دەقی راگەیەندراوەكە:
ڕاگەیەندراوی كۆڕبەندی چەپی كوردستانی
لەكاتێكدا كۆمەڵگای مرۆڤایەتی رووبەرووی قەیرانێكی تەندروستی گەورەدەبێتەوە، و رۆژانە ھەزاران هاوڵاتی دوچاری پەتای مەترسیداری كۆرۆنا دەبنەوە و گیان لە دەستدەدەن، و مرۆڤایەتی بۆ باراستنی ژیان دەجەنگێت و نەتەوە یەكگرتووەكان داوای كۆتیھێنان بە چاوگەكانی بارگرژی و پیادەكردنی ڕێگای ئاشتی بۆ چارەسەكردنی كێشەكان، دەكات، كەچی ڕژێمی داگیركەری توركیا، دەستی لە دەستدرێژكاری بۆ سەر هەرێمی كوردستان هەڵنەگرتووە، بێ سڵەمینەوە بە فڕۆكە بۆردومانی ناوچە سنووریەكان و كەمپی مەخمور دەكاو هاوڵاتیان شەهید و برینداردەكات ، و بە ھەمان شێوە رژێمی ئیسلامی ئێرانیش وەک ھەمیشە بە ھەموو شێوازێک کار دەکات بۆ شێواندنی سەقامگیری لەو ھەرێمە و رۆژانەش مافەكانی مرۆڤ پێشێل دەكات و هاوڵاتیانی كورد لە سێدارەدەدا .
هاوكات گرژی سیاسی و شەڕی ڕاگەیاندنی راستەوخۆ و ناراستەو لە نێوان لایەنە سیاسییەكانی كوردستان لە زیادبوون دایە، كە ئەگەر پێشی پێ نەگیرێ ، ئاكامی مەترسیداری لێ دەكەوێتەوە و ئەمەش هۆكارێكە بۆ دەستوەردانی زیاتری وڵاتانی داگیركار بۆسەر كوردستان و پێشێلكردنی زیاتری مافەكانی گەلی كوردستان، جگە لە مەترسییەكانی جموجۆڵی داعش، و بەردەوامبوونی ململانێی ئەمریكا و ئێران و بەردەوامبوونی دەستێوەردان ھەرێمایەتی و نێودەوڵەتی لە ڕەوشی سوریا، و داگیركرنی عەفرین و ھەندی شوێنی دیكەی ڕۆژئاوا و تۆپبارانکردنی گرێسپی و سەریکانی و دزی و تاڵانکردن ماڵی خەڵک لە لایەن توركیاوە .
ئێمە وەك پارتە چەپ و كۆمۆنیستەكانی بەشدار لە كۆربەندی چەپی كوردستانی وێڕای مەحكوم كردنی دەستدرێژكاری توركیا و ئاژاوەگیڕی ئێران لە باشووری كوردستان و لە سێدارەدانی هاوڵاتیانی كورد ، پێمانوایە بۆ ڕووبەڕووبونەوەی پیلانگێڕی و سیاسەتی داگیركاری دەوڵەتە داگیركارەكانی كوردستان لە ئێستا و لە داهاتوودا پێویستمان بە هەبوونی ستراتیژێكی هاوبەشی كوردستانی هەیە، بە جۆرێك بڕیاری سیاسی كوردستانی دوور لە دەستێوەردانی بیانی بە سەربخۆیی بپارێزرێت، وناكۆكی لاوەكی حزبی بەسەر بابەتە سەرەكییەكانی بزوتنەوەی رزگاریخوازی كوردستان لە ھەموو پارچەكانی نیشتمانی دابەشكراوماندا، زاڵ نەبێت.
لەم تێڕوانینەوە و لە روانگەی هەستكردن بە بەرپرسیاریی نیشتمانی ، بۆ پاراستنی ڕەوشی هەرێمی كوردستان ، و پاراستنی پەیوەندی تێكۆشەرانە نێوان سەرجەم لایەنەكانی بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی نیشتمانی گەلی كوردستان داوا لە هێزە كوردستانییەكان دەكەین، لە ڕێگەی دیالۆگەوە كێشەكان چارەسەر بكەن و هەموو تواناكان بۆ دەربازكردنی گەلەكەمان لەو دۆخە دژوارەدا تەرخان بكرێت.
پارتە چەپ و كۆمۆنیستەكانی بەشدار لە كۆربەندی چەپی كوردستانی
– حزبی كۆمۆنیستی کوردستانی باكور
– حزبی كۆمۆنیستی کوردستانی رۆژئاوا
– حزبی سۆسیالیستی کورستانی باكور
– کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
– بزووتنەوەی دیموكراتی گەلی كوردستان
– حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان
– حزبی شیوعی كوردستان
18ی نیسانی 2020