رۆژی یەكەشممە 6ی پوشپەڕ تۆپخانەكانی رژیمی ئێران ناوچە سنورییەكانی رۆژهەڵاتو باشوری كوردستان، لەوانە ناوچەكانی ئالانەی حاجی ئۆمەران، بەربەزین، كونەڕێ، كەتینە، دۆڵی ئالانو كوێستانەكانی دەڤەری سیدەكانن بەخەستی تۆپباران كرد كە بەهۆیەوە ژمارەیەك هاوڵاتی برینداربوونو زیانێكی زۆری مادیش بەر ناوچەكە كەوت.
دوژمنایەتی كۆماری ئیسلامی لەگەڵ خەڵكی كورد لەمێژینەیەو لەئێستاشدا نەك تەنیا بە تۆپبارانی ناوچەسنورییەكانی رۆژهەڵاتو باشوری كوردستان، بەڵكو زووتریش بە دروستكردنی هێزەكانی میلیشیای شیعە بەناوی حەشدی شەعبی بۆ نانەوەی ئاژاوەو بشێوی لە ناوچە كوردستانییەكان، دوژمنایەتی خۆی لەگەڵ كوردی باشوریش سەلماندوە.
ئێمە سیاسەتی دوژمنكارانەی كۆماری ئیسلامی بە توندی مەحكوم دەكەینو داوا لە حكومەتی ناوەندیی عێراقو حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەین، دەستدرێژییەكانی رژیمی ئێران بۆ سەر خاكی هەرێمو عێراق بگەیەننە ناوەندە نێودەوڵەتییەكانو راشكاوانە داوای كۆتایی هێنان بەو هێرشو دەستدرێژییانە بكەن.
كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان
7ی پوشپەڕی 1395 – 27/6/2016