان بوونە کۆڵەکەی شۆرش و خەباتی رزگاریخوازی گەلەکەمان،بۆ هەتاهەتایە لە دڵی خەڵکی خەباتکار و ئەویندارانی ئازادیدا بە زیندوویی دەمێنێتەوە. ئێمە بە بۆنەی ماڵئاوایی لە ژیانکردنی دایە رەعنای ئازیز لە لایەن هەموو ریزەکانی کۆمەڵەوە پر بەدڵ سەرەخۆشی لە بنەماڵە وکەس وکاری و،بە تایبەت سەرەخۆشی لە هاورێیان کاک عەلی و کاک کاوە و هەموو خەڵکی خەباتکاری شاری سنەی قارەمان دەکەین و خۆمان بە شەریکی غەمیان دەزانین.
کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
١١ی سەرماوەزی ١٣٩٩ی هەتاوی ١ی دسامبری ٢٠٢٠ی زایینی