هاوڕێ عومەر ئیلخانیزادە لە چاوپێكەوتنێك لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵو، سەبارەت بە هەڵبژاردنەكانی داهاتووی ئێران وەڵامی چەند پرسیارێك دەداتەوە.
دەقی دیمانەكە:
سكرتێری گشتیی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان لە دیمانەیەکی تایبەتدا لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵو باسی پشتگیری نەکردنیان لە هەڵبژاردنی خولی دەیەمی پەرلەمانی ئێران کە 26ی شوبات بەڕێوە دەچێ دەکات و هەروەها باسێکیش لە دەستێوەردانەکانی ئێران لە وڵاتانی ناوچە و گەشەی کوردایەتی لە وڵاتەکەی و رێککەوتنی پەکەکە و پژاک لەگەڵ ئێران دەکات.
سكرتێری گشتیی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان، عومەر ئێلیخانیزادە لە چاوپێكەوتنێكی ئاژانسی ئانادۆڵو باس لە هەڵبژاردنەكانی مانگی داهاتووی كۆماری ئیسلامی ئێران و هەڵوێستی حزبەكەی لەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئێران، هەروەها رەوشی ئێستای كوردستانی ئێران و چالاكی حزبە بەرهەڵستكارەكانی كوردستان و هەماهەنگی نێوانیان دەكات.
بڕیارە رۆژی ٢٦ی شوباتی داهاتوو هەڵبژاردنی ١٠مین خولی پەرلەمانی ئێران و هەروەها هەڵبژاردنی پێنجەمین خولی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی شارەزایان ئەنجام بدرێت و پارتەکانی کوردی ئێران لەمبارەوە رای جیاوازییان هەیە.
عومەر ئێلیخانیزادە لەبارەی هەڵبژاردن لە ئێران گوتی: “هەڵبژاردنی 2016ی كۆماری ئیسلامی ئێران هیچ جیاوازییەكی نییە لەگەڵ هەڵبژاردنەكانی تر چونكە لە بنەڕەتدا هەڵبژاردن نییە لە ئێران ئەوەی هەیە ئینتیسابە واتە دانانە و ئەنجوومەنی شارەزایان لە نێو ئەو كەسانەدا خۆیان دەپاڵێون کە دەسەڵاتی ئێران هەڵیان دەبژێرێت و كێ خۆیان پێیان باش بێت، ئەوە دەنگ دەهێنێتەوە”.
ئێلیخانیزادە هەروەها گوتی: “هەڵبژاردن هیچ كاریگەرییەكی نییە و ئەوكاتەی پەرلەمان بەدەست ریفۆرمخوازانەوە بوو، خامنەیی بە ‘حوكمی حكوومەتی’ خۆی کە بەپێی یاسا لە دەسەڵاتی ویلایەتی فەقیهیشدا نییە لە كاری خست. بۆیە هەڵبژاردن رێگەیەك نییە بتوانیت لەو رێگەیەوە كاریگەری دابنێیت. لە ناوچەكانی كوردستان رێژەی بەشداریكردن لە نێوان 35 تا 36 لەسەدە و ئەوانەشی بەشداری دەكەن ناچارن.
ئێمە پشتگیری بەشداری لە هەڵبژاردن ناكەین و پێمان وایە دەبێت خەڵكیش بەشداری نەكات، هیچ شەرعییەتێك نادەین بە هەڵبژاردن و شانۆی هەڵبژاردن لە ئێران”.
سكرتێری كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان كە حزبەكەی یەكێكە لە حزبە كوردە نەیارەكانی حكوومەتی ئێران و بارەگای سەرەكیشی لە ناوچەیەكی نزیك شاری سلێمانییە، لەبارەی رۆڵی ئێران لە ناوچەكەدا دوا و گوتی: “ئێران زلهێزێكی گەورەیە لە ناوچەكە و سەری مارەكەیە و یاری بە كارتی بزووتنەوەی كورد دەكات و كارتی كوردی بەدەستەوەیە و یاری پێ دەكات، لە كاتێكدا گەورەترین دوژمنی كوردە و كورد دەتوێنێتەوە.
رووخانی رژێمی سەدام حسێن و رووخانی حكوومەتی پێشووی عێراق لە بەرژەوەندی ئێراندا بووە و ئەم حكوومەتەی ئێستەی عێراق وابەستە بە ئێرانە و گوشاری لەسەر كوردەكانیش زۆر بووە و لەولاشەوە توانیویەتی لەگەڵ پەكەكە پەیوەندی هەبێت” .
ئەو لەبارەی پرسی كورد لە ئێراندا گوتی: “لە ماوەی ئەم 20 ساڵەدا بزووتنەوەیەكی مەدەنی رۆشنبیری لە كوردستانی رۆژهەڵات هەیە كە زۆریش بەهێزە، پێشتر تەنها لە هەندێ شار و ناوچە پرسی كورد و نەتەوەیی باسی لێوە دەكرا بەڵام ئێستا هەموو شار و ناوچەکان تەنانەت لە ئیلام و كرماشان و بەشێك لە لوڕستانیش ئەو پرسەی تێدایە. بۆیە داهاتووی كوردستانی رۆژهەڵات بە باشی دەبینم بەپێچەوانەوە داهاتووی كۆماری ئیسلامی ئێران باش نابینم هەرچەندە ئێستا هێزێكی گەورەیە و زۆر رووداوی خراپی ناوچەكە دەستی ئێرانی تێدایە”.
سەبارەت بە رۆڵیان لە ناوچەکانی خۆیان، ئەو دەڵێت: “دەتوانین كاریگەری زۆر گەورەمان هەبێت و هێزە كوردییەكانی ئۆپۆزسیۆن هەتا ئێستاش جێگەی رێزی ئێرانییەكانن بەڵام تا ئێستاش هیچ پشتیوانی ئێمە نەكراوە و بەهۆی خراپی دۆخی ئابووریشەوە زۆرێك لە كەناڵەكانی راگەیاندمان داخستووە”.
سکرتێری گشتیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان هەروەها گوتی: “ئێران لە دەرەوەی سنوورەكانی خۆی شەڕی ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی دەكات. هەر لە عێراقەوە كە تەقینەوە و چەندین كردەوەی تری لە ناوچە سوننەكان بەناوی جۆراوجۆرەوە ئەنجام دەدا دژی ئەمریكییەكان، هەتا دەگاتە یەمەن و لوبنان و سووریا كە شەڕ دەكات و و هێزی ناردووەتە ئەو وڵاتانە و دەستی لەو كارانەی هەڵنەگرتووە”.
ئەو ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات: “ئەگەر لە نێوخۆ كێشە بۆ ئێران دروست بكرێت هێزەكانی خۆی لە دەرەوەی سنوورەكان دەكێشێتەوە، بەوەش رووبەڕووی دۆخێكی زۆر نالەبار دەبێتەوە بەهۆی ئەوەی دۆخی ئابوورییەكەی زۆر خراپە بەڵام لەگەڵ ئەو دۆخە خراپەشدا پارەیەكی زۆر بە حزبوڵڵا و هێزەكانی تر خەرج دەكات”.
سكرتێری ئەو حزبە ئۆپۆزسیۆنەی ئێران لە درێژەی چاودێكەوتنەكەی ئانادۆڵو باس لە رەوشی خراپی ئابووری حزبەكانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران دەكات و دەڵێت: “كۆمەڵەی زەحمەتكێشان لە ماوەی ئەو شەش ساڵەدا 36 شەهیدمان داوە لە شەڕی چەكداری و رانەوەستاوین و لە نێوخۆی ئێرانیش هێزمان هەیە و هەركات بمانەوێت دەتوانین هێزی گەورە كۆ بكەینەوە و بیان جووڵێنین و كاری گەورە بكەین بەڵام ئەوەش پێویستی بە ئیمكانیات و پشتیوانی هەیە. ئەگەر پشتگیری هەبێت حزبەكانی رۆژهەڵات پێكەوە دەتوانن هاوكاری زۆرتر بكەن و پڕۆژەیان دەبێت”.
لەبارەی پەیوەندی ئەوان بە پژاكەوە، عومەر ئێلیخانیزادە دەڵێت: “پەكەكە و پژاك رێكکەوتنیان لەگەڵ ئێران كردووە بۆ ئاگربەست هەرچەندە لە نێو پژاك خەڵك هەیە ناڕازین و دەنگە ناڕازییەكان هەتا دێت زیاتر دەبێت، لە نێوخۆی توركیاش ئێران هەوڵی زۆری دا بۆ هەڵوەشاندنەوەی پرۆسەی ئاشتی و رۆڵی هەبوو لە سەرهەڵدانەوەی گرژییەكان”.
ئەو لە کۆتاییدا گوتی: “پژاك ئەلتەرناتیڤی ئێمە وەك حزبەكانی رۆژهەڵات نییە و پێگەی دیموکرات و كۆمەڵەی لاواز نەكردووە. كاتێك مانگرتنی سەرانسەرییمان راگەیاند، پژاك رۆژێكی تری دانابوو بەڵام دواتر گۆڕی بۆ هەمان رۆژی ئێمە، كێشەی ئێمە وەك كۆمەڵە و دیموكرات ئەوەیە پێكەوە هاوكاری ناكەین و پێكەوە پڕۆژە و كاری گەورەمان نییە”.