پاش ئەوەیکە کاتژمێر ٢١:٣٠ی شەوی رابردوو ١٥ لەسەر ١٦ی مانگی فێورییە شاری هەولێری پێتەختی هەرێمی کوردستان کرایە ئامانجی ژمارەیەک مووشەکی ١٠٧ میلی کاتیوشا و بە پێی دوایین ئامارەکان لەو رووداوەدا لە نێو فرۆکەخانەی هەولێر و لە گەڕەکی وەزیران وگەڕەکی نازسیتی کە شوێنی نیشتەجێبوونی خەڵکی سڤیلن،کەسێک گیانی لەدەست داوە و نۆ کەسی دیکە بریندار بوون،وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا و سەرۆکی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و باڵوێزخانەی وڵاتانی ئورووپایی سەرکۆنەی ئەو کردەوە تێرۆریستییەیان کردووە و داوایان لە دەوڵەتی عێراق کردووە کە بە هاوکاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان تاوانبارانی پشت ئەو کردەوەیە دەستنیشان و بە سزای خۆیان بگەیەندرێن.
هەرچەند گرووپێک بە نێوی سەرایا ئەولیائەلدەم کە گرووپێکی شیعەی نزیک لە ئێرانن ئەو کردەوەیەیان وەئەستۆ گرتووە،بەڵام هەموو نیشانەکان دەریدەخەن کە سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی راستەوخۆ لە پشت ئەنجامدانی ئەو کردەوەیەیە.بە تایبەت کە دۆزرانەوە و دەست بەسەرداگیرانی مووشەکهاوێژەکە لە لایەن هێزەکانی دژە تیرۆری کوردستانەوە کە لە جۆری “تایپ ٦٣” یە و توانای هاویشتنی راکێتی ١٠٧ میلیمی هەیە و سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی بە درێژایی تەمەنی خۆی بەکاری دەهێنێ،دەری دەخات کە سپۆنسەری سەرەکی و دابینکەری تەقەمەنی ئەو کردەوەیە سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامییە.