پاش نیوەرۆی رۆژی شەممە 25ی رێبەندانی 1393ی هەتاوی (14/2/2015) بە بۆنەی رۆژی 26ی رێبەندان، رۆژی كۆمەڵە رێوەڕەسمێك لە ناوەندی سەركردایەتی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان بەڕێوەچوو.
مەراسیمەكە كە تێیدا ژمارەیەك لە كەسایەتیو حیزبە كوردستانیەكانی هەر چوار پارچەی كوردستان بەشداربوون، سەرەتا بە سرودی بانگەواز سرودی فەرمی كۆمەڵەو بە چەند ساتێك بێدەنگی بۆ یادی هەموو گیانبەختكردوانی كۆمەڵەو بزوتنەوەی حەقخوازانەی خەڵكی كوردستان دەستی پێكرد.
پاشان كورتەیەك لە ژیاننامەی هاوڕێ حەمە حسەینی كەریمی خوێندرایەوە كە رۆژی 26ی رێبەندانی ساڵی 1357 پاش چوار رۆژ برینداربوون لە جەرەیانی گرتنی شارەبانی شاری سەقز، گیانی بەختكردو ئەو رۆژە بە رۆژی كۆمەڵە ناونرا.
لەبەشێكی دیكەی رێوەڕەسمەكەدا هاوڕێ عومەری ئێلخانیزادە، سكرتێری گشتی كۆمەڵە قسەوباسێكی پێشكەش كرد. هاوڕێ عومەر لەسەرەتای قسەكانیدا بە تیشك خستنەسەر بارودۆخی ئێستای كوردستانو ناوچەكەو هێرشی تیرۆریستانی داعش، باسی لە مەترسی ئەم هێزە تیرۆریستییە بۆ سەر كوردو پێویستی یەكڕیزیو هاوپشتی زیاتر هێزە كوردستانییەكان لە هەر چوار پارچەی كوردستان كرد.
هاوڕێ عومەر ئاماژەی بەوەدا كە لەبارودۆخی ئێستا كە مەترسی داعشو پرۆژی نێودەوڵەتی بۆ لەناوبردنی كورد لەلایەن تیرۆریستانو وڵاتانی داگیركەری كورد هەیە، پێویستە كوردانی هەر چوارپارچەو حیزبە كوردستانیەكان خاوەنی ستراتیژێكی هاوبەش بنو بۆ سەركەتنی خەباتو بزوتنەوەی گەلی كورد پێكەوە هاوكاری زیاتر بكەن.
لەبەشێكی دیكەی قسەكانیدا، سكرتێری گشتی كۆمەڵە بە رەخنەگرتن لەو بۆچوونەی كە لەناو ژمارەیەك لە حیزبەكوردستانییەكان خەریكی شكڵگرتنەوە كۆماری ئیسلامی ئێران بە فریادڕەسو هاوپشتی كورد ناولێدەبەن، وتی: یەكەمین داعش لە كۆماری ئیسلامییەوە سەری هەڵداو هەر رژیمی ئێرانیشە چەندین دەیەیە دەستی لە بزوتنەوەی كوردیی هەیەو بۆ سەركوتو بێدەنگ كردنی بزوتنەوەی رۆژهەڵاتی كوردستان لە هەموو شێوازێكی نامرۆڤانەو تیرۆریستی درێغی نەكردوە. بەوتەی هاوڕێ عومەر دەستوەردانی كۆماری ئیسلامی لە بەشەكانی دیكەی كوردستان تەنها بۆ سنورداركردنو خنكاندنی بزوتنەوەی كوردە لە رۆژهەڵاتی كوردستان.
هاوڕێ عومەر داوای لە هەموو حیزبەك كوردستانییەكانی هەر چوارپارچەی كوردستان كرد بە لەبەرچاوگرتنی پەیوەندی دیپلۆماسیی خۆیان، لەسەر بەرژەوەندی كوردستانی رۆژهەڵات لەگەڵ كۆماری ئیسلامی مامەڵە نەكەنو بەرژوەندی خەڵكی رۆژهەڵاتی كوردستانو بزوتنەوەی رەواكەی بە بەرژەوەندیو بزوتنەوەی خۆیان بزانن.
لە درێژەی رێوەڕسمەكەدا چەندین سرودو گۆرانی لەلایەن گروپی سرودی كۆمەڵەو هونەرمەندانی كۆمەڵە پێشكەش كرا.
رێوەڕەسمی رێزگرتن لە 26ی رێبەندان، رۆژی كۆمەڵە، پاش زیاتر لەدوو كاتژمێر كۆتایی پێهات.
لەو رێوەڕەسمەدا ژمارەیەك لە حیزبە كوردستانیەكانی هەر چوارپارچەی كوردستان پەیامو پیرۆزبایی خۆیان پێشكەش كرد كە ناوی ژمارەیەكیان بەم جۆرەیە:
یەكێتی نیشتمانی كوردستان، مەكتەبی پەیوەندییەكانی كوردستانی
پەرلەمانی كوردستان، نوسینگەی سلێمانی
پارتی دیموكراتی كوردستان، پەیوەندییەكانی لقی 4
كۆما جڤاكێن كوردستان (كەجەكە) كۆمیتەی پەیوەندییەكان
حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران، كۆمسیۆنی پەیوەندییەكان
پارتی ژیانی ئازادی كوردستان
كۆمەڵەی دیموكراتیكو ئازادی رۆژهەڵاتی كوردستان – كۆدار
سازمانی خەباتی كوردستانی ئێران
یاریدەدەرێتی ئاسایشی دارەڕەش
هاوڕێیانی بەشی نهێنی حەوزەی گوردانی شوان لە سنە
هاوڕێیانی بەشی نهێنی حەوزەی هاوڕێ تۆفێق ئەلیاسی ناوچەی ژاوەرۆ
رێكخراوی ئاسۆی ژنی كورد
رێكخراوی لاوانی پێشڕەو
رێكخراوی خوێندكارانی پێشڕەوی كۆمەڵە