ڕاگەیاندنی ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران بە بۆنەی
هەڵبژاردنی شارەکانی سنە و سلێمانی وەک دوو شاری داهێنەرلە بواری موسیقا و ئەدەبیات لە لایەن یونێسکۆوە
ڕێکخراوی فێرکاری، زانستی و کولتووری نەتەوە یه کگرتووەکان ناسراو بە یونیسکۆ (UNESCO)
دوو شاری کوردستانی ئیران و باشووری لە ڕیزی ٦٦ جیهان وەک “شارە داهێنەرەکان” هەڵبژارد.
یونێسکۆ شاری سنەی شۆڕشگێڕی کوردستانی ئیران وەک شاری داهێنەر لە بواری موسیقی دا هەڵبژاردووە. سنەی سەربەرزی بەرەنگاری ئێمەی کوردان، شاری داهێنانی هۆنەری موسیقا کە ئاوێتەی خەبات و مافخوازی گەلەکەیەتی وهونەرمەندانێکی زۆری لە دڵی خۆی دا پەروەردە کردەوە کە هەزاران ئۆگری هونەری لێکەوتوووە و سیمایەکی بەرزی بە جێگە و پێگەی موسیقا و هەڵپەڕکێ و شانۆش بەخشیەوە کە لە ژیانی دروونی مرۆڤ دا، پێوەندیەکی قووڵی بۆ مانا بەخشین بە ژیانی شاد و زیندوویی بەردەوام، پێک دێنێ .
ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئیران ئەم دەسکەوتە و بەخشینی ئەم نازناوە بە هەموو خەڵکی خۆشەویستی شاری سنە و بە تایبەتی هونەرمەندان و ئەو شارە پیرۆزبایی دەڵێت. گومان لەوەدا نییە کە بەرەنگاری و هونەری بەرەنگاری بەشێکی سەرەکی هونەری موسیقای شاری سنە و هونەرمەندە بەڕێزەکانی بوونە هۆی ئەوە کە هونەرمەندانی زۆر بەرچاو لەو شار و هەموو گوندەکانی کوردستان لە رێزی کاریگەری خەباتی نەتەوەکەمان دا، بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانیان ببن و هەن . هیواخوازین و دڵنیاشین کە هونەرمەندانی دڵسۆز و بەهەڵوێستی ئەو شارە لەم دەسکەوتە جیهانییە، کە دەرفەتێکی گەورە بۆ ئەم شارە دەرەخسێنێت، بۆ ناساندنی هەرچی زۆرتری ماف و داواکارییەکانی گەلەکەیان کەڵک وەردەگرن.
هاوکات لەگەڵ شاری سنە کە وەک شاری داهێنەر لە بواری موسیقی ناسێنراوە، شاری سلێمانی، پایته ختی ڕۆشنبیری هەرێمی کوردستانی عێراقیش وەک شاری “داهێنەری ئەدەبی” لە لایەن ڕێکخراوی یونێسکۆوە دەست نیشان کراوە. شاری هەڵمەت و قوربانی، شاری شاعیران و ئەدیبان و ڕۆشنبیران هەموو کات لە پێشەوەی داهێنانی ئەدەبیدا بووە و گەلێک ئەدیبی گەورەی بە کورد و جیهان ناساندووە
شارەکانی سنە و سلێمانی، جووتە خۆشک و دەستەخوشکی کورد ئەمڕۆ لە ئاسمانی هونەر و ئەدەبی جیهانیدا پێگەیەکیان بۆ خۆیان دەستەبەر کردووە. دەست نیشان کردنی ئەم دوو شارە بەو نازناوانە دەرخەری هونەردۆستی و هونەرمەندی و ئەدەب و داهێنانە لە لای گەلی کورد و پێگەی هونەر و ئەدەبیات لە لای ئەم گەلە.
جارێکی دیکە ئەم دەسکەوتە بە هەموو گەلی کورد و شارۆمەندانی شارەکانی سنە و سێلمانی و بە تایبەتی هونەرمەندان و ئەدیبانی ئەو شارانە پیرۆزبایی دەڵێن و هیوای بەردەوامی و سەرکەوتن و دەسکەوتی زیاترییان بۆ دەخوازین.
ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران
١١ی خەزەڵوەری ١٣٩٨ی هەتاوی
١ی نوامبری ٢٠١٩ی زایینی