پاشنیوەرۆی رۆژی 27ی خاكەلێوە، فرۆكە جەنگییەكانی توركیا كەمپی پەنابەرانی مەخموریان لە رۆژئاوای شاری هەولێر بۆردومان كرد كە بەهۆیەوە سێ ژن لە دانیشتوانی ئەم كەمپە گیانیان لەدەستداو ژمارەیەكی دیكەش برینداربوون.
ساڵانێكی زۆرە خاكی باشوری كوردستان لەلایەن فرۆكە جەنگییەكانو تۆپخانەكانی سوپای توركیاو كۆماری ئیسلامی ئێران دەكرێتە ئامانجو بەهۆیەوە زیانێكی زۆری گیانی و مادییان بە خەڵكی ناوچەكە گەیاندوە. بۆردومانی كەمپی مەخمور دوا نمونەی ئەم دەستدرێژییانەیە كە لەلایەن سوپای توركیا دەكرێتەسەر خاكی باشوری كوردستان.
كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان وێڕای دەربڕینی هاودەردی لەگەڵ دانیشتوانی مەخمورو ناوچەكەو هیوای زووچاكبوونەوە بۆ بریندارەكان، بۆردومانی كەمپی پەنابەرانی مەخمور و دەستدرێژی حكومەتی توركیا بۆ سەرخاكی باشوری كوردستان بەهەر بیانوییەك مەحكوم دەكاتو داوا لە حكومەتی هەرێمی كوردستانو حكومەتی عێراق دەكات بە گرتنەبەری رێكارە نێودەوڵەتییەكان هەوڵبدەن بەر بە پێشێلكارییەكانی دەوڵەتی توركیا بگرێت.
سكرتاریەتی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان
28ی خاكەلێوەی 1399 – 16ی ئەپریلی 2020