لە سایەی دەسەڵاتی نگریسی چواردەیەی رابردووی کۆماری ئیسلامیدا کۆمەڵگای ئێران بۆ زۆرینەی حەشیمەتی ٨٠ملیۆن کەسی ئەو وڵاتە بۆتە ناوەندی چەوسانەوە و ستەم و بێ مافی. رەوتی روولەهەڵکشانی ئەو کەسانەی بۆ بژیوی ژیانی رۆژانەیان زبڵدانەکان دەپشکنن،زیادبوونی دیاردەی منداڵانی سەرشەقام،بەرفراوانبوونەوەی توێژی”کارتۆن خەوەکان”و ئەو کەسانەی شەویان لە گۆرستانەکاندا دەکەنەوە رۆژ،بەرینبوونەوەی قەبارە و ئاستی لەشکری بێکاران و زەحمەتکێشان،بڵاوبوونەوەی تۆقێنەری مادە هۆشبەرەکان و پەرەسەندنی دیاردەی ئێعتیاد ، دابەزینی راچڵەکێنەری تەمەنی لەشفرۆشی و سەرهەڵدان و گەشەی دەیان و سەدان دیاردەی دزێوی کۆمەڵایەتی و دارمانی زۆرێک لە بەها مرۆیەکان لە ئێران،خوڵقاو و بەرهەمی سیستمێکە کە بە درووشم و بانگەوازی “کۆمەڵگای یەکسان و بەرابەر و دوور لە دیاردەی چینایەتی” خۆی بەسەر ئەم کۆمەڵگایەدا سەپاند.
لە سیستمی کۆماری ئیسلامیدا، ویلایەتی فەقیه وسەران و سەرکردەکانی ئیسلامی بە وەگەرخستن و ئیدارەکردنی مافیایەکی بەهێزی ئابووری، وەک ئۆختاپووسێک بە هەڵلووشینی سامانی ئەم وڵاتە،چاوچنۆکانە خەریکی کەڵەکەکردنی سەروەت و سامانن،بە جۆرێک کە بە هەڵسەنگاندن لەگەڵ قۆناغەکانی رابردووی وەسەریەکخستنی ماڵ و دارایی لەلایەک و، پەرەدان بە هەژاری و نەداری لە لایەکیترەوە، پلەی پێوانەیان بریوەو،سەردەمێکی تاڵانکاریی نوێیان هێناوەتە بوون.
لە ماوەی چواردەیەی رابردوودا کارنامە و ئەزموونی رەش و تاڵی کۆماری ئیسلامی بەرانبەر بە بزووتنەوەی کرێکاری و،بەتایبەت لە دژی رابەران و هەڵسووراوانی ئەو جووڵانەوەیە،تەنیا و تەینا لە پێناو دزی وتاڵان و برۆیی داهات و خۆدەوڵەمەندکردن و پاشەکەوتی دارایی دەسەڵاتداران و کاربەدستانی نیزامی ئیسلامی لە ئێران بووە.
سزای قامچی و شەلاق لێدان،گرتن و راودوونانی سەرەرۆیانەی خەباتکاران و چالاکانی کرێکاری و تووندکردنیان لە بەندیخانە،دەرخەر و بەڵگەیەکی ئاشکرایە لە رق و دووژمنایەتی قووڵ و کوێرانەی ئەو رژیمە بەرانبەر بە زەحمەتکێشان و بزووتنەوەی کرێکاری لە ئێران.
حاشاهەڵنەگرە کە دەسەڵاتدارانی ئیسلامی لە ئێران تاکە دەرووی دەربازبوون و راگرتنی دەسەڵات و بەردەوامی رژیمەکەیان لە چەوساندنەوەی زیاتر و داپڵۆسین و رفاندنی هەقدەست و پێخووستی مافی تەنانەت منداڵانی تەمەن خوار دە ساڵدا دەبینن.لە کەس شاراوە نیە نەدانی هەقدەستی مانگانەی کرێکاران بێکارکردنی بەکۆمەڵ و دەرکردنیان لە ناوەندەکانی کارکردن و گرتن و ئازار و ئەشکەنجەی هەڵسووراوانی کرێکاری،لەو رێکار و شێوازانەن کە رژیمی ئسلامی بۆ پێشگرتن و سەرکوتی ئاخێز و نارەزایەتیە کرێکاری و جەماوەریەکان گرتوویەتە بەر.
ئەگەر ئاورێک لە ساڵی رابردوو بدەینەوە و بە دیاریکراوی ئاخێزە جەماوەرییەکانی مانگی بەفرانبار، بێگوومان لەکەس شاراوە نییە کە هێزی بزوێنەری ئەو جووڵانەوە گەورە و بەرینە کۆمەڵایەتییەی وا بەخێرایی و تۆکمە و ئامانجدار بەشێکی زۆر لە شار و ناوەندە کرێکاریەکانی وەک “نەیشەکەری هەفت تەپە”و”فوولادی ئەهواز”و گەلێک کۆر و کۆمەڵی کرێکاری لە ئێران گرتەوە،سەرەرای ئەویکە لە ژێر زەبری سەرکووت و داپڵۆسینی هێزەسەرکوتگەرەکانی کۆماری ئیسلامیدا تووشی گەلێک نوشست و هەستانەوە بووە،لە هەژارترین و بێ دەرەتانترین چین و توێژی کۆمەڵگا بوون.
قورسایی و تێچووی مەیل و سەرکێشیی شێتانەی کۆماری ئیسلامی بۆ بونیادنان و دامەزراندنی ئیمارەتی ئیسلامی و زاڵکردنی هێژمۆنی ئیسلامی سیاسی لە ناوچەکە کە لە رێگای پشتیوانی و قۆڵئەستورکردنی گرووپ و تاقمە تێرۆریستیەکانی وەک حیزبوڵڵا،حوسیەکان، فاتمیەکان وحەشدی شەعبی بەرێوە دەچێ،لەسەر شانی کەم داهاتترین چین و توێژی ئەم کۆمەڵگایە واتە کرێکاران و خەڵکی هەژار و کەم داهات و زەحمەتکێشە.
لە کوردستان کە حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکانی ناوەندیی ئێران،بە ئەنقەست و ئامانجدار سیاسەتی سیستماتیکی دواکەوتووراگرتن و هەڵاواردنی ئابووری و فەرهەنگیان بەرێوە بردووە،لەبەر نەبوونی ناوەندو کارگە و دامەزراوەی گەورەی پیشەیی و مۆدێرن،” کۆڵبەری” وەک سەرچاوەیەکی بژیوی ژیان لە پەرەسەندن دایە کە بە داخەوە هەرچەند لە روانگەی زۆرێک لە دانیشتوانی گۆی زەویی ئەو دیاردەیە وەک خەون و ئەفسانەیەکی دێرین سەیر دەکرێ،بەڵام بەوحاڵەشەوە هێزە چەکدارەکانی حکوومەتی ئیسلامی بە شەو و رۆژ ئەو کەسانە دەکەنە ئامانج کە بۆ دابینکردنی بژیوی رۆژانەی مال و منداڵیان لە کوێستان و شاخ و دۆڵ و هەڵدێرەکاندا خەریکە کۆڵبەرین.
کۆماری ئیسلامی لە ریزی دژە کرێکاریترین رژیمەکانی سەردەم دایە کە لە پێناو خولیا و مەیلی هەوسارپساوی خۆیدا بە ملیۆن بنەماڵەی تووشی رۆژرەشی و نەهامەتی گەورە کردوە.
لە کۆتایدا پێویستە ئاماژە بەو خاڵە گرینگە بکەین کە ئەوەڵی مانگی مەی وەک نەریت و کلتوورێکی سەدان ساڵە بۆتە ئەو دەرفەت و بەستێنەی کە چینی کرێکاری کوردستان و ئێران شان بە شانی کرێکارانی جیهان بەرانبەر بە نەبوونی دادپەروەری و یەکسانی و ناعەداڵەتی نیزامی سەرمایەداری دەنگ هەڵبرن و لەسەر هاوپشتی و هاوخەباتی کرێکارانی جیهان پێداگری بکەنەوە.
پرخرۆش بێت بزووتنەوەی کرێکاران لە دژی کۆماری ئیسلامی
بژی هاوپشتیی جیهانیی کرێکاران
بژی سۆسیالیزم
کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
٨ی گوڵانی ١٣٩٨
٢٨ی ئاوریلی ٢٠١٩