ئەمرۆ هەینی وەفدێكی كۆما جڤاكین كوردستان (كەجەكە) سەردانی ناوەندی سەركردایەتی كۆمەڵەیان كردو لەلایەن وەفدێكی كۆمیتەی ناوەندییەوە پێشوازییان لێكرا.
پاشنیوەرۆی ئەمرۆ هەینی 5ی بەفرانباری 1393، وەفدێكی كەجەكە كە پێكهاتبوون لەهەریەك لەبەڕێزان: فەرحان ئامارا بەرپرسی پەیوەندیەكانی كەجەكە لە هەرێمی كوردستان، بوشرا عەلی ئەندامی كۆمەڵەی ژنانی كوردستان (كەژەكە)و جەمال ئەردۆل ئەندامی كەجەكە بەسەردانێكی فەرمی گەیشتنە بارەگای ناوەندیی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان.
وەفدی میوان لەلایەن وەفدێكی كۆمەڵە هاوڕێیان: رەزا كەعبی بەرپرسی دەستەی كارگێڕی، فەریبا محەمەدی ئەندامی دەستەی كارگێڕی، جبرەییل رۆستمی، وەلی رۆستەمی ئەندامانی كۆمیتەی ناوەندی، عەتا ناسرسەقزی ئەندامی كۆمیتەی ناوەندیو بەرپرسی پەیوەندییەكانی كۆمەڵە لەسلێمانی پێشوازییان لێكرا.
لەكۆبوونەوەكەدا پاش قسەوباسێك لەسەر بارودۆخی ئێستای رۆهەڵاتی ناوەڕاستو بەتایبەتی دۆخی ئێستای كورد لەناوچەكەو شەڕی داعش، باس لە پێویستی پەلەكردن لە بەستنی كۆنگرەی نەتەوەیی كرایەوە.
هەر دوو لا لەسەر ئەوە كۆك بوون كە لە دۆخی ئێستادا زۆر پێویستە هەموو هەوڵێك بدرێت بۆ ئەوەی كۆنگرەی نەتەوەیی بەبەشداری سەرجەم حیزب لایەنە سیاسیەكانی هەرچوارپارچەی كوردستان ببەستێرێت.
كۆبوونەوەكە ماوەی زیاتر لە كاتژمێرێكی خایاندو وەفدی میوان لەلایەن هاوڕێیان كۆمەڵەوە بەڕێزەوە بەڕێكران.