27 ساڵ لەوەپێشو لەم رۆژەدا جارێكی دیكە برینێكی قوڵ لەلایەن بەكرێگیراوانی كۆماری ئیسلامییەوە لەجەستەی كۆمەڵە درا. كاتژمێری 2ی سەرلەبەیانی رۆژی 13ی خەرمانانی ساڵی 1368 هاوڕێ سدیقی كەمانگەر، ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی كۆمەڵەو ئەندامی حیزبی كۆمۆنیستی ئەوكات، لەكاتێكدا تازە لەكاری ئامادەكردنی بەرنامەی رادیۆ تەواوی ببوو، لەلایەن خائینو خۆفرۆشێكی كۆماری ئیسلامی شەهید كرا.
هاوڕێ سدیقی كەمانگەر خۆشەویستو دڵسۆزی كرێكارانو زەحمەتكێشانی كوردستان، ساڵی 1325 لەئاوایی “ئافڕیان” سەر بەشاری كامیاران چاوی بەژین پشكوت. كاك سدیق كە دەرچووی كۆلێژی یاسای زانكۆ تاران بوو، هەر لەدەورانی خوێندكاریدا بەڕیزەكانی كۆمەڵە پەیوەست بوو. لەساڵەكانی دەیەی 50، لەناكۆكی نێوان جوتیارانی زەحمەتكێشی ئاوایی دارسێرانی مەریوان، لەگەڵ خاوەن زەویو فیودالەكانی ناوچەكە، كە خەریك بوو شكڵی خەباتێكی جەماوەری بەخۆیەوە بگرێت، هاوڕێ سدیق وەك پارێزەرێكی نەترسو خەباتكار، لایەنی جوتیارانی گرتو بەرگری لەمافەكانیان كرد. ئەمەش سەرەتایەك بوو بەلەشكڵگرتنی سیمایەكی جەماوەرییو شۆڕشگێڕ لەنوێ زەحمەتكێشانی ناوچەكەدا.
هاوڕێ سدیق زیاتر لە دوو دەیە، خەبات لە رێگەی رزگاری چینی كرێكارو زەحمەتكێشی وەك ئامانجی سەرەكی ژیانی خۆی دانا، دەسپێكردنی خەبات لە رێكخراوی نهێنی كۆمەڵە هەر لە یەكەم رۆژەكانی دامەزراندنی، دەركەوتن وەك رابەرێكی جەماوەری لە ماوەی شۆڕشی گەلانی ئێران دژ بە رژیمی پاشایەتی، دەركەوتنی وەك رابەرو وتەبێژی بەرەی رادیكاڵو شۆڕشگێڕی بزوتنەوەی كوردستان دژ بە رژیمی ئیسلامی، پاشان درەوشانەوەی وەك زمانی ئاگرینی خەڵكی راپەڕیوی كوردستان لە جەریانی نەورۆزی خوێناوی شاری سنەو خۆڕاگری خەڵكی كوردستان، بەشێك لە كارنامەی سیاسی پڕبەرهەمی هاوڕێ سدیقی كەمانگەر پێكدەهێنن.
لەم رۆژەدا رێز دەگرین لەیادو بیرەوەریی هاوڕێی سەركردەو خەباتكاری نێو ریزەكانی كۆمەڵەو بزوتنەوەی شۆڕشگێڕانەی كوردستانو پەیمان تازە دەكەینەوە بە درێژەدان بە رێبازەكەی هاوڕێ سدیقو هەموو گیانبەختكردوانی كۆمەڵە، ناوو یادیان بەرز رادەگرین.
ناوەندی راگەیاندنی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان
13ی خەرمانانی 1395ی هەتاویی