سەرلەبەیانی رۆژی 10ی خەرمانان هێرشێكی جینایەتكارانەی دیكە دژی ئەندامانی رێكخراوی موجاهیدینی خەڵق ئەنجامدرا كە بووە هۆی ئێعدامكردنی بە كۆمەڵیانو كوشتاری پەنابەرانی بێ دیفاع كە وێنەی ئەو كردەوانە بە كەمی دەبینرێت.
ساڵەهایە كە مانەوەی ئەندامانی موجاهیدین لە عێراقو گواستنەوەیان بۆ وڵاتی سێیەم، سەرجەم ناوەندە نێونەتەوەییەكانو وڵاتانی رۆژئاوای بە خۆیەوە سەرقاڵ كردووە، بەڵام هەر جارە ئێمە شایەتی ئەم جۆرە هێرشە وەحشیانەو كوشتاری ئەو كەسانە بووین. كوشتاری رۆژی رابردوو كە بێگۆمان دەبێ بە ئێعدامی بە كۆمەڵی ئەندامانی موجاهیدین ناوی لێ ببرێت، جینایەتێكی سازماندراوی دەوڵەتیە كە بە هاوكاریی دەوڵەتی عێراقو بە بێ گوێدانی ناوەندە جیهانیو دەوڵەتانی رۆژئاوا ئەنجامدراوە.
كۆمەڵە ئەم جینایەتە بێڕەحمانەیەی كۆماری ئیسلامییو دەستو پێوەندیەكانی لە دەوڵەتی عێراق بە توندی مەحكووم دەكاتو خوازیاری دژكردەوەی خێرای ناوەندە نێودەوڵەتیەكانو هەوڵدان بۆ راگرتنی ئەم كردەوانەو هەروەها راگواستنی خێرای ئەندامانی موجاهیدین بۆ وڵاتی سێیەمە.
كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان
11ی خەرمانانی 1392