بە داخەوە شەوی ١٣ی خەزەڵوەری ١٤٠١ی هەتاوی، رێکەوتی ٥ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٢ی زایینی، لە کاتێکدا جەماوەری ئێران و بە تایبەت کوردستان خەریکی خەباتێکی مەیدانی و جەماوەریە بە دژی دیکتاتۆری کۆماری ئیسلامی ئێران، بوومەلەرزەیەکی بەهێز ناوچەی خۆی و دەوروبەری هەژاند کە زۆر بەداخەوە لە بەشێکی بەرچاو لە خەڵکی ناوچەکە زەرەر و زیانی گیانی و ماڵی پێگەیشتووە
بە پێی ئامارە سەرەتاییەکان لە کوردستانی رۆژهەڵات و بە تایبەت ناوچەی خۆی، بە سەدان کەس بریندار و ژمارەیەکی زۆری خەڵک ماڵوێران و دەربەدەر بوون.
ئێستاش کە ئەو ناوچانە تووشی ئەو کارەساتە دڵتەزێنە هاتوون و پێویستی زۆر خێرا و دەستبەجێیان بە یارمەتی هەیە، بەداخەوە و بە پێی ئەو زانیارییانەی دەگەن و بڵاودەبنەوە کۆماری ئیسلامی ئێران بە هۆی ئەوەی هێزەکانی بە تەواوی لە سەر سەرکوتی خەڵک لە سەر شەقامەکان چڕ کردۆتەوە، بەهیچ جۆرێک بەدەنگی خەڵکی زیان لێکەوتووی ناوچەکەوە نەچووە.
ئێمە وەک کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان وێڕای دەربرینی هاوخەمی و هاودەردیی قووڵی خۆمان لەگەڵ خەڵکی کوردستان بە گشتی و ئەو هاونیشتمانیانەمان کە لەو رووداوەدا زیان و خەساریان دیوە، دەردەبڕین و هیوای چاکبوونەوەی خێرا بۆ بریندارەکان دەخوازین.
داواکارین لە خەڵکی بە ئەمەگ و تێکۆشەری کوردستان بە هەموو هێز و توانایانەوە بە هانای زیانلێکەوتووان و قوربانیانی ئەو کارەساتەوە بچن و، دەرفەتی هیچ چەشنە مانۆر و کەڵک وەرگرتنێک لەم کارەساتە بە رژیمی ئیسلامی ئێران نەدەن.
کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
١٣ی خەزەلوەری ١٤٠١