هەزاران کەس لە ناڕازیانی سەرشەقام لە لایەن دەزگا ئەمنیەکانی کۆماری ئیسلامی دەسگیر کراون، تا ئێستا ژمارەی گیراوەکان شاردراوەتەوە، چەندین کەسیان لە ئەشکەنجەگا و زیندانەکانی کۆماری ئیسلامی کوژراون، بۆ هەموشیان ڕایانگەیاندووە کە خۆکوژییان کردوە یان بیانوی پڕوپوچی دیکەیان هێناوەتەوە. لە خامنەیی تا ئیمام جومعەکان نەیانتوانی قین و ڕقی خۆیان لەو ناڕەزایەتیانە بشارنەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەش ترس سەرتاپای داگرتوون. هەموویان هەستیان پێکردووە کە شەیپوری نەمانیان لێدراوە و خەڵک ئیتر پشتی تێکردون و دژیان وەستاوەتەوە. تەنانەت خامنەیی لە نیو قسەکانیدا باسی لەوە کرد کە ئەو جۆرە کردەوانە، واتە ئیعتیرازاتی جەماوەر، لە داهاتووشدا دووپات دەبێتەوە.
بۆیە بێگومان دەزگا سەرکوتکەرەکانی ئەو رژێمە خۆیان بۆ سەرکوت ئامادە کردووە، بەڵام لە هەمان کاتدا ئابڕویان بۆ نەماوە و ترسی خەڵکیش شکاوە، بۆیە پەنا بۆ وەها درۆگەلێک دەبەن کە تەنیا دەبێتە مایەی ریسوایی زۆرتریان، ئاخر نمونەیان کوشتنی کیانوش زەندی و پێش ئەوەش سارۆ قارەمانی، دوو لاوی سنەیی بوون کە لە زیندان و بە ئەشکەنجە کوشتیانن. میدیاکانی رژیم بڵاویانکردەوەکە سارۆ ئەندامی کۆمەڵە بووە و لە شەڕدا کوژراوە، کە سەرتاپای درۆیە و سارۆ قارەمانی لاوێکی خوێنگەرم بووە کە هەر لە شار کاری کردووە و بۆ تاقە رۆژێکیش پێشمەرگە نەبووە و لە هیچ شەڕ و پێکدادانێکیش بەشدار نەبووە.
پرسیار ئەوەیە هۆکاری ئەو هەموو درۆ دیارانە چییە؟ بە بڕوای ئێمە ڕاستە خەڵک دەکوژن، بەڵام وەک پێشوو بێ ترس نین، دەزانن کە بەو کردەوانەیان دەبنە هۆی پەنگخواردنی زۆرتری رق و توڕەیی جەماوەر.
کرداری جینایەتکارانەیان و کوشتنی سارۆ قارەمانی و زۆرکردن لە بنەماڵەیان بە ئاشکرا دەریدەخات کە ترسیان لە کوردستان زۆرە، دوژمنیش دەزانێ وەزنی کوردستان بۆ گەشەی خەباتی سەراسەری زۆر و گرینگە. بۆیە ئێمەش لامانوایە پێویستیەکی هەنووکەییە کە هێزە سیاسیەکانی کوردستان بە دروستکردنی چەترێکی هاوبەش وڵامی ئەو قۆناغە بدەنەوە. ئەوە مەزنترین ئەرکی هەموومانە کە دەبێتە هۆی پاراستنی بەرژەوەندیە باڵاکانی بزوتنەوەی کوردستان، دەستوری تیر و کوشتاری کۆڵبەر، مانەوەی ئیعدامی سیاسی لە کوردستان، کوشتنی کیانوش و سارۆ قارەمانی و حاشاکردنی بێ چاووڕویانەیان، دەریدەخەن کە تا چ ڕادەیەک دوژمنی کوردستانن و چەندە لێی دەترسین و بۆ شکاندنی حەول دەدەن، ئێمەش دەبێ شیاوی ئەو قورساییەی کوردستان هەنگاو هەڵگرین و زۆرتری وزە و توانی نەتەوەیی و گەل بخەینە گەڕ و بە گژیاندا بکەین.