پلینۆمی هەشتەمی كومیتەی ناوەندیی كۆمەڵە، لە رۆژانی 5، 6 و 7ی ژانویەی 2017، بەرامبەر بە 15، 16 و 17ی بەفرانباری 1396 بەڕێوەچوو. لەماوەی سێ رۆژ كاری چڕوپڕ چەندین ئاجێندا لە پلینۆمدا قسەوباسی لەسەركرا، لەوانە:
1. راپۆرتی سیاسیو پێداچونەوە بە ئۆرگانە تەشكیلاتییەكان لەنێوان دوو پلینۆمدا
2. قەرارو بڕیارنامەكانو كۆنگرەی داهاتووی كۆمەڵە
3. هەڵبژاردنی سكرتێرو دەستەی كارگێڕیی.
پلنیۆم بە خولەكێك بێدەنگی بۆ یادی گیانبەختكردوانی كۆمەڵەو ناڕەزاییەكانی ئەم دواییە كارەكانی خۆی دەست پێكرد.
راپۆرتی سیاسی كە لەلایەنی هاوڕێ عومەر ئێلخانیزادەوە پێشكەش كرا، پێشهاتو رووداوەكانی شەش مانگی رابردووی ئێرانو كوردستانو، گۆڕانكارییەكانی ناوچەكەو رووداو و ناڕەزاییە جەماوەرییەكانی ئەم دواییەی ئێرانو كوردستانو، ئەركەكانی ئێمەی لە دەورەی داهاتوو، لەخۆدەگرت.
راپۆرتەكە، بۆچوونەكانی پلینۆمی پێشووی پشتڕاستكردەوەو جارێكی دیكە جەختی لەسەر ئەو كردەوە كە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دیسان هەڵگری روداوو كێشمەكێشە لەبن نەهاتووە مەزهەبیو كۆمەڵایەتیو نەتەوەییەكانە، كە رەوتە فاشیستو كۆنەپارێزەكان بە پشتیوانی حكومەت دیكتاتۆرو تۆتالیتەرەكانی ناوچەكە تێیدا دەوڕ دەگێڕن. لەهەمانكاتدا زلهێزە جیهانیەكانیش بە سازدانی شەڕی نیابەتی، بەدوای بەدەستهێنانی هێزو بەرژەوەندی خۆیانەوەن. بزوتنەوەی كوردستان كە لە چەقی ئەم گۆڕانكارییانەدایە، تەنیا بزوتنەوەی بەهێزو سیكۆلارو جەماوەرییە كە سەرەڕای گرفتە ناوخۆییەكانو دەستێوەردانی هەندێ لە دەوڵەتانی ناوچەكە، خاوەنی زەرفەیەتگەلی دیموكراتیكە كە بۆ دەكرێت پشتیوانی لە خەباتو خواستەكانی باقی گەلانی ناوچەكە بەكاربهێنرێت.
لەبەشێكی دیكەی راپۆرتەكە، رۆڵی وێرانكار، دژە مرۆییو پاوانخوازانەی كۆماری ئیسلامی لە ناوچەكە هەڵسەنگێنراو تێیدا هاتووە كە سیاسەتی زیادەخوازانە لە دەرەوەی سنورەكان بە مەبەستی سەركوتو كۆنترۆڵی ناڕەزاییەكان لەناوخۆ، بووەتە ستراتیژی نەگۆڕی ئەم رژیمە. مایەپوچبوونی كۆی پیشەسازییو ئابوریی ئێران، پەرەسەندنی رانتخۆریو گەندەڵی لە تەواوی دامەزراوە بانكیو حكومییەكان، بەتاڵانبردنو راووڕوت لە دامەزراوەو رێكخراوە مەزهەبییەكانی ژێر دەسەڵاتی مەلاكان، دەركەوتنی مافیای سیاسی، داراییو سەربازیی سوپای پاسداران، باجو ماڵیاتی زۆری حكومەتو، هەموو ئەمانە وەك ئۆختاپوسێك بەسەر شانی توێژی ستەملێكراوو كرێكارانو زەحمەتكێشانی ئێران قورسایی دەكات. شیرازەی ئەمنیەتی كارو ژیانی خەڵك بە تەواوی تێكچووە، بەجۆرێك كە: بووەتە هۆی نەمانی ئەمنیەتی پیشەیی، بێكاریو زۆربوونی هەڵاوسانی بێوێنە لە هەموو پێداویستییەكانی ژیان لە خۆراكو پۆشاكەوە هەتا شوێنی نیشتەجێبوونو …هتد. چەوساندنەوەی ئاشكراو بەتاڵانبردنی ژیانی خەڵك، ماوەیەكە ناڕەزایی خەڵكی بە ماڵخوراوبوون، ناڕەزایی كرێكاریی، ناڕەزایی بۆ نەدانی حەقدەستەكانو بێكارییو هەژاریی بەدوای خۆیدا هێناوە.
لەراپۆرتە سیاسیەكەدا سەرەڕای باسكردنی ئەو حەقكوژییانەی لەسەرەوە ئاماژەیان پێكرا، جەخت لەسەر ئەوە كراوەتەوە كە رژیم لەكوردستان سیاسەتی میلیتاریستی، ئێعدامی سیاسیو كوشتاری كۆڵبەرانی زیاتر لە جاران پەرەپێداوەو لە بەشەكانی دیكەی كوردستانیش لەوانە لە عێراقو سوریا لەهەوڵە دوژمنكارانەو پیلانگێڕییەكانی دژ بە بزوتنەوەی خەڵكی كوردستان درێغی نەكردوە. بەڵام لەماوەی چەند مانگی رابردوو، رۆژهەڵاتی كوردستان چ بۆ كوشتاری كۆڵبەران، پشتیوانی لە ریفراندۆمی باشوری كوردستانو چ بۆ گەیاندنی یارمەتی بە لێقەوماوانی بوومەلەرزەكەی كرماشان، شاهیدی خەباتێكی مەدەنیو نمایشێكی جەماوەریی بەهێز بوو كە ئەمەش موژدەبەخشی گۆڕانكاری لە فەرهەنگی سیاسیو داهێنانو ئەزمونكردنی شێوازە نوێكان لەم بزوتنەوەیە.
راپۆرتەكەی دەستەی كارگێڕیی، ناڕەزاییەكانی ئەم دواییەی گەلانی ئێرانو كوردستانی بە رووداوێكی زۆر گرنگ لە گۆڕەپانی سیاسی ئێران هەڵسەنگاندو ئەوەشی بە كۆتایی سێحری ریفۆرمخوازانی سەر بە حكومەتو سەرەتای گشتگیربوونی دژایەتی لەگەڵ كۆی سیستمی دیكتاتۆری مەزهەبی دانا، كە روخانی بنەما سیاسییەكانی كۆماری ئیسلامی كردوەتە ئامانج. پلینۆم لەسەر ئەو باوەڕەیە كە ئەم پرۆسەیە ئەگەرچی رەنگە بە شێوەی كاتیی دابمركێتەوە، بەڵام كۆماری ئیسلامی نە دەیەوێتو نە دەتوانێت ملكەچی خواستەكانی خەڵك بێت، هەروەها ناڕەزاییو داخوازییەكانی خەڵكیش چیدی قابیلی پاشەكەشەو دەستبەسەردا گرتن نیە. هەر بۆیە ئێمە خولێكی نوێ لە ژیانی سیاسی لە ئێران لەبەردەماندایە كە كۆمەڵە دەبێت خۆی بۆ ئامادە بكات. پلینۆم لەمبارەیەوە پەیامێكی تایبەتی روو بە خەڵكی ناڕازی پەسەند كرد. لە پلینۆمدا مشتومڕێكی گەرم لەسەر ناوەرۆكی راپۆرتەكە هاتەئاراو پاش وردكردنەوەی بەشە جیاجیاكانی، راپۆرتەكە پەسەندكراو بە ئاراستەی راپۆرتەكەش، ئەو ئەركانە دیاریكران كە بۆ كاری داهاتوومان قسەوباسی لەسەركرابوو، وەك ئاجێندای كاری كۆمەڵەو ئۆرگانە حیزبیەكانو چەندین بڕیارنامەی پەیوەندیدار لەمبارەیەوە پەسەندكران.
لەبەشی راپۆرتی تەشكیلاتی، قسەوباس لەسەر كاركردو پێشكەوتنو كەموكوڕییەكانمان لە ئۆرگانە ناوەندییەكان كراو، پلینۆم بە سەرەنجدان بە بارودۆخی سیاسی ئێستا ئەولەویتەكانی دەستنیشانكردو جەختی لەسەر كاری پێشمەرگانەو بردنەسەرەوەی چۆنایەتییو تواناكان، بەهێزكردنی هەڵسوڕاوانو كاری تەشكیلاتی لەناوخۆ، چالاككردنەوەو گۆڕانكاری لەبەشی راگەیاندنو دەرەوی وڵات، بەتایبەت لە بواری ژنانو لاوان كردەوە.
سیاسەتی ئێستای كۆمەڵە لەبارەی هاوكاری حیزبە كوردستانییەكانو هەوڵدان بۆ بەدامەزراوكردنی ئەم هاوكارییانەو هاوئاهەنگی حیزبەكانی كوردستانو چالاكبوونەوەیان بۆ دیالۆگو هاوكاری زیاتر، بە مەبەستی ئیئتیلاف لەگەڵ ئۆپۆزسیۆنی دیموكراتو پێشڕەو لە بزوتنەوەی سەراسەری، جەختی دووبارەی لەسەر كرایەوە. هەروەها پێویستیی هاوكاری نێوان لایەنەكانی كۆمەڵەو كار بۆ پرۆسەیەك كە ببێتە هۆی لێكنزیك بوونەوەو یەكگرتوویی ئەم لایەنانە، بە یەكێك دیكە لە گرنگترین ئەركەكانی ئێمە لە دەورەی داهاتوو دانرا.
پلینۆم هەروەها دەستەی كارگێڕیی راسپارد تا كاتو پرۆسەی بەڕێوەچوونو كۆنگرەی چواردەی كۆمەڵە لەم ساڵدا دیاری بكات.
بەشی كۆتایی ئاجێندای كۆنگرە هەڵبژاردن بوو كە تێیدا هاوڕێ عومەر ئێلخانیزادە جارێكی دیكە بە تێكڕای دەنگ وەك سكرتێری گشتیی كۆمەڵە هەڵبژێردرایەوە. دەستەی كارگێڕیی كۆمەڵە پێكهاتوو لە حەوت كەس هەڵبژێردران كە هاوڕێیان: ئەسعەد درودی، عوسمان خەلیلی، عەتا ناسرسەقزی، خەلیل دەشتی، كەریم كەریمی، رەزا كەعبیو عومەر ئێلخانیزادە تێیدا ئەندامن.
پلینۆم پاش سێ رۆژ كاری چڕوپڕو بڕیارو پەسەندكراوی دیاریكراو بۆ چالاكیی داهاتوو، بەسرودی فەرمی كۆمەڵە كۆتایی بەكاری خۆی هێنا.
كومیتەی ناوەندیی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان
9ی ژانویەی 2018 – 19ی بەفرانباری 1396