بەرزو بەڕێز بێت چلو هەشتەمین ساڵیادی دامەزراندنو سیو نۆیەمین ساڵی خەباتی ئاشكرای كۆمەڵە.
26ی رێبەندان ساڵیادی گیانبەختكردنی هاوڕێ حەمەحسەینی كەریمی، یەكێك لە دامەزرێنەرانی كۆمەڵەیە كە لە كاتی هێرشی خەڵك بۆ سەر شارەبانی سەقز لەساڵی 1357ی هەتاویی، بە تەقەی بەكرێگراوانی رژیمی پاشایەتی بریندارو پاش چوار رۆژ ململانێ لەگەڵ مەرگ، گیانی ئازیزی بەختكرد.
لەو كاتەوە هەتا ئێستا هەموو رێبوارانی رێبازی كۆمەڵە، لایەنگرانی ئازادیو بزوتنەوەی رزگاریی نەتەوەیی كوردستان، داكۆكیكارانی یەكسانیو بەرابەری كۆمەڵایەتی، بنەماڵەی گیانبەختكردوانو پێشمەرگەكانی كۆمەڵەو هەموو خەڵكی ستەملێكراوی كوردستان رێز لەم رۆژە دەگرنو هەورازو نشێوەكانی ئەم بزوتنەوەیە هەڵدەسەنگێنن، پێداچوونەوە بە پێشڕەوییەكانو شكستەكانو هەڵەو سەربەزییەكانو بەگشتیی كاركردی ئەم رێكخراوەیە دەكەنەوە. ئێمە هەوڵدەدەین تا لە شكستەكانەوە فێربینو بۆ سەركەوتنی نوێ خۆمان تەیار بكەن. ماندونەناسیو كۆڵنەدان لەبەردەم لەمپەرەكانی سەر رێگا، خەسڵەتی دیاری كۆمەڵەییەكانو بزوتنەوەكەیان بووەو دەبێت.
ئەوەی ئاشكرایە هێڵێكی رۆشنو درەوشاوە لەسەراسەری ژیانی كۆمەڵەدا بەرجەستەیە. لەسەختترین قۆناغەكان، ئەگەر ئەم بۆچوونو ئاراستەیە كەمڕەنگیش بووبێتەوە، بەڵام هەرگیز لەناونەچووە. راستگۆیی لەگەڵ خەڵكو گرنگیدان بە داخوازییەكانیان، بەرگریی لە مافی ستەملێكراوانو عەداڵەتی كۆمەڵایەتی، هەوڵ بۆ ئازادیو نوێخوازی، خەبات بۆ خۆشگوزەرانی گشتییو دەوڵەمەندكردنی سفرەی خەڵكی هەژار، بەرگریی لە مافی یەكسانی ژنو پیاو و، لەئەنجامدا خەبات بۆ رزگاری خەڵكی كوردستان لە ستەمی نەتەوەییو هەڵسوڕان بۆ جێگیركردنی دیموكراسی لەكۆمەڵگاو ژیانی سیاسی خەڵكی ئێران، توخمەكانی پێكهێنەری ئەم هێڵە سیاسییەن.
ئەمساڵ لەكاتێكدا رێز لە 26ی رێبەندان دەگرین كە كۆماری ئیسلامی زیاتر لەهەر كاتێك بەرەوڕووی ناڕەزایی جەماوەرییو رقو توڕەیی خەڵك بووەتەوە. ئەم رژیمە كە لە ئاستی نێودەوڵەتی وەك رژیمی سێدارەو تیرۆر، رژیمی دژە رۆشنگەریو دژە ئازادیی مەدەنیو سیاسی ناسراوە، لە ئێستادا لەگەڵ قەیرانێكی قوڵی ئابورییو سیاسی بەرەوڕووەو بۆ تێپەڕبوون لەم دۆخەو بۆ پاراستنی بنەماكانی دەسەڵاتی خۆی، زیاتر لە هەر كاتێك دەستی داوەتە سەركوتو كوشتاری خەڵك. لەروانگەی خەڵكیشەوە بێجگە لە روخانی ئەم رژیمە هیچ رێگایەك نەماوەو ئەمەش بە ئاشكرا لەخۆپیشاندانە جەماوەرییەكانی مانگی بەفرانباری رابردوو بەئاشكرا شاهیدی بووین كە خەڵك بەخێرایی كۆی سیستمو رابەریی كۆماری ئیسلامییان كردە ئامانجو خوازیاری روخانی ئەم رژیمە بەهەموو باڵە ریفۆرمخوازو ئوسولگەرانیەوە بوون.
كۆماری ئیسلامی بۆ خنكاندنی دەنگی ناڕەزایی خەڵك، زۆرترین سەركوتی روو لە ژنان، كرێكاران، لاوان، هەڵسوڕاوانی مەدەنیو كەمەنەتەوەكانی ئێران كرد، بەتایبەتی لەكوردستان زۆرترین گرتنو كوشتنی خەڵكی ناڕازی لەزیندانەكان روویدا. رژیم ئەگەر توانیویەتی بەسەركوتی دڕندانە، بۆ ماوەیەكی كاتیی شەقامەكانی كۆنترۆڵ بكات، بەڵام رقو توڕەیی گشتیی دژی دامودەزگای كۆماری ئیسلامی زیاتر لەجارانەو سەركردەكانی رژیمیش باش لەوەگەیشتوون، هەربۆیە هەرچی زیاتر میلیتاریزەكردنی شەقامی شارەكانو دروستكردنی كەشی ترسو تۆقاندن، لە ئەولەویەتی كاری دەسەڵاتدارانی رژیمدایە.
كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان لەو بڕوایەدایە كە هەوڵ بۆ پێكهێنانو بەهێزكردنی بەرەیەكی دیموكراسیخوازی لە ئێران دەبێت لە ئەولەویەتی كاری كۆمەڵەو هەموو رێكخراوە چەپو پێشكەوتنخوازەكانی ئێراندا بێت. ئێمە ئیئتلافی بەرینی هەموو هێزە چەپ، دیموكراتو سێكۆلارەكانی ئێران بە گرنگ دەزانینو هەوڵی بۆ دەدەین.
كۆمەڵە جەخت لەسەر هاوكاری حیزبە كوردستانییەكانو هەوڵدان بۆ بەدامەزراوكردنی ئەم هاوكارییانەو هاوئاهەنگی حیزبەكانی كوردستانو چالاكبوونەوەیان بۆ دیالۆگو هاوكاری زیاتر، بە مەبەستی ئیئتیلاف لەگەڵ ئۆپۆزسیۆنی دیموكراتو پێشڕەو لە بزوتنەوەی سەراسەری دەكاتەوەو لەم پێناوەشەدا بەخۆشییەوە لەماوەی رابردوو لەگەڵ ژمارەیەك لەحیزبە كوردستانییەكان “ناوەندی هاوكاری حیزبەكانی كوردستانی ئێران” دامەزرا كە هەوڵ بۆ فراوانتركردنی ئەو هاوكارییانەو دامەزراندنی مەرجەعێكی سیاسی بۆ خەڵكی رۆژهەڵاتی كوردستان دەدات.
كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان جەخت لەسەر سیاسەتی خەبات بۆ رزگاریی نەتەوەییو بەرگریی لە چینی مافخوراوو چەوساوەی كۆمەڵگای كوردستان دەكاتەوە. ئێمە خۆمان بە بەرگریكاری كرێكارانو زەحمەتكێشانو هەموو چینە ستەملێكراوەكانی كۆمەڵگا دەزانین. كۆمەڵە هەوڵو خەباتی نەپساوەی خۆیو هەموو ئەركو بەرپرسایەتیەكانی لەبەرامبەر بزوتنەوەی چەپ لەكوردستانو بزوتنەوەی ئازادیخوازیو دیموكراتیكی خەڵكدا دریژەدەدات وبەوپەڕی تواناو بەرپرسایەتیەوە لە بەرژەوەندی كرێكارانو زەحمەتكێشانو هەموو چینەكانی كۆمەڵگاو ستەملێكراوان پاریزگاری دەكات .
ئیمە بە بەڵێنو بەرپرسیارەیەتی خۆمان لەئاست بنەماڵەی سەربەرزی گیانبەختكردوانی كۆمەڵە وەفادارینو لەم رۆژەشدا بەڵێن تازە دەكەینەوە كە درێژەپێدەری رێبازی پڕ لەشانازی گیانبەختكردوانی كۆمەڵەین.
سڵاو رێزو خۆشەویستی خۆمان پێشكەشی هەموو زیندانیانی سیاسیو چالاكانی كۆمەڵە دەكەین لەهەركوێ كە هەن. خەباتو تێكۆشانی بێ درێغیان هیوابەخشی ریزەكانی كۆمەڵە بووەو هەیە.
بەرزو بەڕێز بێت یادی هاوڕێ حەمە حسەینی كەریمیو هەموو گیانبەختكردوانی كۆمەڵە
بژی سوسیالیزمو دیموكراسی
سەركەوێ بزوتنەوەی نەتەوەیی و دیموكراتیكی خەڵكی كوردستان
بڕوخێ رژیمی كۆنەپەرستی كۆماری ئیسلامی
كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان
24ی رێبەندانی 1396 – 13ی فێوریەی 2018