هەشتی مارس وەك سەمبۆلی خەباتی ژنان بۆ نەمانی جیاوازی و چەساندنەوە، رۆژێكی مەزن و پیرۆزە و لە سەرتاسەری جیهان بە شێوازی جۆراجۆر وەك متینگ، كۆبوونەوە، سمینار و رێورەسم، رێز لەم رۆژە دەگیردرێت و جەخت لە سەر یەكسانی و دادپەروەری كۆمەڵایەتی دەكرێتەوە.
لە جیهانی ئەمرۆدا بزوتنەوەی ژنان یەكێك لەو بزوتنەوە بە هێزانەیە كە لە ئاستێكی بەریندا بۆ بە دیهێنانی خواست و داواكاریەكانیان دێنە مەیدان و نمونەی هەرە بەرچای ئەمە، خۆپیشاندانی ملیۆنی ژنانی ئامریكا و چەندین وڵاتی دیكە لە دژی هاتنە سەركاری ترامپ و هەڵۆێستەكانی لە سەر ژنان بوو، كە نیشانیدا هەڵوێست و وتاردانی سەرۆكانی وڵاتانی جیهان چیتر ناتوانێ دژە ژن بێت و ئەم توێژە سەرەكیەی كۆمەڵگای مرۆڤایەتی لە بەرچاو نەگیردرێت.
لە ئێران نزیك بە چوار دەیەیە كە یاسا، ئایین وكلتوری پیاوسالاری، هەڵاواردنی رەگەزی بردووەتە ئاستێكی بەرین و كەلێنێكی گەورەی لە نێوان ژن و پیاو پێكهێناوە كە ئەمەش لە سەردەمی ئێستا و لەكاتێكدا ژن لە جیهاندا بەرەو ئاقارێكیتر هەنگاو دەنێت، زۆر قورسە و بووە بە كۆسپی سەرەكی لەبەردەم ژناندا. بەڵام بە خۆشحاڵیەوە ئەوەی رژیمی كۆماری ئیسلامی دەیهەوێ بیسەپێنێ بە سەر كۆمەڵگە و بە تایبەت ژناندا، لە لایەن ژنان و پیاوانی ئازادیخوازەوە بەرەنگاری بوونەتەوە و ئاستی رۆشنبیری و كلتوری خەڵك گەشەی بەرچاوی كردووە.
لە كوردستان، ژنان خاوەن مێژووی تایبەت بە خۆیانن و سەرەرای هەموو ئەو گیروگرفتانەی وەك باقی ژنانی ئێران هەیانە، بەڵام لە هەندێ بواردا خاوەن جیاوازی خۆیان و رەنگە بتوانین بە دڵنیاییەوە بڵێین چەند هەنگاو لە پێشەوەن. ژنی كورد مێژووی بەشداری لە كاری سیاسی و مەدەنی و تەنانەت پێشمەرگانەی هەیە و هەر ئەمەش رەنگ و بۆنی جیاوازی بە بزوتنەوەكەیان بەخشیوە.
كۆمەڵە وەك هەمیشە بە ئەركی سەرشانی خۆی دەزانێ كە لە پێناو دەستەبەر كردنی مافی ژنان و نەمانی هەرچەشنە هەڵاواردنێكی رەگەزی، خەباتی خۆی چڕتر بكاتەوەو لە پێناو هاتنە مەیدانی زیاتری ژنان بۆ نێو خەباتی سیاسی و مەدەنی و بارهێنانیان، هەموو هەوڵی خۆی وەگەڕ بخات. بێگومان مێژووی پڕ لە شانازی كۆمەڵە بەشێكی بەرهەمی رەنج و ماندوو بوونی هەزاران ژنە كە لە ریزی پێشمەرگایەتی و لە بەشی رێكخستنی نهێنی خەباتیان كرد و لەم پێناوشدا بە سەدان كەس گیانیان لە دەستدا.
پیرۆز بێ ٨ی مارس رۆژی جیهانیی ژن
سەرکەوێ خەباتی یەکسانیخوازی
مەرگ و نەمان بۆ کۆماری ئیسلامی
کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
١٨ی رەشەممەی ١٣٩٥ی هەتاویی
٨ی مارسی ٢٠١٧ی زایینی