نیزام زەكەریایی
هەموو ساڵێك لە زۆربەی وڵاتانی جیهان بۆ رێز گرتن لە 8ی مارس رۆژی جیهانی ژن كۆڕو كۆبوونەوەی جۆراو جۆر لە لایەن ژنانو ئینسانە ئازادی خوازو بەرابەری خوازەكانەوە بەڕێوەدەچێتو پێشوازی لەو رۆژە دەكەن. ژنان لەم رۆژەدا خوازیاری نەمانی هەڵاواردنی رەگەزیو ئاپارتایدی جینسیو هەروەها خوازیاری مافی یەكسانی ژنو پیاون. مێژووی 8ی مارس دەگەرَێتەوە بۆ ساڵەكانی سەدەی نوزدەهەمی زاینی كە لەم رۆژەدا واتە 8ی ساڵی 185دا ژنانی كرێكاری كارخانە قوماشی شاری نیویورك لە ئامریكا دەستیان دایە خەباتو چالاكی نواندنو نارَەزایەتی دەربڕین بەو بارودۆخەی كە تێیدا دەژیان. نالەباربوونی بارودۆخی ژیانو كار حەقدەستی كەم، ئەركی بەخێوكردنی منداڵانو سەرەڕای ئەمانەش كۆمەڵگەی پیاوسالاری دۆزەخێكی ترسێنەری بۆ ژنانی كرێكاری نیویورك خوڵقاندبوو. نارَەزایەتی دەربڕینی ژنانی كرێكاری نیویۆرك لە 8ی مارسی ساڵی 1857 بەرانبەر بەو هەموو هەڵاواردنو ژێر چەپۆك بوونە هاوكات بوو لە گەڵ بەكارهێنانی ماشینو كەرەسەی كاری دنیای سەرمایەداری كە ژنانی بۆ بەرهەم هێنانی زیاتر كێشابووپانتایی كارەوە لە دەرەوەی ماڵ. مێژووی خەباتی ئەم ژنە كرێكارانە لە بیرو هزری ژنانی ئازادی خوازدا زیندوو مایەوە. لەقوناخێكی تردا كە خەباتی ژنان بۆ دەستەبەر كردنی مافەسیاسیو كۆمەڵایەتیەكان پەرەی ئەستاندبوو، راست دوای نیوسەدە تێپەربوون بەسەر چالاكی ژنانی كرێكاری نیویورك، ژنانی ئازادی خواز لەساڵی 1907 بەنیشانەی رێزگرتن لەو رۆژە رێپێوانێكی گەورەیان وەرێخست. لەو سەردەمەدا واتە سەرەتاكانی سەدەی بیستەم جوڵانەوەی سوسیالیستی بەهێزتر لە جاران رەوتی بەرەو پێش چوونی دەپێوا. هەر لەم سەروبەرەدا بوو كە ژنان زیاتر خۆیان بە رەوتی سوسیالیستیەوە گرێ داو بوون بە بەشێك لە هێزە چەپەكان. سوسیالیزم یان رەوتی چەپ لەو سەردەمەدا توانی خزمەتێكی زۆر بە خەباتی ژنانی شۆڕشگێر وماف خوازی ئەو سەردەم بكات. لە پاڵ سوسیالیزمیشدا رەوتی فێمنیستی سەری هەڵدا بۆ لێكۆڵینەوە لەسەر كێشەی ژنانو هەروەها بەدی هێنانی ئاواتو ئامانجەكانی ژنان. سەرەڕای هەوڵی رەوتە چەپەكانو هەڵسوڕاوانی ژنانو ئینسانە ئازادی خوازەكان، بەڵام هێشتا كێشەی ژن لە زۆربەی وڵاتانی جیهان چارەسەر نەكراوەو تەنانەت لە هەندێ وڵاتان بە ئاشكرا مافی ژنان پێشێل دەكرێت.
ئەگەر لێكدانەوەیەك لە سەر كێشە كۆمەڵایەتیەكانی كۆمەڵگەی مرۆڤایەتی بكەین، كێشەی ژنان یەكێك لە كێشە مەزنەكانی مێژوو هەروەها هاوچەرخ بووە. بۆ چارەسەركردنی ئەم كێشەیەش تەنیا رێگە چارە پێشخستنو پێگەیاندنی كۆمەڵگایە لە باری فیكریو تاكاتێكیش كۆمەڵگا وەك زەروورەتێكی كۆمەڵایەتی لە بەرابەری ژنو پیاو نەڕوانێت كێشەی ژنو كێشە هاوچەشنەكانیشی چارەسەر نابێت. بۆیە ئەركی هەر ئینسانێكی ئازادی خوازو روناكبیرە كە بۆ چارەسەركردنی كێشەی ژن لەكۆمەڵگادا هەوڵ بدات. ژنو پیاو وەك دوو باڵی پلەوەرێكن لەكۆمەڵگادا .پێشێل كردنی مافی ژن، واتە شكاندی باڵێكەولە راستیدا وەدواخستنی كۆمەڵگەی مرۆڤایەتییە.
بیرۆكەی دیاری كردنی رۆژێك بەناوی رۆژی ژنان یەكەمین جار لە نێوان ژنانی تێكۆشەر لە نیۆیۆرك بۆ بە دەست هێنانی مافی دەنگدان هاتە ئاراوە. ساڵی 1909ژنان لە ئامریكا بە وەرێخستنی خۆپێشاندانێك خوازیاری مافی دەنگدان بوونو بەشدار بووانی ئەو خۆپیشاندانە پێشیناریان كرد كە هەموو ساڵێك دواین یەكشەممەی مانگی فوریە رێز لەو رۆژە واتە 8ی مارس بگرن. ساڵی دواتر واتە ساڵی 1910 “لە دووهەمین كونفرانسی ژنانی تێكۆشەری سوسیالیستدا” “كلارازتكین” باسی رۆژێكی نێونەتەوەیی بۆ ژنان هێنایە گوڕێ.
لەو كاتەدا ژنانی ئوتریشی رۆژی یەكەمی ئاداریان بۆ رۆژی جیهانی ژن پێشنیار كرد، بەڵام بەهۆی ئەوەی كە هەندێ رووداوی مێژووی دەیتوانی پاڵپشت بێت بۆ بەرجەستە بوونو كاریگەر بوونی خەباتی ژنان ئەو رۆژە لە كۆنفرانسدا پەسەند نەكرا. ژنان ئاڵمان رۆژی 19ی مارسیان پێشنیار كرد ئەویش بەو هۆیە بوو كە خەڵكی ئاڵمان لە ساڵی 1848دا لە دژی شای پروس لەو رۆژەدا راپەرینیان كردبوو و لەهەمان ساڵدا شای پروس ناچار بوو كە هەندێك لە خواستو داواكارییەكانیان جێ بەجی بكات كە هەندێ لە داواكارییەكانیان خواستی ژنان بوو. دووهەمین دانیشتنی كونفرانسی ژنانی سوسیالیستدا رۆژی 19ی مارسی ساڵی 1911یان وەك یەكەمین بەرێوەبردنی بۆنەی ژنیان دیاری كردو لە هەمان كاتیشدا رۆژی نێونەتەوەیی ژنیان هێشتەوە بۆ دانیشتەنەكانی داهاتوویان. دوابەدوای بڵاوبوونەوەی بڕیارنامەی كۆنفرانسی ژنانی سوسیالیست “سەبارەت بە پرسی دیاریكردنی رۆژی ژن یەكەمین تەشكیلاتی نێونەتەوەیی پارتە سوسیالیست و جولانەوە كرێكاریەكان بوون كە پشتیوانی خۆیان لەو بڕیار نامەیە دەربڕیو یەكەمین پارتیش بوون كە ئەو رۆژەیان بە فەرمی ناسی.
19ی مارسی ساڵی 1911 شەقامەكانی “ئاڵمان، ئوتریش، سوئیسو دانمارك “گۆڕەپانی بەرینی رێپێوانی بەرینی ژنانی مافخواز بوون. لە ئوتریش زیاتر لە 30هەزار ژن هاتنە سەر شەقامەكانو خوازیاری مافی یەكسان بوون. رۆژی جیهانی ژن كەوتە بەرەی دژایەتی كردن لە گەڵ دابو نەریتە كۆنەكانو پۆلیس هێرشی كردە سەر خۆپیشاندانی ژنانو بەكردەوە سەلمێندرا كە نیزامە كۆنەكان هیچ زمانێكی دیالۆگو ئاخافتنیان نیە جگە لەزمانی هەڕەشە نەبێ بۆ وڵام دانەوە بە خواستو كێشەی ژنان. ساڵی 1914شەڕی جیهانی دووهەم دەستی پێكرد كە بووبە ساڵی كوشتنی مرۆڤەكانو وێران كردنی جیهان. بێ گومان شەڕ كاریگەری خۆی لەسەر بزووتنەوەی ژنان هەبوو، ژنان هەر زوو هەستیان بەم مەترسیەكرد كە شەڕ دەبێتە هۆی لاواز كردنی خەباتەكەیانو كێشەو گرفەكانیان دەخاتە پەراوێزەوە. هەربۆیە لەبەر ئەم هەست بە مەترسی كردنە دەبینین كە ژنان لە رۆژی 8ی مارسی 1915 و1916دا بنەمای دروشم وچالاكیەكانیان دژی شەڕ ومەحكوم كردنی شەڕ خوازان بوو. سیاسەتو ئیستراتیژی ژنانی خەباتكار لەو كاتەهەستیارەدا بووبەهۆی ئەوەیكە خەڵكانێك پشتیوانی لە شەڕێك نەكەن كە ئەویش جگە لە ماڵ وێرانی هێچ ئاكامێكی تری نابێت.
بێ گۆمان بزووتنەوەی ژنانی یەكسانی خوازیش كە هەڵقوڵاوی ناخی نەك گەل بەڵكوناخی گەلان بوو، لە كاتی شەڕدا نەیتوانی یەكیەتی ریزەكانی خۆی بپارێزێتو بووبە هۆی ئەوەیكە تەشكیلاتو رێكخراوەكانی ژنان لەیەك داببڕێن.بەڵام لە راستیدا ئەو لێك دابڕانە هیچكات نەیتوانی لە مەزنیو گەورەیی رۆژی 8ی مارس كەم كاتەوە بۆیە دەبینین هەر ساڵەو بەشێوەیەكی بەرینترو شكۆدارتر ئاهەنگەكانی رۆژی 8ی مارس لەهەموو وڵاتان بەرێوە دەچێت. زۆرێك لە مێژوو نووسان راپەرینی ژنانی پێترۆگراد لە 8ی مارس لە دژی برسیەتیو شەڕو ماڵوێرانی بە یەكەمین هاوارەكانی شۆڕشی سوور دەزانن، كە كرێكاران بە رێكخستنی مانگرتنێك لە خواردن پشتیوانی خۆیان لە راپەڕینی ژنان دەربڕیو بەم جۆرە 8ی مارس لە شورشی ئوكتۆبری 1917دا جێگەو پێگەیەكی بۆ خۆی كردەوە. دوابەدوای ئەم شۆڕشەش ژنان لە زۆربەی وڵاتانی رۆژئاواو ئامریكادا هەڵسووڕانو چالاكی خۆیان زیاتر لە جاران گەشە پێداو بەردەوام هەوڵیان دەدا كە رێكخراوی نێونەتەوەیی ئەم رۆژە واتە رۆژی 8ی مارس بە فەرمی بناسێنێت.بۆیە ساڵی 1975رۆژی 8ی مارسی بە رەسمی وەك رۆژێكی جیهانی بۆ ژنان ناسی. ئەم بە رەسمیەت ناسینە سەركەوتنێكی گەورە بوو بۆ ژنان. هەرچەند هێزە چەپەكان پێیان وابوو ئەم تەرفەندێكی سیاسیەو دەسەڵات داران ئەمجار دەستیان ئاوەڵاتر دەبێت بۆ كەم كردنەوە لە گەورەییو مەزنی 8ی مارسو هەروەها باشتر دەتوانن ئامانجەكانی ئەم رۆژە بەلارێدا بەرن. بەداخەوە ئەو پێبینییەی هیزە چەپەكان لە هەندێ وڵاتان وابووو دیكتاتۆرەكان بۆ ئەو مەبەستە هەوڵی خۆیان دەدا، بەڵام بەهۆی پێشكەوتنی مرۆڤەكانەوە هەروەها هەڵسوورانو چالاكی ژنانو ئینسانە ئازادی خوازەكانەوە ئەم رۆژە هەر بەرز راگیراوەو نەك لە مەزنی قورسایی خۆی نەكەوتووە بەڵكوو زیاتر گەشەی سەندووە لە زۆربەی وڵاتی جیهان تەنانەت وڵاتە جیهان سێهەمەكانیش رێزی تایبەتی لێدگیرێت. لە ئێرانی ژێردەسەڵاتی كۆماری ئیسلامی كە بە هەموو شێوەیەك چ باری یاسایەوە چ لەباری بەنەمایی ئایینەوە دژی مافی ژنانو یەكسانی ژن پیاو بووە بەڵام ئەم رۆژە هەر بەرز راگیراوەو رێكخراوەكانی ژنان ئەم رۆژەیان وەك رۆژی خۆیان بە هەموو كۆمەڵگەی ئێران ناساندووە.