خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان!
هاورێیان و دڵسۆزانی کۆمەڵە!
بەداخەوە رادەگەیەنین کە ئێواری ئەمرۆ جومعە ٢٣ی مانگی جۆزەردان،دایە ئامینەی دایکی هاورێی گیانبەختکردوو عەتا رۆستەمی( عەتای حاجی ئەمین بەگ)، بە هۆی چوونەسەری تەمەن و نەخۆشی دڵی گەورە و مێهرەبانی بۆ هەمیشە لە لێدان کەوت.
هاورێ عەتا رۆستەمی کە لە کاتی خوێندن لە زانکۆی تاران،بیروباوەر و رێبازی سوسیالیستی کردبووە هەوێنی هەڵسووران و خەباتی سیاسی خۆی،وەک یەکێک لە رێکخەرانی کۆچی مێژووی مەریوان دەور و کاریگەری بەرچاوی گێراو،پاش فەرمانی جیهادی کۆنەپەرەستانەی خومەینی بۆسەر خەڵکی کوردستان،وەک کاراکتەرێکی سیاسی و نیزامی بوو بە سیمایەکی ناسراو و خوشەویستی بەشمەینەتانی کوردستان.بەداخەوە ئەو سیما خۆشەویستەی خەڵکی کوردستان،ساڵی ١٣٦١ی هەتاوی و لە تۆسوورانی مەریوان هاورێ لەگەڵ چوار پێشمەرگەی فیداکاری کۆمەڵە گیانی ئازیزی لە پێناو ئامانجە بەرزەکانیدا بەختکرد.هەربۆیە دایە ئامین کە وەها خەباتکار و رێبەرێکی لێهاتووی لە داوێنی خۆیدا پەروەردە کردبوو،هەتا دوا ساتەکانی تەمەنی جێگای رێز و خۆشەویستی هەمووان بوو.
ئێمە بە بۆنەی مەرگی دایە ئامینە لە لایەن هەموو ریزەکانی کۆمەڵەوە پربەدڵ سەرەخۆشی لە بنەماڵەی سەربەرزی رۆستەمی و، لە هەموو خەڵکی مەریوانی قەڵای خۆراگری کۆمەڵە دەکەین و،خۆمان بە شەریکی خەم و پەژارەیان دەزانین.
بژی یادی ئازیزی دایە ئامینە
سکرتاریەتی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
٢٣ی جۆزەردانی ١٣٩٩ی هەتاوی
١٢ی ژووئەنی ٢٠٢٠ی زایینی.