پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە، ڕێکەوتی ١٦ی گەلاوێژی ١٣٩٩ بڵاوبوونەوەی هەواڵی کۆچی دوایی کەسایەتیی ناوداری بزووتنەوەی سیاسیی کوردستان و یەکێک لە سیما دێرین و ناسراوەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان، کاک جەلیل گادانی، هەموو لایەکمانی غەمبار کرد.
کاکە جەلیل گادانی خەباتکارێکی شێلگیر و بە باوەڕی بزووتنەوەی سیاسی نەتەوەیی خەڵکی کوردستان بوو کە هەڵگری پەیام و یادەوەرییەکانی مەزنترین ڕووداوی مێژووی هاوچەرخی خەڵکی کوردستان، واتە کۆماری کورستان بوو. ئەو کە زیاتر لە حەوت دەیە لە تەمەنی، بۆ سەربەستی و وەدیهێنانی ئامانجەکانی نەتەوەکەی تەرخان کردبوو، تا دوایین ساتەکانی ژیانی بە بێوچان و لێبڕاوانە لەم ڕێگایەدا بەردەوام بوو. کاک جەلیل جیا لە سیما حیزبی و سیاسییەکەی، وەک کەسایەتییەکی خاوەن جێگەوپێگەی قورسی کۆمەڵایەتی، جێی ڕێز و ئێحترامی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و سەرجەم لایەنەکان بوو. نەمر گادانی وەک کەسایەتییەکی خاوەن بۆچوونی تایبەتی سیاسی، لە بواری نووسین و وەرگێڕان و تۆمارکردنی لاپەڕەکانی مێژووی نەتەوەکەیدا کەسێکی بەتوانا و خامەڕەنگین بوو کە کتێبخانەی کوردی بە چەندین بەرهەمێکی نەمریان ڕازێندراوەتەوە.
یەکێک لە تایبەتمەندییە بەرچاوەکانی کاک جەلیل کە بەردەوام لە کۆڕوکۆبوونەوە و لەگەڵ لایەنە سیاسییەکاندا پێداگری لە سەر دەکرد، یەکگرتووخوازیی بوو. ئەو نایەکگرتوویی و لێک دووریی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی بە یەكێک لە کەمایەسییە بەرچاەکانی بزووتنەوەی سیاسیی کوردستان دەزانی. بۆیە بەردەوام لە کۆڕوکۆبوونەوەکاندا یەکێتی و یەکگرتوویی نێوان حیزبەکانی بە زەرووری و پێویست دەزانی و لەم پێوەندییەدا بە چاوی هیوا و هومێدەوە لە پێکهاتنی ناوەندیی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی دەڕوانی.
ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بە بۆنەی کۆچی دوایی کاک جەلیل گادانییەوە سەرەخۆشی لە تێکڕای خەڵکی کوردستان، بنەماڵە بەڕێزەکەی و هاوسەنگەرانی دەکات.
ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران
١٦ی گەلاوێژی ١٣٩٩ی هەتاوی