خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان!
هاورێیان ودڵسۆزانی کۆمەڵە!
زۆربەداخەوە سەرلەبەیانی ئەمرۆ پێنج شەممە ٢٠ی جۆزەردانی ١٤٠٠ی هەتاوی هاورێ مستەفا قادری کادر وتێکۆشەری دێرینی کۆمەڵە بە هۆی نەخۆشی شێرپەنجە لە وڵاتی فێنلاندماڵئاوایی لە ژیان کرد وبۆ هەمیشە دڵی پر لە خۆزگەی ئازادی ورزگاریی بەشمەینەتان لە لێدان کەوت.
هاورێ مستەفا قادری کە ساڵی ١٣٢١ی هەتاوی لە گووندی وێنێی کوردستانی باشوور لەدایکبووە،لەبەر باری ناهەمواری ژیان وگووزەرانی بنەماڵەکەی روو دەکەنە کوردستانی رۆژهەڵات ولە ناوچەی بانەو لە گووندی هەنجیلێ نیشتەجێ دەبن.پاش ماوەیەک بەداخەوە خانووی نیشتەجێ بوونی بنەماڵەی هاورێ مستەفا دەکەوێتە ژێر هەرەسی بەفر و،باوکی وبرایەکی گیانیان لەدەست دەدەن.پاش ئەم رووداوە بنەماڵەکەی لە ئاوایی سپی کەمەرە نیشتەجێ دەبن.کاک مستەفا لە دۆخێکی زۆر نالەباری ئابووریدا گەورە دەبێ و لە رێگای کرێکاری و رەنجبەرییەوە یارمەتیدەری بژیوی هەژارانەی بنەماڵەکەی دەبێ.هەر لەو سەردەمدا لەگەڵ هاورێ رەسووڵی عەلیدووست پێوەندییەکی تۆکمە وهاورێیانەی دەبێ و بەمجۆرەش بەهاری ساڵی ١٣٥٨ ی هەتاوی لەرێگای”جەمعییەت”ەکانەوە لە بانە لەگەڵ کۆمەڵە پێوەندی دەگرێ.هاورێ مستەفاوەک کادرێکی خاراوی خەباتی چەوساوەکانی کوردستان و وەک تێکۆشەرێکی هەڵسووراوی کۆمەڵە زۆر زوو لە نێو دڵی خەڵکی ناوچەکەدا جێی خۆی کردەوە و خاوەن متمانە وپێگەیەکی تایبەتی بوو.
هاورێ مستەفا لەم ساڵانی دواییدا و لەگەڵ چوونەسەری تەمەنی نیشتەجێی وڵاتی فێنلاند بوو کە بەداخەوە ماوەیەک بوو گیرۆدەی شێرپەنجە ببوو کە سەرەنجام ئەمرۆ بەیانی لە شاری هێلسینکی دڵە گەورەکەی بۆ هەمیشە لە لێدان کەوت و کۆری هاورێیانی بەجێهێشت.
ئێمە بەبۆنەی ماڵئاوایی لەژیانکردنی هاورێ مستەفا قادری لە لایەن هەموو ریزەکانی کۆمەڵە پربەدڵ سەرەخۆشی لە بنەماڵەی ئازیزی و لە فاتمە خانمی هاوسەری و کچ و کورەکانی و هەموو تێکۆشەرانی دێرینی کۆمەڵە و بە تایبەت سەرەخۆشی لە هاورێ رەسووڵی عەلدووست( سپی کەمەرە) دەکەین وخۆمان بە شەریکی خەمیان دەزانین.
یادی ئازیزی هاورێ مستەفا قادری بەرزوبەرێز بێت.
سکرتاریەتی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
٢٠ی جۆزەردانی ١٤٠٠ی هەتاوی
١٠ی ژووییەی ٢٠٢١ی زایینی.