پێشكەشە بە هەموو كرێكارانی جیهان و بەتایبەت هەژارانی ماڵ لە كۆڵی كۆڵانان لەپێ
شەرمە كچێك
لە بەر دار تەونەكەیدا
سۆمایی داهات
شۆڕە كوڕێك
ئەلفبێی نەخوێندو
بوو بە شوان
لە گەرووی تینی كوورەدا
عارەقیان رشت
خشتیان پێژا
مزگەوت و منارەیان لێدا
سێبەری خستەوە بۆ منداڵانی
بێ سەران.
پیرە پیاوێك
لە گۆڕەپانی برسێیەتیدا هاتە هاوار
كوچە و كۆڵان
شەقام
كۆشك و تەلار
سەیارە، مەنارە
دەست رەنجمن
گشت كەرەسەی ئەم بازاڕە
فرۆشتم بۆ نان
چ دنیایەكە
بەژانی بێ نانیەوە
خوێن ئەڕێژن
كۆشك ئەپێژن
ژین ئەنێژن.
لە برسیەتی ژیانێكەوە
بەژانی ژنێكەوە
مناڵێك هاتە دنیا
جێژنیان گرت
شار هەژا
لە گشت دنیا بوو بە هەرا
بوو بە ئەیار
بوو بە جەژنی
گۆچان لەدەست
قەڵەم لە مست
هەژار، جووتیار
گشت كرێكار
یەك دەنگ
هاوارمان كرد
بورژواكان
ئەی خوێن رێژە چاوبرسییەكان
سەدان ساڵە
خوانی ۆەنگینتان بەرهەمی
عارەقی نێو چاوانمان
سەدان ساڵە
خوێنی ئێمە
شەرابی نێو دەفری شایی
لە سەر كورسی نەفرەتتانە
بە هەناسەی هەنسكی ماندوویم
گۆڤەند و سەما و شایلۆغانتانە.
سەدان ساڵە
رەنجی ئێمە
دولاری بن گیرفانتانە.
سەدان ساڵە رەنجی ئێمە
جل و بەرگی منداڵتانە.
سەدان ساڵە
بە رووباری خوێنی ئێمە
ئاشی سەرمایەتان دەگەڕێ.
سەدان ساڵە كولەنگی ئێمە
بۆ لەتێ نان زەوی ئەدڕێ
بە گازەرەی پشتی ئێمە
سەفەرتان بۆ ئاسمان كرد
لە بەرهەمی رەنجی ئێمە
وڵاتەكانتان هەڵقرچاند
ئەفسانەی ناوی خۆتان
كردە دەسكرد
ئەو دەستەی دانەوێڵەی ئەچاند
ئەو فڵچەی پۆستاڵی ئێوەی ئەسڕیەوە
ئاڵای بەرزە
قەڵاتان دێنێتە لەرزە
هاواری ئێمە لەم پەڕەوە تا ئەو پەڕی عەرزە
لە ئەفریقایی قولەڕەشا
لە ئەمریكایی سوورە پێستا
لە وڵاتەكەی گیڤارا
لە كوردستانی زامدارا
لە گشت جیهان
گشت كرێكار
رێز دەگرین لە یەكی ئەیار
كرێكارین كرێكارین.
وەڕی بەرزی ئەیارین
لە سەر بیری ئینسانی
بە قەفی زڕەی زنجیرمان
دادەڕێژین یاسا
یەك بوون و یەكسانی.