سی ساڵ پێش ئێستا، ڕێکەوتی (١٣یژوئیهی١٩٨٩) دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات یەکیك لە دیارترین رێبەرانی بزووتنەوەی کورد له كاتێكدا بۆ دۆزینهوهی رێگای چارهسهری ئاشتیخوازانهی مهسهلهی كورد له ئێراندا لهگهڵ چهند نوێنهری حكوومهتی كۆماری ئیسلامی له وییهن له سهر مێزی وتووێژ دانیشتبوو، لهگهڵ عبدالله قادری ئازهر ئهندامی كۆمیتهی ناوهندیو نوێنهری حیزب له ئورووپا به دهستی به ناو نوێنهرانی دهوڵهت بۆ وتووێژی ئاشتی، تێرۆر كران.
دوکتور قاسملوو لە سەر ئەساسی باوەڕمەندبوون بە چارەسەری ئاشتیانەی پرسی کورد، وتوێژی لە گەڵ دەوڵەتی ناوەندی بە شێوازێک لە شێوازە ڕەواکانی خەباتی کورد و وەک پڕنسیپێکی دیموکراتیک سەیر دەکرد. عەبدولڕەحمان قاسملوو وەک کەسێکی بەرپرسیار بەرانبەر بە چارەنووسی میللەتەکەی، هەمیشە وەک رێبەرێکی پڕاگماتیک، لە چوارچێوەی پێکەوە سازان و دیالۆگ هەنگاوی دەنا، بەڵام بەداخەوە لە سەر مێزی وتوێژ وڵامی پەیڤە ئینسانیەکانی بە گوللە درانەوە..
ڕاستە کە نەیارانی بزووتنەوەی مافخوازانەی خەڵکی کوردستان توانییان ئەم رێبەرە و ڕێبەرانێ دیکەی بزووتنەوەی کورد بە جەستە لەنێو بەرن و حەزفیان بکەن، بەڵام ئێستاش پاش سی ساڵ بە سەر تێرۆری ڤییەن دا، بزووتنەوەی کوردستان لە سەر تێکۆشان بە مەبەستی مافە ڕەواکانی خۆی هەروا بەردەوام و لەسەر پێیە. ئێستاش سەرەڕای ئەوەیکە دەسەڵاتی سیاسیی لە تاران هەمیشە هەوڵی داوە پرسی کورد لە ڕوانگەی ئەمنیەتییەوە بخوێنێتەوە و بۆ حاشالێکردن و سڕینەوەی بەردەوام رێگای توندوتێژ و ئەمنیەتی دەگرێتە بەر، بەڵام حیزب و لایەنە سیاسییەکانی کورد و کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان وێڕای بەرەنگارییەکی ڕەوای فرەچەشن، دیسانیش پێیان وایە لە کۆتاییدا هەموو کێشەکان لە سەر مێزی وتوێژ چارەسەر دەکرێن.
بزووتنەوەی مافخوازانەی خەڵکی کوردستانی ئێران پاش سی ساڵ تێپەڕین بە سەر تێرۆری شەهید دوکتور قاسملوودا، قۆناغی جۆراوجۆری بڕیوە. ئەوەی لە هەموو گرینگترە ئەوەیە کە بە پێچەوانەی هەوڵی سیستەمی سیاسی لە تاران کە هەمیشە هەوڵی دەدا لە رێگای سەرکوت و داپڵۆسینەوە بزووتنەوەی خەڵکی کوردستان لاواز و بێدەنگ و جووڵە بکات، ئێستا خەباتێکی بەربەرینی جەماوەی لە شکڵی مەدەنی لە ئارادایە. ئەم خەباتە کە ماهییەتێکی عەداڵەتخوازی و نەتەوەیی هەیە، بە شێوازێکی هێمنانە خەریکە بە تەواوەتی ڕیشە دادەکوتێ و رۆژ لە گەڵ رۆژ بەربەرینتر دەبێتەوە. ماهییەت و ئامانجی ئەم خەباتە جەماوەرییە کە هەمان شوناسخوازی نەتەوەیی و گەڕان بەدوای رێگاچارەی دێموکراتیک یه كسانی خوازانەیە، سەلمێنەری ئەو ڕاستیەیە کە سیاسەت و تێڕوانین و تێکۆشانی حیزبەکان، کاریگەری و شوێنەواری قوڵیان لە سەر ئەم کۆمەڵگەیە داناوە.
بەداخەوە تا ئێستاش ئەو دەسەڵاتەی کە پیلانی تێرۆری دوکتور قاسملووو رێبەرانی دیکەی بزووتنەوەی خەڵکی کوردستانیان داڕشت و بەڕێوەیان برد، هەر بە تێڕوانینی ئەمنیەتییەوە سەیری بزووتنەوەی نەتەوایەتیی خەڵکی کوردستان و داواکاریی حیزبەکان دەکات. بزووتنەوەی مافخوازانەی خەڵکی کوردستان کە باوەڕێکی قووڵی بە چەسپاندنی دێموکراسی لە ئێران و چارەسەری کێشەکان لە رێگای ئاشتیخوازانەوە هەیە، بەداخەوە لە ماوەی چل ساڵی ڕابردوودا بە دەرکردنی فەرمانی جیهاد بۆ سەر خەڵکی کوردستان، تێرۆری رێبەرانی کورد، سەرکوتی ماف و ئازادییەکانی خەڵکی کوردستان، لە پاشکەوتوویدا ڕاگرتنی کوردستان، هێرشی مووشەکی و بوردمانی بنکە و بارەگای حیزبەکان وئیعدام و لەسێدارەدانی رۆڵەكانی سیاسەتی نکۆڵی و حاشاکردن لە پرسی نەتەوەیی کورد لە ئێران وڵام دراوەتەوە.
لە ئێستادا کە کۆمەڵگەی نێونەتەوەی لە سەر پرسی ناوکی و رێکەتنی “بەرجام” لە رووبەرووبوونەوە و گوشارخستنەسەر ئەم رێژیمە دایە، ئێمە وەک حیزب و لایەنەکانی کوردستان وێرای ئەوەی ڕاشکاوانە ڕامانگەیاندوە کە ئەم گوشارانە بۆ سەر رێژیم بە باش دەزانین، هاوکاتیش وتوومانە کە کێشەی ئێمە لە گەڵ دەسەڵاتی سیاسیی لە تاران لە سەر ماف و داخوازییەکانمان بۆ دەیان ساڵ پێش ئەو گرژی و ئاڵۆزیانەی نێوان ئێران و ئامریکا دەگەڕێتەوە. تەوەری سەرەکیی کێشەی ئێمە لە گەڵ تاران داخوازییە نەتەوەیی و ئینسانییەکانی خۆمانە کە لە جاڕنامەی نێونەتەوەیی مافەکانی مڕۆڤدا وەک “سەرەتاییترین مافەکانی مرۆڤ” دانی پێدا نراوە.
لە داهاتووی وڵاتی ئێراندا چاوپۆشیکردن لە داواکارییەکانی بزووتنەوەی کورد و ویستە ئینسانی و نەتەوەییەکانمان – وەک تا ئێستا سەلمێندراوە – نە تەنیا زیان بە پرۆسەی دێموکراسیزاسیۆنی ئەم وڵاتە دەگەیەنێ، بەڵکوو بەتەواوەتی لە قازانجی سەقامگیری و بەرەپێشچوونی ئێراندا نیە. دڕێژەکێشانی ئەقڵییەتی تەواویەتخوازیی دەسەڵاتدارانی تاران، ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ داهاتووی ئەم وڵاتە بەرەو کۆمەڵێک سناریۆی ناڕوون دەبات. بۆیە پێویستە دەسەڵات لە تاران وڵامێکی لۆژیکی بۆ چۆنیەتی هەڵسوکەوت لە گەڵ داخوازەکانی گەلی کورد لە کوردستانی ئێران بداتەوە کە، لە بەرنامە و سیاسەتی لایەنە سیاسییەکانی دیکەدا فورموولە کراون.
یادی شەهید د.قاسملوو و سەرجەم شەهیدانی خەباتی حەق خوازانەی گەڵی کورد بەرزو بەرێز بێ ورێگاو رێبازیان بەردەوام بێت .
ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران
20ی پوشپەڕی 1398 – 11ی جولای 2019