بە داخەوە ڕۆژی چوارشەممە ٥ی فێوریە عەبدوڵَاخان مورادی كەسایەتی ناسراو و خۆشەویستی شارەكانی سنە و مەریوان و دیواندەرە ماڵئاوایی لە ژیان كرد.
كاك عەبدوڵا ساڵەكانی خوێندنی لە شاری سنە و تاران تەواو كردو لە ساڵەكانی ٥٤ تا ٥٦ بەهۆی چالاكی سیاسی لەلایەن رژیمی پاشایەتییەوە لەزیندانی سنە بەند كرا. جارێكی دیكەش لە ساڵی ٥٩دا بە هۆی پێوەندی لە گەڵ هێزە سیاسیەكانی كوردستاندا لە لایەن رژیمی كۆماری ئیسلامیەوە بۆ ماوەیەك خرایە زیندانەوە. كاك عەبدوڵڵا كەسایەتی خۆڕاگرو موقاومی ناو ژورە تاكە كەسییەكانی زیندانی رژیمی شا و كۆماری ئیسلامی بوو و برای هاورێی گیانبەختكردوو رەئووف مورادی و خاڵوی هاورێیانی گیانبەختكردوو ئێقباڵ و نەبی مورادی بوو.
شایانی باسە تەرمی عەبدوڵا خانی مورادی لە ناو ئاپۆرای جەماوەری شەریفی شارەكانی سنە و مەریوان و دیواندەرەدا لە شاری سنە بەخاك ئەسپەردە كرا.
كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان بە بۆنەی ماڵئاوایی لە ژیانی تێكۆشەری دێرین كاك عەبدوڵا خانی مورادی سەرخۆشی لە بنەماڵە و كەس و كاری و هەروەها سەرەخۆشی لە هاورێیان عوسمان و ئیدریس مورادی دەكات و دڵنیاین ناوی كاك عەبدوڵا لەناودڵی خەڵكدا لەگەڵ رێزو خۆشەویستیدا دەمێنێتەوە.
هەروەها سپاسی هەموو جەماوەری تێكۆشەری شارەكانی سنە و مەریوان و دیواندەرە دەكەین كە بە بەشداری خۆیان رێزیان لە خەبات و كەسایەتی كاك عەبدوڵا گرت.
سكرتاریەتی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان
17 رەشەمەی 1392/ 7مارسی 2014