رۆژی دووشەممە 27ی گوڵان (16ی مەی) وەفدێكی كۆما جڤاكێن كوردستان (كەجەكە) سەردانی مقەڕی پەیوەندییەكانی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان لە سلێمانیان كرد.
وەفدی میوان پێكهاتبوون لە بەڕێزان: د. حسەین، بەرپرسی پەیوەندییەكانی كەجەكەو هەڤاڵ مەروان، كە لەلایەن هاوڕێیان كەریم كەریمی، ئەندامی دەستەی كارگێڕی كۆمەڵەو عەتا ناسرسەقزی، ئەندامی كۆمیتەی ناوەندییو بەرپرسی پەیوەندییەكانی سلێمانی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان پێشوازییان لێكرا.
لەكۆبوونەوەكەدا قسەوباسێك لەسەر بارودۆخی ناوچەكەو بەشە جیاجیاكانی كوردستانو خەباتو بزوتنەوەی كورد لەو بەشانە كراو بە بەرچاوگرتنی هەستاریی دۆخەكە هەر دوولا جەختیان لەسەر یەكڕیزیو هاوكاریی زیاتری حیزبە كوردستانییەكان كردەوە.
لەبەشێكی دیكەی دیدارەكەدا وەفدی میوان پیرۆزبایی كۆتایی پلینۆمی شەشەمی كۆمەڵەیان كردو لەلایەن وەفدی كۆمەڵەوە سەرەڕای سوپاسو پێزانین پوختەیەك لە كارو بڕیارەكانی پلینۆم بۆ وەفدی میوان باسكرا.
لەكۆتایی دیدارەكەدا هەردوو وەفدی كەجەكەو كۆمەڵە جەختیان لەسەر بەردەوام بوونی پەیوەندییەكانی هەردوولا كردەوەو وەفدی میوان بەڕێزەوە بەڕێكران.