رێكخراوی ئاسۆی ژنی كورد لەگەڵ چەندین رێكخراوی ژنانی دیكە لە راگەیەنراوێكی هاوبەشدا داواكارن خەڵكی كوردستان بەرامبەر بە تاوانی خۆكوژی كچێكی لاو لە مەهاباد بێدەنگ نەبن.
دەقی راگەیەنراوەكە:
ڕاگەیاندنی چەند ڕێكخراوەی ژنانی كوردستانی رۆژهەڵات بە بۆنەی مەرگی فەریناز خوسرەوانی
خەڵكی ئازادیخوازی كوردستان
ژنانی ماف ویستی كورد
مێژوویەكی دوور و درێژە كە ژنان هاوشانی پیاوانی كورد هەوڵی دابین بوونی ماف و ئازادییە مرۆییەكان لە كۆمەڵگاكەماندا دەدەن و لەو پێناوە دا گیافدایی و لە خۆبردویی زۆریان نواندوە و بۆ پاراستنی كەرامەتی مرۆیی و وەدیهێنانی ئامانجە سیاسی و كۆمەڵایەتیەكانیان لە هیچ تێكۆشانێك درێغیان نەكردووە و هەروا بەردەوامن لە پاراستنی كەرامەتی نەتەوەیی و ئینسانی خۆیان هەر بۆیە سیاسەتی كۆماری ئیسلامی كە سەرچاوە گرتوو لە نێوەرۆكی كۆنەپەرستانە و دواكەوتانیەت، بەردەوام هەوڵی ئەوەی داوە كە كەرامەتی نەتەوەیی كورد و بەتایبەتی كەرامەتی ژنانی كورد تێك بشكێنێ، لەو پەیوەندییە دا بە داخەوە رۆژی سێ شەممە 14گولانی ساڵی 1394 ی هەتاوی كچێكی لاوی خەڵكی مهاباد بە ناوی فەریناز خوسرەوانی لە پێناو پاراستنی كەرامەتی ئینسانی خۆی و بۆدەرباز بوون لە دەست درێژی دەست و پێوەندەكانی رژیم لە نهۆمی چوارەمی هوتێل تارا دا خۆدەخاتە خوارێ و بەلە دەست دانی گیانی خۆی كەرامەتی خۆی وژنی كورد دەپارێزێ.
كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان ، ئەوە یەكەم جارنیە كە ژنی كورد وكچی كورد هەوڵی دەست درێژی كردن و كەرامەت لكەداركردنی دەدرێ وە هەربێ دەنگیەك لەبەرامبەر ئەو كەرامەت شكێنیانەدا درێژەی ئەو شێوە رەفتار و ئەو كەرامەتشكێنیانەی لێدەكەوێتەوە، بۆیە ئەركی سەرشانی هەمووتاكێكی كورد بەگشتی و ئەركی رێكخراوەكانی داكۆكی كارلە مافی ژنان بە تایبەتیە كە دەنگی نارەزایەتی خۆیان بەرامبەر بەم سیاسەتەی رژیم و مەحكوم كردنی ئەو هەواڵە كەرامەت شكێنانەیە بەرزبكەنەوە ، ئێمە وەك رێكخراوەكانی ژنانی كوردستانی رۆژهەڵات وێڕای مەحكوم كردنی ئەو رەفتارە نامرۆڤانەیەی كە لەلایەن دەست وپێوەندەكانی رژیم و خۆش خزمەتیەكانی ئەوانەی پشتیان لە گەل و نیشتمان وكەرامەتی ژنی كورد كردووە ، ئامادەیی خۆمان دەردەبڕین بۆگەیاندنی راستیەكانی پەیوەندیدار بە سیاسەتی كۆماری ئیسلامی بەرامبەر بە ژن ، بە كۆر و كۆمەڵەنێونەتەوەیەكان وە لەهەمان كاتدا لە كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان داوا دەكەین ، كە دەنگی نارەزایەتی خۆیان بەرامبەر بە جنایەتەكانی رژیم بە تایبەتی جنایەتی لەم شێوەیە دەرببڕن چاو نەترسی رۆڵەكانی نەتەوەی كورد و دژكردەوەنیشان دەبێتە هۆی پاشەكشەكردن بە رژیم و پاراستنی كەرامەتی ژنانی كوردستان .
هاو دەنگ و هاوهەنگاو لەگەڵتان بۆ خۆپیشاندانێكی تێكڕایی و هەڵوێست گرتنێكی كەرامەت پارێزانە.
سڵاو لە گیانی پاكی كەرامەت پارێز، فەریناز خوسرەوانی
سەركەوتوو بێ خەباتی ژنان لە پێناو وەدیهێنانی ماف و ئازادیەكانیان
رێكخراوەكانی ژنانی كوردستانی رۆژهەڵات.
یەكیەتی ژنانی دێموكراتی كوردستانی ئێران
كۆمەڵەی ژنانی رۆژهەڵات
یەكیەتی ژنانی دێموكراتی كوردستان
رێكخراوی ئاسۆی ژنی كورد
رێكخراوی ئافرەتانی خەبات