١٠ حیزب و لایەنی رۆژهەڵاتی کوردستان لە بانگەوازێکدا داوا لە کوردستانیانی وڵاتی نۆروێژ دەکەن دژ بە تیرۆریزمی کۆماری ئیسلامی بەشداری خۆپیشاندانێک بکەن.
دەقی بانگەوازەکە:
هاونیشتمانیان!
ماشینی تیڕۆری کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ کوشتن و لەنێوبردنی تێکۆشەرانی کوردی ڕۆژهەڵات لە باشووری کوردستان جارێکی دیکە وەگەڕکەوتۆتەوە. لە ماوەی یەکساڵی ڕابردوودا چەند کەس لە پێشمەرگە و چالاکانی کۆمەڵگای مەدەنیی و کوردە ئاوارەکانی دیکە کە لەبەر زەبروزەنگی کۆماری ئیسلامیی زێدی خۆیان بەجێهێشتووە لە چەندین عەمەلیاتی تیرۆریستییدا لە باشووری کوردستان تیرۆر یا بریندار و بێسەروشوێن کراون.
ئەو کردەوە تێڕۆریستییانە جارێکی دیکە ئەو شەپۆلی کوشت و کوشتار و تیرۆر و تۆقاندنەمان وەبیر دەخاتەوە کە دەزگا ئیتلاعاتییەکانی کۆماری ئیسلامیی لە ساڵەکانی دەیەی ۹۰ی زاینیی لە باشووری کوردستان بە دژی تێکۆشەرانی سیاسیی و کوردە ئاوارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەو مەڵبەندەدا، بەبەرچاوی کاربەدەستانی حکوومەتی هەرێمەوە، ئەنجامیان دەدا. بیروڕای گشتیی ئاگادارە کە ئەودەم بە سەدان کادر و پێشمەرگە و ئەندامانی هێزە سیاسییەکانی کوردستان شەهید بوون و بوونە قوربانیی پیلانە ڕەشەکانی دەزگا سەرکوتکەرەکانی ڕژیم و بێدەنگیی بیروڕای گشتیی.
بۆ ئەوەی پێش بە دووبارەبوونەوەی ئەو کارەساتە بگرین، پێویستە لە دەرەوە و ژوورەوەی وڵات، دەنگی ڕەخنە و ناڕەزایەتیی خۆمان بەرز کەینەوە و، کوشتار و تیڕۆری تێکۆشەرانی کوردی ڕۆژهەڵات لە باشوور لەقاو بدەین. بیروڕای گشتیی خەڵکی کوردستان بۆ فشارخستنە سەر کاربەدەستانی حكوومەتی هەرێم و ناوەندە بڕیاردەرەکان بخەینە ژێر فشارەوە.
بۆ ئەو مەبەستە ئێمە هەموو حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، داواتان لێ دەکەین کە ڕوژی شەممە ٢٤ی مانگی مارس، بۆ بەشداریی لە خۆپێشاندانێکی هێمنانە و ناڕەزایەتییدەربڕینێکی بەریندا، کە لە سەعاتی ۱۳:۰۰ تا١٤:٣٠ لە ئێستگەی قەتاری شاری ئۆسلۆوە بۆ بەردەم دەرگای پاڕلەمانی نۆروێژ پێکدێ، بەشداریی بکەن..
بەجێیە هەموو توانای خۆمان لە دەرەوەی وڵات بخەینەکار تا پێش بەوە بگرین جارێکی دیکە کۆماری ئیسلامیی باشووری کوردستان بکاتە قەتڵگای تێکۆشەرانی کوردی موخالیفی خۆی. ئەوە ئەرکێکی نیشتیمانیی و ئەخلاقیی و ئینسانییە و پێویستە لەسەرمان لەو حەرەکەتە ئیعتیڕازییە گشتییەدا بەشدار بین!!!
شوێن و کاتی خۆپێشاندان:
بەردەم ئیستگەی شەفەندەفەری ئۆسلۆ
١٣:٠٠ تا ١٤:٣٠
ناوی حیزب و ڕێکخراوەکان:
– کۆمەڵەی شۆرشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێڕان
– حیزبی دێموکراتی کوردستان
– پارتی ئازادیی کوردستان
– حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
– سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران
– کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
– ڕێکخراوی خەبات،ی شۆرشگێڕی کوردستان
– پارتی سەربەستیی کوردستان
– سازمانی یاری کورد (یارسان)
– ڕێکخراوی دێموکراتیکی یارسان