بۆ قسەوباس لەسەر پرسە گرینگەکانی ڕۆژ بۆ ئەو ژمارەیەی دواڕۆژ میوانداری ھاوڕی عومەر ئیلخانیزادە سکرتێری گشتی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستمان کردووە، ئاکامەکەی بۆتە ئەو پرسیارو وڵامانە کە پێشکەشی خوێنەرانی ھێژای دواڕۆژ کراوە.
ئامادە کردنی وتووێژ: هێمن بایەزیدپوور
١–ئەگەر فەرز بکەن خۆتان لە دەرەوەی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان بڕواننە چالاکی و جووڵانەوە و هەڵوێستەکانی خۆدی حیزب، ئایا پێتان وایە ئەمە هەمان کۆمەڵەیە کە دەبێ ببوایە؟ هەمان کۆمەڵەیە کە بەڵێنیتان بە کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان داوە؟ مەبەستەم ئەوەیە ئایا کۆمەڵە توانیویەتی لە هەموو ئەو توانا و پۆتانسیلەی کە لەبەردەستیدان چ لە ڕۆژهەڵات و چ لە دەرەوە بۆ چالاککردنەوەی خۆی کەڵک وەربگرێ؟
وڵام: پێموایە کۆمەڵەی زەحمەتکێشان خۆی زادەی ھەلومەرجێکی نەخوازراوی نێو ڕەوتی کۆمەڵەیە. چ من و چ دیکەی چالاکوانانی ئەو ڕەوتەی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانیان پێکھێنا مەبەستیان ئەوە بوو کە چاکسازی لە حیزبێکی گەورەدا بکرێ، ڕوومان لە بزوتنەوە و تێکەڵ بوون لەگەڵی بوو. بە داخەوە ئەو بانگەوازە دژایەتی توندی کرا و جیایی ڕویدا. لێرەدا بە ھیچ جۆر مەبەستم نییە کەموکوڕی خۆمان لەو جیاییەدا پاساو بکەم، بەڵکوو دەمھەوێ بڵێم ئاواتی ئێمە کۆمەڵەی زەحمەتکێشان نەبوو و ئێستاش نییە. ئاوات و ئارەزوم سازدانەوەی کۆمەڵەیەکی گەورەی کوردستانی بوو و ھەیە، ھیزێکی جەماوەریی کە بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد پێویستیەتی. ڕەوتی کۆمەڵە پێشتر ئەو پوتانسیەلەی لە خۆ نیشانداوە کە تێکەڵاوی حەز و ئارەزوەکانی جەماوەر بێ و خۆی لەگەڵی بگونجێنێ. کۆمەڵەی زەحمەتکێشان دەتوانێ و دەبێ ببێتە ئامرازێکی کارا بۆ وەھا ئارەزو و ئاواتێک. ئەگەر ئاوا بڕوانینە ئەو حیزبە، پێموایە بە زۆری لەو ھێڵە دا ماوەتەوە. بەڵام ئەو کۆمەڵەی ئاواتمە، ئێستای کۆمەڵەی زەحمەتکێشان نییە، بەڵکوو پێموایە ئەو حیزبە زەرفیەتی بوون بە وەھا ڕەوتێکی تێدا بەدی دەکرێ و دەبێ حەولی خۆی چڕتر بکات تا سەرکەوتوو بێ.
لە بواری ھەڵوێست و سیاسەتەکانی، لاموایە سەرجەم دروست و جێی بڕوان، ھەرچەند کەم ڕۆچونەتە ناخی بزوتنەوەکە تا تێیدا گەشە بکەن و ھێز وەربگرن و کۆنکرێت تر بن. ئەرکی ئێمەیە کە بەو ڕوانگەیە حیزبەکەمان تێکەڵی بزوتنەوە جەماوەرییەکان بکەین. پێموایە ڕۆژھەڵاتی کوردستان بەستێنی ئەوەی ھەیە، دەگەڕێتەوە سەر ئێمە تا بۆی وەگەڕ کەوین و ئەرکی خۆمان بەجێ بگەیەنین.
٢–زۆر کەس پێیان وایە حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان نەیانتوانیوە لەگەڵ توێژی نوخبە یان باشترە بڵیێن توێژی ئاکادمیک ئەو جۆرەی کە پێویستە پەیوەندی بگرن یان لە تواناکانیان کەڵک وەربگرن. حیزبەکان سەرنجڕاکێشییەکان بۆ نوخبەی ڕۆژهەڵات نەماوە. تەنانەت هەندێ جار دەبینرێ هەر دوولایەن یەکتری رەت دەکەنەوە. سەبارەت بە کۆمەڵە، لە ڕابردوودا وا ناسرابوو کە ئەو توێژە زیاتر ڕوو لە کۆمەڵە دەکەن، بەڵام ئێستا کۆمەڵەش جیاوازیەکی ئەوتۆی لەگەڵ لایەنەکانی تر نییە. ئێوە هۆکاری ئەوە بە چی دەزانن و چیتان کردووە لەو بوارەدا؟
وڵام- پێموایە حیزبەکان خۆیان لەسەر دەستی نوخبە پێکھاتوون و باڵایان کردووە. ئەوە دروست نییە کە گوایا نوخبەی سیاسی لەگەڵ حیزبەکان نەبوون. دەورەی ئێستا گرفتی حیزبەکانی ڕۆژھەڵات ئەوەیە ڕێبەریەکەیان لە مێژە لە تاراوگەن و لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی نێو کۆمەڵگا بەڕۆژ نەبونەتەوە. ھەلومەرجی دیکتاتۆریش ھۆکارێکە کە نەیھێشتووە دیالۆگ و پێوەندی نێوان نوخبە و روناکبیری ئاکادمیست لەگەڵ حیزبەکان سەر بگرێ. جیا لەوانە بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد لەگەڵ گەشە و پێشوەچوونی، بەڵام لە دروشم و ستراتێژدا لەو دەورەی کە تێیداین جۆرێک نایەکگرتوویی پێوە دیارە. ھەموو کەس و لایەن بیر لە گۆڕان دەکەنەوە کە بگونجێ لەگەڵ ھەلومەرج. وەک ھەموو قۆناغێکی پێشکەوتن لە ھەر بوارێکدا پرسیار و ڕێکاری نوێی تێدا دێتە بەر باس، لە نێو بزوتنەوەی کوردستانیش پرسیار و باسی نوێ خەریکە دێتە ئاراوە. پێویستە ھەم نوخبە و چالاکوانانی دەرەوەی حیزب و ھی ناو حیزبەکانیش بە بێ چەقبەستویی پێشوازی لەو باس، تەردید یان ڕێکارە نوێیانە بکەن و دیالۆگی نێوانیان چڕ بکەنەوە تا جارێکی دیکە ڕێباز، دروشم و ستراتێژی بزوتنەوەکە ڕۆشنتر و ئەوڕۆیی ببێتەوە. بەڵێ لەو بارەوە کەموکوڕی دەبیندرێ و روناکبیران و ئاکادمیستەکان یان خۆیان لە پەڕاوێزی حیزبەکاندا دەبینن یان بەشێکیان لێمان زوێرن. دەبێ بە باسی نەزەری و دیالۆگی ئەوڕۆیی ئەو کەلێنە پڕ بکەینەوە. کۆمەڵەی ئێمەش لە چاو ڕابردوو، کەمتر بایەخی بە پڕ کردنەوەی ئەو کەلەبەرە داوە. پێویستە کادر و ئەندام و ڕێبەری حیزبەکان کەش و ھەوای نەزەی و ڕوناکبیرانەی زۆرتر بخوڵقێنن تا ئەو پێوەندییە باشتر بێ. ھەڵبەت مێدیا و کەڵکی پڕاوپڕ وەرگرتن لێی دەتوانێ یارمەتیدەرێکی باش بێ. ئێمە پێویستە خۆمان لەگەڵ بزوتنەوەی ناوخۆ و چالاکوانانی، زۆرتر خۆمان بگونجێنین، زۆرتر گوێیان لێبگرین و لێیان فێر بین
٣- زۆر وتراوە کە حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ساڵانێکی زۆرە هەر چاوەڕوانی ڕوواوەکان دەکەن. مەبەستیش ئەوەیە کە داهێنانێکی ئەوتۆ لە ڕەوتی خەبات لە لایەن حیزبەکانەوە نابیرێ؟ ئایا ئەو بۆچوونە بە درووست دەزانن؟ ئەگەر درووستە هۆکارەکانی چین؟ ئەگەر نا داهێنانەکانی ئێوە لانیکەم لە یەک دەیەی دابردوودا چی بووە؟
وڵام: پێموایە ئەو ڕەخنەیە زۆر دروستە، ھۆکارەکە سەرەکیەکەش بە جۆرێک چەقبەستویی و ئەسیر بوون لە ڕوانگەی حیزبیدا دەبینم. مەنزورم ئەوەیە کە ڕوانگە، بەرژەوەندی حیزبی تێدا زاڵە تا بەرژەوەندی بزوتنەوەکە. جیایی ناوخۆی حیزبەکان، ململانێی پێشوتری نێوان حیزبەکان پێکەوە، دور بوون لە خەباتی ناوەوە، ھەموو ئەوانەش کاریگەریی خۆی ھەبووە.
لاموایە تێپەرین لەو قۆناغە بە تەنیا بە ھیچ تاکە حیزبێک ناکرێ، بە کاری ناوخۆیی حیزبی ناکرێ، تەنیا و تەنیا یەکگرتویی نێوان حیزبەکان و سازدانی یەکەیەکی سیاسی گشتگیر و نەتەوەییە کە دەتوانێ گۆڕان لەو وەزعەی ئێستادا پێکبێنێ. بەڵێ دەبێ بیر لەوە بکەینەوە کە شێواز و پێکھاتە و کاری دووپات بوەوەی دوو سێ دەیە لە نێو ئێمەدا وڵامدەر نەبوە و بە ھاوکاری و یەکگرتوییەکی پێکەوییە دەتوانین گۆڕان پێکبێنین. ئایا لە کاری ئێمەدا ھاوسەنگی و پێوەندی خەباتی مەدەنی و پێشمەرگانە لە جێی خۆیەتی؟ ئایا جۆری دیپڵۆماسی و پێوەندی ئێمە کۆن نییە؟ ئایا تەبلیغات و کەڵک وەرگرتن لە مێدیای ناوخۆ و دەرەکی شیاوی ئەرکی ئێمە و خەباتەکەیە؟ پێموایە ھەموومان وڵامی نەرێنی بەو پرسیارانە و زۆر پرسیاری دیکەی لەو چەشنە دەدەینەوە. دەی ھەقوایە بڵێین دەبێ چی بکرێ و چۆن ھەوڵی ھەموو حیزبەکانی ڕۆژھەڵاتی بۆ بخرێتە گەر. ناوەندی ھاوکاریی ئەرکی ئەوەیە و پێویستە بویرانە ھەم ئەو پرسانە و، ھەم پرسی ئیدارەی وڵات و تەنانەت دروست کردنی دەسەڵاتی سێبەر لە کوردستانی ڕۆژھەڵات بخاتە ڕۆژەڤی کاریەوە. تەنیا ئەو جۆر کار و ھەنگاوانە لەو قاوغەی ئێستا ڕزگارمان دەکات و پڕاوپڕی قورسایی خەبات لە ڕۆژھەڵات دەمانجوڵێنێ. ئەوە بە گرینگترین و ھەنوکەیی ترین ئەرکی خۆمان دەزانم
٤- لەم ساڵانەدا زۆر ڕەخنە لە حیزب دەگیردرێ کە گرنگییەکی ئەوتۆ بە هێما نەتەوەییەکان نادات، ئێوە وەڵامتان بۆ ئەو ڕەخنانە چییە؟ بەگشتی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان چۆن لە پرسی نەتەوەیی دەڕوانێ؟
وڵامی: پێموایە پێویستە ھێما نەتەوەییەکان بایەخیان پێبدرێ و زیندوو ڕاگیرێن، لە وڵامی بەشی ئاخری پرسیارەکەت دەبێ بڵێم: ئێمە خۆمان بە بەشێک لە بزوتنەوەی نەتەوەیی بۆ ڕزگاری دەزانین. چەپ بوونی کۆمەڵە زەڕەیەک لە نەتەوەیی بوون و ئەرکی ڕزگاری نەتەوەیی کەم ناکاتەوە، بەشکەم پێمانوایە عەداڵەتخوازی و چەپ بوون ناوەرۆکێکی پێشکەوتووانە دەبەخشێتە بزوتنەوەی نەتەوەیی و دەبێتە ھۆی بەشداریی بەرینتری جەماوەر. بۆیە دەڵێین: چەپین، کوردستانیین. کوردین و چەپین. جیا لەوە کۆمەڵە بە مافی خەڵکی کوردی دەزانێ کە دەوڵەتی خۆی پێکبێنێ، ھەرچەند ئەوە دروشمی ھەنوکەیی ئێمە نییە. ئەوە ئێمە بووین کە کوتمان ناچینە ھیچ ھاوپەیمانییەک کە کورد وەک نەتەوە نەناسێ و بە خۆشییەوە ئەوە بۆتە ڕوانگەی زاڵ لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان.
٥- پەیوەندییەکانتان لەگەڵ لایەن و حیزبەکانی تری ڕۆژهەڵاتی کوردستان چۆنە؟ بە بڕوای ئێوە وەک کەسایەتیەکی بەئەزموون لە شانۆی خەباتی کوردستان و سکرێتری کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان ئەو لایەنەنای کە زیاتر دەبنە کوسپ و لەمپەر لە بەردەم هاوکاری لایەنەکان کامانەن؟
وڵامی: پێوەندیمان لەگەڵ حیزبە سیاسیەکان باشە و لەگەڵ بەشێکیان لەو ناوەندەدا خەریکی ھەنگاو نانین بۆ کاری گەورەی ھاوبەش.
بۆ بەشی کۆتایی پرسیارەکەت دەبێ بڵێم: پێموانییە لایەن یان لایەنگەلێک لەمپەر بن لەبەر دەم ھاوکاریی لایەنی دیکە. گرفتەکە وەک پێشتریش باسم کرد ئەوەیە چاوەڕوانی بۆ کاری ھاوبەشی گەورە کەمە، یان ھاوکاری و یەکگرتوویی لە ھەموو بوارەکاندا بۆ ھەموان وەک یەک گرینگی نییە، ھەر لایەنە و ھاوکاری زۆرتر لە بوارێکدا بە باش دەزانێ، لە حاڵێکدا تا ھاوپەیمانییەکی گشتی لە ھەموو بوارەکان نەبێ، یەکەی سیاسی یەکگرتوی کوردستانی پێکنایەت. پێویستە گەڵاڵەی ھاوکاری لەسەر مەسەلە جیددی و سەرەکیەکان ھەبن و پێشنیار بکرێ و دیالۆگی تەواوی لەسەر کرابێ جا ئەوجار ببینین کام لایەن و ڕەوت بەربەست دروست دەکات تا باسی لێبکەین.
ھێشتا ھەست بەوە ناکرێ کە بێ یەکتر ناتوانین لەو قۆناغە دەرباز بین، ھێشتا چاوەڕوانی روداوەکانین تا بزانین چی لە قورسایی ھەر کاممان لەو ناوەندە دەکات. بە خۆشییەوە ئێستا خەریکین لە باسکردن لە ئەرکە سەرەکی و جیددییەکان نزیک دەبینەوە. شەرت ئەوەیە ھەموان بە نەفەسی سەرخستنی پڕۆژە یەکگرتووەکان ھەڵسوکەوت بکەین. ئێمە بەش بە حاڵی خۆمان پاڵنەری وەھا پڕۆسەیەک دەبین و پێی گەشبینم. چونکوو گۆڕانکاری و قۆناغی سیاسی ئێستا مەودای کەمتەرخەمی زیاترمان پێنادات و زەمان لە دەست دەدەین.
٦ – بەلەبەرچاو گرتی دۆخی نێوخۆیی و نێودەوڵەتی ئێستای کوردستان، پێتان وایە ستراتیژی و سیاسەتی دەوڵەتی ناوەندی بۆ ئەم قۆناغە چییە و ئێوە داهاتووی ئێران بەگشتی چۆن پێش بینی دەکەن؟
وڵام- پێموایە سیاسەت و ستراتێژی دەوڵەتی ئێران لە ناو بردن و سەرکوت و کزکردنی بزوتنەوەی کوردستانە. ھیچ چاوەڕوانییەکی دیکە لە حکومەتی ناوەندیی ناکرێ. ئیران بەگشتی لە دەورەیەکی ناسەقامگیری و داڕماندا بەسەر دەبات، لاموایە ئەو رێژیمە ناتوانێ لەو دۆخەی تێیکەوتووە ڕزگاری بێت، ئیعتیرازی جەماوەر پەرە دەستێنێ، کوردستان لە وەھا حاڵەتێکدا دەرفەتی کرانەوەیەکی بۆ دەڕەخسێ و ئەگەر یەکگرتوییەکی پتەوی تێدا پێک بێت شانسی باشی ھەیە کە دەوری گرینگ بگێرێ. ئۆپۆزیسیۆنی ئیرانی پێویستە لەو حاڵەتی پرژ و بڵاوی ئێستای تێپەڕێ.
لەھەر حاڵدا، دوای نەمان یان کزبوونی کۆماری ئیسلامیش، بەو زوانە چاوەڕوانی سەقامگیری و دامەزراندنی ئاڵترناتیوێکی دێمۆکراتیک لە ئیراندا ناکەم. بۆیەیە دەڵێم گەر ھێزە کوردییەکان نەتوانن لە ئێستاوە یەکگرتووییەکی ناوخۆیی پێکبێنن، لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنی ئیرانیش ناتوانین دەوری جیددی بگێڕین و قورسایی بزوتنەوەی کوردستان نوێنەرایەتی بکەین. کوردستانی ڕۆژھەڵاتیش ناتوانێ لەو دەرفەتە کەڵک وەربگرێ. پێچەوانەکەشی دەتوانێ دۆخی بزوتنەوەی کوردستان بباتە سەرێ و داھاتوێکی باشترمان بۆ دابین بکات.
٧- سبارەت بە داهاتووی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، پێگە و ڕۆڵی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان لە داهاتووی کوردستان چۆن دەبینن؟
وڵامی: پێگە و ڕۆڵی کۆمەڵە و ھەموو حیزبەکان بەشی زۆری بەوە بەندە کە تا چ ڕادەیەک بتوانین یەکەیەکی سیاسی نەتەوەییپێکبێنین. لەوەدا ھەموو قازانج دەبەن و لە کەشوھەوایەکی وەھادا کۆمەڵەی زەحمەتکێشانیش گەشە دەکات. جیا لەوە کە بۆ ھەموان وەک یەک وایە و بە قازانجمانە، پێموایە کۆمەڵەی زەحمەتکێشان دەبێ بە خۆگونجاندن لەگەڵ بزوتنەوەکە و کار بۆ یەکگرتویی کۆمەڵە کاریگەریی ئەرێنی لەسەر بزوتنەوەی کوردستان و رەوتی کۆمەڵە و چەپی کوردستان دابنێ. بەگشتی لەو باوەڕە دام کە دەبێ زۆر شێوازی کارمان روو بە بزوتنەوەکە بگۆڕدرێ و پێشموایە دەتوانین و پوتانسیەلی ئەو پێشوەچوونە دەبینم.