جەماوەری تێکۆشەری کوردستان!
خەباتکاران و ئازادیخوازان!
ناوەند و کۆروکۆمەڵەکانی پارێزەری مافی مرۆڤ!
بە گوێرەی ئەو هەواڵانەی بەدەست ئێمە گەیشتوون بەرەبەیانی ئەمرۆ سێ شەممە ٧ی جۆزەردان لە سنووری “سێ چۆمان”ی ناوچەی پیرانشار ژمارەیەک کاسبکار و کۆڵبەر لە لەیەن هێزەچەکدارەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دراونەتە بەر دەسترێژی گوڵلە کە بەداخەوە لە ئاکامی ئەم کردەوە جینایەتکارانەیەی هێزەکانی حکوومەتی ئیسلامیدا چوار کەس لەو کاسبکارانە کە خەڵکی ناوچەی سەردەشت و مهاباد بوون گیانیان لەدەست داوە و دوو کەسی تر بریندار بوون
هەروەک دەزانن ژیانی رۆژانەی خەڵکی ئێران بە گشتی و کوردستان بە تایبەتی بە قۆناغێکی زۆر دژوار و ئەستەمدا تێدەپەرێ.لە ئاکامی سیاسەتی چەوتی کاربەدستانی دەوڵەتی و دزی و تاڵان و برۆی سەروەت و سامانی ئەم وڵاتە لە لایەک و،مەیل و سەرکێشی شێتانە و شەرەنگێزانەی دەسەڵاتدارانی ئیسلامی و، داڵدەدان و پاڵپشتیکردن و پرچەککردنی تاقم و گرووپە تیرۆریستیەکان لە ناوچەکە لە لایەکیتروە،ئابووری ئێران بە تەواوی دارماوە و،وەرشکەستەیی و داخرانی ناوەندەکانی کارکردن و چوونەسەری سەرسوورهێنەری ئاستی هەڵئاوسان و رێژەی بێکاری تەنگی بە ژیانی دانیشتوانی وڵات هەڵچنیوە.بەڵام لە کوردستان لە ئاکامی سیاسەتی بە ئەنقەستی هەڵاواردنی ئابووری و فەرهەنگی و،روانینی ئەمنییەتی کاربەدەستانی ئەم رژیمە بەرامبەر کوردستان و خەڵکەکەی،نەبوونی ناوەندی گەورەی پیشەسازی و نەبوونی هەلی کار و بەم پێیەش لەسەروە بوونی ئاماری بێکاری و،بەرێوەبردنی سیاسەتی سیستماتیکی ئاسمیلاسیۆنی گەلی کورد لەلایەن رژیمی ئیسلامییەوە،باری گرانی ئەم دۆخە نالەبارە لەسەر شانی زۆربەی خەڵکی کوردستان و بە تایبەت چینی هەژار و کەمداهات و زەحمەتکێش بە چەند قات زیادیکردووە.بە داخەوە لە ئاکامی ئەو بارودۆخە نالەبارەی کە لەسەرەوە باسکرا،لە کوردستان رۆژانە بە دەیان هەزار کەس بۆ دابینکردنی پێداویستیە سەرەتاییەکانی ژیان و ئیدارەکردنی ژیانێکی مەمرەومەژی، لە ناوچە سنوورییەکان خەریکی پیشەی تاقەت پروکێنی کرێکۆڵی و کۆڵبەرین کە زۆر بەداخەوە دەسەڵاتدارانی حکوومەتی ئیسلامی ئەم رەنج و ئازارەشیان پێ رەوا نابینن و،شەوانە رۆژی لە رێگای تاقمەچەکدارەکان و هێزە سەرکوتگەرەکانیانەوە لە شیو و دۆڵ وهەڵدێرەکان راستەوخۆ و بە شێوەکی هەرەمەکی و رەشکووژیانە تەقەیان لێدەکەن وگیانیان لێدەستێنن و ماڵ و سامانی هەژارانەیان بەتاڵان دەبەن.
ئێمە وێرای دەربرینی غەم و پەژارەی قووڵی خۆمان لەگەڵ کەس و کار و بنەماڵەی قوربانیانی کارەساتە دڵتەزێنەکەی سنووری” سێ چۆمان”ی پیرانشار و هەموو ئەو بنەماڵانەی کە کاسبکار و ئازیزانیان لەو رێگایەدا لەدست داوە،پربەدڵ سەرەخۆشیان لێدەکەین و خۆمان بە شەریکی خەم وپەژارەیان دەزانین.هەروەها لەگەڵ ئەوەیکە بە تووندی جینایەتی رۆژانەی تەقەکردن و کوشتنی خەڵکی کاسبکار لە سەر سنوورەکان مەحکووم وریسوا دەکەین،داواکارین لە کۆر وکۆمەڵ و ناوەندەکانی پارێزەری مافەکانی مرۆڤ لە هەموو جیهان،لە رێگای گوشار خستنەسەر تاقم و مافیاکانی دەسەڵاتدار لە ئێران،پێش بە سیاسەتی سرینەوە و رەشەکووژی ئەم رژیمە لەحاندی کەمایەتیە نەتەوەی و… بگرن.
سکرتاریەتی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
٧ی جۆزەردانی ١٣٩٨ی هەتاوی
٢٨ی مەی ٢٠١٩ی زایینی