خەڵکی بەهەڵوێستی کوردستان، رێکخراوە سیاسی و مەدەنیەکان، تێکۆشەرانی ژینگەپارێز
هەر وەک هەموولایەک ئاگادارن ماوەی چەند رۆژێکە دیسان جەنگەڵ و دارستانەکانی زاگرۆس لە لایەن دوژمنانی ژینگەی کوردستانەوە ئاگریان تێبەردراوە و هەتا ئێستا سەدان هێکتار لەو لێڕەوارانە لە ناوچەکانی مەریوان، باینگان، مەرەخێڵ، هەجیج، داریان ،داڵاهۆ و پاوە و زۆر ناوچەی دیکەی کوردستان لە ئاگردا سووتاون. ئەوە یەکەم جار نییە کە ژینگەی کوردستان و بەتایبەت لێڕەوار و دارستانەکانی لە لایەن دوژمنانی وڵاتەکەمانەوە بە مەبەستی لەناوبردن ئاگریان تێ بەردەدرێ و بەشێکی زۆریان دەسووتێن و لە ناودەچن. ساڵانی رابردووش لە گەڵ هاتنی وەرزی بەهار و هاوین لە سەرانسەری کوردستان هەر لە ماکۆوە بگرە تا ئیلام و لوڕستان ئەو رووداوانە دووپاتە و چەند پاتە بوونەتەوە و لەم ساڵانەدا بەداخەوە بە هەزاران هێکتار لەو سەرمایە نەتەوەییانەی وڵاتەکەمان لە ناوچوون و تێکدراون.
دیارە رووداوی ئاگر کەوتنەوە لە وەرزی گەرمادا رەنگە لە زۆر وڵاتی دیکە لە جیهاندا رووبدا بەڵام ئەوەی ئەم رووداوانەی کوردستان لە هەموو شوێنک جیا دەکاتەوە ئەوەیە کە لە وڵاتانی دیکە لە ئەگەر هەر رووداوێکی لەو چەشنە دەوڵەت و لایەنە بەرپرسیارەکانی ئەو وڵاتە دەس بە جێ دەکەونە هەوڵی بێ وچان بۆ کۆنترۆڵ کردن و کوژاندنەوەی ئاگرەکە بەڵام لە کوردستان دەوڵەت و شوێنە فریاگوزاریەکان نەتەنیا هیچ هەنگاوێک بۆ کوژاندنەوە و رزگارکردنی ژینگە و دارستانەکانی کوردستان هەڵناگرن بەڵکوو زۆر بە ئاشکرا رێگری لە هەوڵی خۆبەخشانەی خەڵک و چالاکان و خەمخۆرانی ژینگەپارێزی کوردستان دەکەن، کە بە دەستی بەتاڵ و بە بێ هیچ کەرەستەیەکی ئاگرکوژاندنەوە رووبەڕووی دۆخەکە دەبنەوە و دەیانهەوێ ژینگەی وڵاتەکەیان لە سووتان و لەناوچوون بپارێزن.
چالاکانی مەدەنی و ژینگەپارێزانی کوردستان لە زۆربەی شارەکاندا ساڵانێکە رێکخراوی جۆربەجۆریان بە مەبەستی وشیارکردنەوەی گشتیی خەڵک و هەوڵی بێوچان بۆ کوژاندنەوەی ئەو ئاگرانەی کە لە دارستانەکانی کوردستان روو دەدەن، پێک هێناوە، بەڵام دەوڵەت و بەتایبەتی لایەنە ئەمنیەتیەکانی سەربە وەزارەتی ئیتڵاعات و سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی نەتەنیا هیچ هاوکارییەکی ئەو رێکخراوانەیان نەکردوە بەڵکوو بەرەوام تەنگوچەڵەمەیان لە بەردەمیاندا دروست کردوە و جاریش وایە بە تۆمەتی جۆربەجۆر لە لایەن ئیڵاعات و سپای پاسدارانەوە دەسبەسەر کراون و حوکمی قورسیان بەسەردا سەپاندوون. تەنانەت لە رووداوێکی گوماناویی ئاگرتێبەردان بە دەستی سپای پاسداران و هەوڵی ژینگەپارێزانی خەمخۆری وڵاتەکەمان بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە، دوو ساڵ لەوەپێش لە ناوچەی مەریوان چوار کەس لەو تێکۆشەرانە کە دیارترینیان چالاکی بەناوبانگی ئەو بوارە شەریف باجوەر بوو لە ئاگردا سووتان و شەهید بوون.
ئێستاش هەروەکوو ساڵانی پێشوو ئەو ئاگر تێبەردانانە لە لایەن دوژمنانی وڵاتەکەمانەوە بەردەوامە و لەم چەند رۆژەدا کە دارستانی ناوچەکانی داڵاهۆ و پاوە و مەریوان لە ئاگردا دەسووتێن لایەنە بەرپرس و پێوەندیدارەکانی حکوومەت هیچ هەوڵێکیان بۆ کۆنترۆڵ کردنی ئەو دارستانانە نەداوە و سەرەڕای هەوڵی بێوچانی خەڵک و بە تایبەت ژینگەپارێزانی ئەو ناوچانە بەداخەوە ئاگرەکە لە تەشەنە کردندایە و تا دێ زەرەروزیانی زیاتر لەو سامانە نەتەوەییەی وڵاتەکەمان دەدرێ.
ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران وێڕای سپاس و ماندوو نەبوونی لە هەوڵ و هیممەتی چالاکان و ژینگەپارێزانی دەروەستی وڵاتەکەمان بۆ کوژاندنەوە و کۆنترۆڵی ئەو ئاگرانە داوا لە هەموو لایەنە بەرپرسەکانی بواری پاراستنی ژینگە لە ئێران و ناوچەکە و لە جیهان دەکا کە فریای ژینگەی کوردستان بکەون و نەهێڵن دارستان و لێڕەوارەکان و بە گشتی ژینگەی کوردستان لە ئاگری رقی رژیمی کۆماری ئیسلامیدا بسووتێن و لە ناو بچن.
داوا لە ناوەندە جۆربەجۆرەکانی کوردستانی لە دەرەوەی وڵات دەکەین کە ئەوەی لە دەستیان دێ بۆ ئاگادارکردنەوەی رێکخراوە جیهانیەکان و بەتایبەتی رێکخراوەکانی سەر بە نەتەوەیەکگرتوەکان بۆ راکێشانی سەرنجیان لە سەر سووتمانەکانی ژینگە و دارستانەکانی کوردستان درێغی نەکەن و هەموو لایەک لەو کارەساتە ژینگەییە ئاگادار بکەنەوە کە بەرپرسایەتیەکەی لە ئەستۆی کۆماری ئیسلامی ئێرانە.
لە کۆتاییدا داوا لە خەڵکی بەهەڵوێستی کوردستان دەکەین کە لە ئەگەری هەرچەشنە رووداوێکی هاوشێوەدا بە هانای خەمخۆران و ژینگەپارێزانی وڵاتەکەمانەوە بچن و رێگا نەدەن ژینگەی کوردستان و سەروەت و سامانی نەتەوەییمان وا بە ئاسانی لە لایەن کۆماری ئیسلامی و ناوەندە ئەمنیەتیەکانیەوە بسووتێن و لە ناوبچن.
ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران
١٤ی خەزەڵوەری ١٣٩٩