سەرلەبەیانی ئەمرۆ دووشەممە 1ی جۆزەردانی 1396، ژمارەیەك لە هەڵسوڕاوانی مەدەنیو كەسوكاری بەندكراوی مەحكوم بە مەرگ (هێمن مستەفایی) بۆ هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدانی ناوبراو لەبەردەم زیندانی ناوەندیی شاری سنە كۆبوونەوە.
ئەم كۆبوونەوەیە بە هەوڵی شێلگیری هەڵسوڕاوانی مەدەنی دژی سزای لەسێدارەدان لەشارەكانی سنەو مەریوانو، لەسەر بانگەوازێك بۆ كۆبوونەوەی ناڕەزایی لەنیوەشەوی رۆژی یەكشەممە تا سەرلەبەیانی رۆژی دووشەممە بەردەوام بوو.
سەرەڕای گەمارۆی زیندانی ناوەندیی سنە لەلایەن هێزە ئەمنییەكانو هێزە تایبەتەكانی سەركوتی كوماری ئیسلامیو هەوڵەكانیان بۆ بەئەمنیەتی كردنی دۆخی كۆبوونەوەكە، بەشداربووان لە كۆبوونەوەكەیان بەردەوام بوونو سوورن بوون لەسەر داواكارییەكانیان بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری لەسێدارەدانی هێمن مستەفایی.
لەئەنجامدا چەند كاتژمێر پێش لەجێبەجێكردنی حكومەكە، بەرپرسانی زیندانو هێزە ئەمنییو ئیتلاعاتییەكان، باوكو كەسوكاری هێمنیان بردە ناو زیندانو پاش چەند خولەك راگەیەنرا كە سزای لەسێدارەدانی هێمن هەڵوەشاوەتەوە.
سەرلەبەیانی رۆژی دووشەممە بە بڵابوونەوەی ئەم هەواڵە، ئامادەبووانی كۆبوونەوەكەو هەڵسوڕاوانی كەمپینی “هەڵوەشاندنەوەی هێمن مستەفایی” شادیو خۆشییان دەربڕی.
هێمن مستەفایی لەدایكبووی ساڵی 1368ی ئاوایی كانی دیناری مەریوانە كە لە مانگی رەشەمەی ساڵی 1391و لە تەمەنی 23 ساڵیدا بە تۆمەتی “موحارەبە، هەڵگرتنی چەكو كوشتنی كەسێك بەناوی ئیبراهیم محەمەدیو ئەندامییەت لە یەكێك لە حیزبە كوردییەكانی نەیاری كۆماری ئیسلامی”، لە ژێر ئەشكەنجەیەكی زۆری جەستەییو دەرونی ناچار بوون دان بەو تۆمەتانە دابنێتو سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپا. ناوبراو لەماوی راگرتنی لە زیندانی ناوەندیی سنە چەندین جار بۆ جێبەجێكردنی سزای لەسێدارەدان بۆ ژووری تاكەكەسی گواستراوەتەوە.
هەوڵو ماندبوونی هەڵسوڕاوانی مەدەنیو ئەندامانی كەمپینی هەڵوەشاندنەوەی لەسێدارەدانی هێمن مستەفاییو لێبوردەیی كەسوكاری قوربانی، جارێكی دیكە ئەوەیان سەلماند كە خەڵكی كوردستان هەڵگری بیری پێشكەوتنخوازییو مرۆڤدۆستیو ئاشتینو دژی ئەو بڕیارە نا مرۆڤانەن كە لەلایەن دامودەزگا سەركوتگەرەكانی رژیمەوە دەردەكرێت.
زاگرۆس – رێكخستنە نهێنییەكانی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان