ئەمرۆ بە بۆنەی 8ی مارس رۆژی جیهانیی ژن رێوڕەسمێك لە ناوەندی سەركردایەتی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان بەڕێوەچوو.
بە بەشداری ژمارەیەك لە نوێنەری حیزبو لایەنە سیاسییەكانی كوردستانو ئەندامانی پەرلەمانی هەرێمی كوردستانو هەڵسوڕوانی مافەكانی ژنان، هەروەها بە بەشداری پێشمەرگەو ئەندامانو كۆمیتەی ناوەندیی كۆمەڵە، پاش نیوەرۆی ئەمرۆ 19ی رەشەمە رێوڕەسمێكی شكۆدار بە بۆنەی 8ی مارس رۆژی جیهانیی ژن لە ناوەندی سەركردایەتی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان بەڕێوەچوو.
سەرەتای رێوڕەسمەكە بە سرودی بانگەواز، سرودی رەسمی كۆمەڵە دەستی پێكرد، پاشان بە راگرتنی چەند ساتێك بێدەنگی رێز لە هەموو ئەو ژن و پیاوانە گیرا كە لەرێگەی ئازادیو یەكسانیو نەهێشتنی هەرچەشنە چەوساندنەوەیەك گیانیان بەختكردوە.
لەبەشێكی دیكەی بەرنامەكەدا هاوڕێ فەریبا محەمەدی، ئەندامی دەستەی كارگێڕیی كۆمەڵە بەم بۆنەوە چەند وتەیەكی پێشكەش كرد. هاوڕێ فەریبا لە وتەكانیدا بە ئاماژە بە مێژووی خەباتی ژنان لە جیهانو ناوچەكە، تیشكی خستەسەر ناڕەزاییەكانی ئەم دواییانەی ژنان لە ئاستی جیهانو ئێرانو كوردستانو پێداگریی لەسەر پەرەئەستاندنی هەرچی زیاتر خەبات بۆ یەكسانیو نەهێشتنی هەرچەشنە هەڵاواردنێك دژی ژنان كردەوە.
لەبەشێكی دیكە رێوڕەسمەكەدا وتارێك لەلایەن هاوڕێ ژیلا ئەحمەدی سەبارەت بە مێژووی هەشتی مارس پێشكەش بە ئامادەبووان كرا. پاشان هاوڕێ ئاوا، پەیامی رێكخراوی ئاسۆی ژنی كوردی بە بۆنەی هەشتی مارس خوێندەوە.
لە درێژەی بەرنامەدا چەند پارچە شیعرێك لەلایەن شاعیران ناسراوی كورد پێشكەش بەئامادەبوان كرا.
لە كۆتایی رێوڕەسمەكەدا پەلێك لە پێشمەرگەكانی كۆمەڵە بە بۆنەی هەشتی مارس چەكی شانازی كۆمەڵەیان كردە شان و لەلایەن ئامادەبووانەوە بە چەپڵە پێشوازییان لێكرا.
بەشێ دوەمی رێوڕەسمەكە بە گۆرانیو هەڵپەڕكێ كۆتایی پێهات.