بە پێی هەواڵی گەیشتوو لە مهابادەوە،زۆر بەداخەوە رۆژی دووشەممە ٢٥ی مانگی گەلاوێژی ١٤٠٠ی هەتاوی، فاتمە خانمی موحەممەدی ئەقدەم دایکی کادر وتێکۆشەری لە مێژینەی کۆمەڵە هاورێ عومەری خاڵندی لە تەمەنی ٨٥ ساڵیدا دڵی گەورە و پر لە هیوای بە رزگاری و سەرکەوتن لە لێدان کەوت و بۆ هەمیشە ئێمە و ئازیزانی بە جێهێشت.
دایە فاتمە لە زومرەی ئەو دایکانەی کوردستان بوو کە بێجگە لە بوونی جگەرگۆشەکەی لە ریزی هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵەدا،هەموو خەون وئاواتەکانی بۆ دوارۆژێکی روون و ئازاد بە خەباتی رزگاریخوازانەی کۆمەڵەوە گرێ دابوو. بۆ چاوپێکەوتن ودیداری هاورێیانی پێشمەرگەی کۆمەڵە گووند بە گووند وشاخ ودۆڵی کوردستانی دەکرد و هەمیشە بێجگە لە دەستی پر لە دیاری وپێداویستی هاورێیانی پێشمەرگە،ئامێزی پر بوو لە خۆشەویستی و هیوا بە رزگاری و سەرکەوتن.دایە فاتمە هەمیشە ورەبەخشی کۆری هاورێیان بوو.هەموو پێشمەرگەکانی کۆمەڵە لە ناوچەکانی مهاباد وبۆکان وسەقز وسەردەشت و بانە سیمای مێهرەبان وهەستی شۆرشگێرانە و دڵسۆزیی دایە فاتمیان لەبیرە و، هەر ئەو تایبەتمەندییانەش وای کردبوو کە دایە فاتمە بە دایکی پێشمەرگەکانی کۆمەڵە بناسرێ و هەمووان وەک هاورێ عومەری کوری دڵخۆش و شادمان بوون بە بینینی.
دایە فاتمە بەشێکی زۆری تەمەنی وەک کارمەندی نەخۆشخانەی مهاباد بردەسەر و،دوای خانەنشین بوونی و چوونەسەری تەمەنی،لەو ساڵانەی دواییدا تووشی جەڵتەی مێشک( سەکتە) ببوو و بەداخەوە سەرەنجام رۆژی ٢٥ی گەلاوێژ بۆ هەمیشە چاوەکانی لێکنا و ئێمە وئازیزانی بەجیهێشت.
ئێمە دڵنیاین کە هەرچەند دایە فاتمە لە نێوماندا نەماوە،بەڵام ئاوات و ئارەزووە بەرز وئینسانییەکانی هەروا زیندوون و بەڵێن دەدەین هەتا وەدیهاتنی هەموو ئاوات وئارەزووەکانی دایە فاتمە وسەرجەم دایکانی کوردستان لە خەبات و تێکۆشان بەردەوام دەبین.
ئێمە لە لایەن هەموو ریزەکانی کۆمەڵەوە بە بۆنەی ماڵئاوایی لە ژیانکردنی دایە فاتمەی موحەممەدی ئەقدەم پر بەدڵ سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری ئازیزی،بە تایبەت سەرەخۆشی لە هاورێی دێرینمان عومەر خاڵندی و خورشید و وەجیهە خانمی خاڵندی و هەموو خەڵکی مهاباد دەکەین وخۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.
بژی یادی ئازیزی دایە فاتمەی موحەممەدی ئەقدەم
سکرتاریەتی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
٣٠ی گەلاوێژی ١٤٠٠ی هەتاوی
٢١ی ئاگۆستی ٢٠٢١ی زایینی