وەفدێكی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان سەردانی نوسینگەی پەرلەمانی كورستان لە سلێمانیان كردو لەگەڵ سەرۆكی پەرلەمانو ئەندامانی كۆمسیۆنی پەیوەندییەكانی پەرلەمان كۆبوونەوە.
رۆژی پێنجشەممە 7ی جۆزەردانی 1394ی هەتاوی وەفدێكی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان بە سەرپەرشتی هاوڕێ عومەر ئێلخانیزادە، سكرتێری گشتی كۆمەڵە، لەنوسینگەی پەرلەمانی كوردستان لە سلێمانی لەگەڵ د. یوسف محەمەد سادق، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستانو كۆمسیۆنی پەیوەندییەكانی پەرلەمان كۆبوونەوە.
لەدیدارەكەدا بارودۆخی بەشەكانی كوردستانو شەڕی داعش، هەروەها گرفتەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ بەغدا تاوتوێكراو وەفدی كۆمەڵە پشتیوانی خۆی بۆ هەڵوێستەكانی پەرلەمانو حكومەتی هەرێمی كوردستان بەرامبەر بە حكومەتی ناوەندی عێراق دووپات كردەوە.
هەر لەو كۆبوونەوەیەدا باس لە گرژییەكانی ئەم دواییەی نێوان پارتی كرێكارانی كوردستانو حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران كراو هەر دوو لا جەختیان لەسەر پێوستی دیالۆگو گفتوگۆ لە چارەسەری كێشەی نێوانیان كردەوەو جەخت لەسەر ئەوەش كرایەوە نابێت لە كێشەی نێوان حیزبەكانی هەر چوارپارچەی كوردستان چیتر دەست بۆ چەك ببرێتو شەڕی خۆكوژی بۆ هەمیشە دەبێت كۆتایی پێبێت.
لە تەوەرێكی دیكەی دیدارەكەدا باس لە بارودۆخی رۆژهەڵاتی كوردستانو بەتایبەتی خۆپیشاندانو ناڕەزایی ئەم دواییەی شارەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان كراو وەفدی كۆمەڵە داواكاربوون پەرلەمانو حكومەتی هەرێمی كوردستان زیاتر بایەخ بە رووداوەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان بدەنو پشتیوانی تەواوی بزوتنەوەی كورد لەو بەشەی كوردستان بكەن.