لەم ڕۆژانەدا بە ملیۆنان مرۆڤ لە سەرتاسەری جیهان شاهیدی ڕووداوگەلێكی كارەستابارن كە بەسەر خەڵكی ئەفغانستان، بە تایبەتی بەسەر ژنان و كچانی ئەو وڵاتەدا دێت.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بزوتنەوەی تاڵیبان كۆنتڕۆڵی زۆربەی ناوچەكانی ئەفغانستانی بە دەستەوە گرت و سەرۆك كۆماری ئەفغانستان بەپەلە وڵاتی بۆ بزوتنەوەی توندڕەوی تاڵیبان جێهێشت.
بە گرتنی هەر شارو شارۆچكەیەك ئەم گروپە توندڕەوە ئیسلامییە دەستیان كردوە بە كوشتن و ئازاردانی خەڵک، بە تایبەت كچان و ژنان.
بە پێی زانیارییەكان چەكدارانی تاڵیبان منداڵانی كچ دەڕفێنن و لە خۆیانی مارە دەکەن وماڵ بەماڵ بۆ نیکاح دەگەڕێن.
ژمارەیەک لە ژنان و كچانی ئەفغانی لەسەر پۆشاک و جلوبەرگ یان چاویان دەرهێنراوە یان كوژراون. ئەشكەنجە و ئازاری ژنان و كچانی خوێندەوار لەوانە نوسەران، دەرهێنەران و شاعیرانو… ڕۆژانە لە هەر سوچێكی وڵاتی ئەفغانستان زۆر ئاسایی بە بەرچاوی كۆمەڵگای نێودەوڵەتییەوە ڕوبەڕوی شکەنجەو کوشتن دەبنەوە و لە ترسی گیانی خۆیان لە هەوڵی ڕاکردن و دوورکەوتنەوەن لە وڵاتەکەیان.
دۆخی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست كە بە هەبوونی هێزە توندڕەوە ئیسلامییەكان هەر لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامی كە هاندەری سەرەكی توندڕەویی و تیرۆریزمی ئیسلامییە هەتا ئەفغانستان و عێراق و توركیە و پاكستان… ڕوو لە خراپیە.
بە دەسەڵات گەیشتنی هێزەكانی تاڵیبان لە ئەفغانستان دوا نمونەی ئەو ستەم و ناحەقییانەیە كە ڕووبەڕووی ژنان دەبێتەوە.
ناوەندی ژنانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان، سەرەڕای مەحكوم كردنی تاوانەكانی چەكدارانی تاڵیبان بەرامبەر بە خەڵكی ئەفغانستان و بە تایبەتی بەرامبەر بە ژنان و منداڵان، داوا لەسەرجەم رێكخراوە نێودەوڵەتییەكانی مافی مرۆڤ دەكات، بە هانای خەڵكی ئەفغانستانەوە بچن.
ئێمە پشتیوانی خۆمان لە مافی ڕەوای ژنانی ئەفغانستان، دەردەبڕین و بڕوامان بەوەیە كە بەهێزكردنی خەباتی ژنان و داخوازیی بۆ مافی یەكسانی ژن و پیاو، مەحكوم كردنی هەرچەشنە هەڵاواردنێك دژ بە ژنان، وەدیهێنەری كۆمەڵگایەكی ئازاد و یەكسانە.
ناوەندی ژنانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان
٢٥ی گەلاوێژی ١٤٠٠ – ١٦ی ئەگۆستی ٢٠٢١
ڕێکخراوی ئاسۆی ژنی کورد
ڕێکخراوی ئافرەتانی خەباتی کوردستانی ئێران
کۆمەڵەی ژنانی ڕۆژهەڵات
یەکیەتیی ژنانی دیموکراتی کوردستان
یەکیەتیی ژنانی دیموکراتی کوردستانی ئێران