لاپەڕە پرشنگدارەکانی مێژووی پڕ لە شانازی کورد، پڕاو پڕە لە خەباتو بەرخۆدانی ئەو مرۆڤە خۆنەویستانەی کە بە نرخترین سەرمایەی ژیانیان واتە گیانی خۆیان کردۆتە فیدای ئامانجە رەواکانی ڕۆڵەکانی کوردستان. ئەو مرۆڤانەی ساڵەهای ساڵە تاویان داوەتە چەکی شەرەفو بەرگری لە مافی گەلەکەیانو لە ناو ریزەکانی کۆمەڵە بەو پەڕی لە خۆبوردوویەوە، ئەرکە مرۆییەکانیان ڕادەپەڕێنن.
کۆمەڵە وەک حیزبی سەرەکی رۆژهەڵاتی کوردستان زۆر زوو هەستی بەو پرسە گرینگە کرد کە گەرەنتی بەرەو پێشچوونی کۆمەڵگای کوردی بەشداری ئەکتیڤی ژنان لە پڕۆسەی سیاسی و ئابووری وڵاتە، هەر بۆ ئەم مەبەستەش بەو پەڕی بوێریەوە دەستی بۆ کۆمەڵێک پرسی بڤە برد کە ئەوکات داب و نەریتو سیستەمی دواکەوتووی زاڵ بە سەر کۆمەڵگای کوردیدا بوو.
کۆمەڵە بە هەڵگرتنی دروشمی بەرابەری ژنو پیاو، ئەوپەڕی هەوڵی خۆی خستە گەڕ تا ژنان لە خەباتی رزگاریخوازیی نیشتماندا بەشداری بدات، بۆیە بۆ یەکەم جار لە مێژووی کورددا بانگهێشتی ژنانی بەشمەینەتی کوردی کرد کە بە ریزەکانی شۆڕش پەیوەست بن. تەوارانی گەلیش کە پەروەردەی داوێنی دایە نیشتمان بوون لەو ساتە بە دواوە، شان بە شانی پیاوانی ئازادیخوازی ناو ریزەکانی کۆمەڵە هەوڵ بۆ لابردنی یاسا هەڵاواردن ئامێزەکانی کۆمەڵگایان داو لەم پێناوەدا نرخێکی قورسیان داو لە هەمان کاتیشدا دەسکەوتی گرینگیان بۆ خۆیان تۆمار کردووە.
بۆ تیشک خستنە سەر ئەم بابەتەو لە بەرەبەری ٢٦ی رێبەندان ساڵڕۆژی دامەزرانی کۆمەڵە حیزبی داهێنەری شۆڕشی نوێ کوردستان هەوڵمان داوە لە گەڵ چەند کەسێک لەم تەوارە خۆنەویستانە وتووێژێک پێک بێنین.
یەکەم پرسیارەمان ئاراستەی فەریبا محەمەدی ئەندامی کومیتەی ناوەندی کۆمەڵەو چالاکی بواری ژنان دەکەین کە ماوەیەکی زۆرە لە ناو ریزەکانی کۆمەڵەدا بۆ بەرگری لە مافە زەوتکراوەکانی گەلەکەی بە گشتیو ژنانی کورد بە تایبەتی خەبات دەکات.
پ. هاوڕێ فەریبا یەکەم پرسیارمان بەم شێوە ئاراستەی بەرێزتان دەکەین؛ ئێوە کۆمەڵە چۆن پێناسە دەکەن؟
و. لە روانگەی منەوە کۆمەڵە پێشەنگی خەباتی ژنان لە کوردستان بوو وە توانی رچەشکێن بێت لە بواری هێنانی ژنان بۆ ناو جەرگەی خەباتو بە تایبەت خەباتی چەکداریو پێشمەرگایەتی، کە ئەمەش بۆ خۆی هەنگاوێکی زۆر گرنگ بوو لەو کاتەی کوردستانو زۆر زوو توانی ژنان لەهەموو چینوتوێژەکان بە دەوری خۆیدا کۆ بکاتەوە. ئەمە مێژوویەکی حاشاهەڵنەگرەو هەموو کەسێک دانی پێدا دەنێت. بەڵام ئەگەر چاو لە ئێستای بکەیو بەراوردی بکەی لەگەڵ بزاڤی ژنی کورد، من لێی رازی نیمو ئەڵێم دەبێ لەوە زیاتر گرنگیو بایەخ بە پرسی ژن بدرێت. حیزبێکی پێشەنگ ناتوانێت تەنیا بە رابردوویەوە شانازی بکات، بەڵکوو دەبێ ئێستاش وەک هەمیشە قەڵای قایمی خەباتی ژنان بێتو ئەو پرسە وەک یەکێک لە پرسە سەرەکیەکان چاوی لێبکرێت، نەک بخرێتە پەراوێزەوە.کۆمەڵە پێشەنگی خەباتی رزگاریخوازی گەلی کورد بووەو توانی بە سیاسەتی نوێو ئەمڕۆیی کۆمەڵگەی کوردستان تا رادەیەکی زۆر رادیکاڵیزە بکات کە ئەمەش هەنگاوێکی گرنگی مێژووییە.
پ. ئایا کۆمەڵە توانیویەتی وەدیهێنەری ئامانجەکانی ژنان بێ یان بە واتایەکی دیکە ژنان خۆیان لە ناو کۆمەڵەدا دەبیننەوە؟
و. ئەمە راستییەکی حاشاهەڵنەگرە کە ژنان روانگەی جیاوازیان هەیە بۆ گەیشتن بە مافو خواستەکانی خۆیان. رەنگە لە چوارچێوەی حیزبێک نەتوانێ هەموو روانگەو ویستەکانی خۆت ببینیتەوە، چونکە حیزبە سیاسیەکانو بە تایبەت کۆمەڵە زۆر ئەرکی دیکەیان لەسەر شانە کە خەباتی بۆ دەکەن. خەبات بۆ پرسی ژنو یەکسانیخوازیش یەکێک لە ئامانجەکانی کۆمەڵەیە. بەڵام چەندە ئەمە کاری بۆ دەکرێتو بایەخی پێ ئەدرێت گرنگە. کە بەشێکشی هەڵدەگەڕێتەوە بۆ خودی ئەو ژنانەی کە لە ناو ریزەکانی کۆمەڵە خەبات دەکەن، بە تایبەت ئەوانەی لە ئاستی رێبەریدان کە چەندە بایەخ بەم مەسەلە ئەدەنو رێگە نادەن بخرێتە پەراوێزەوە. بە گشتی ئاواتو ئامانجەکانی هەر ژنێک بۆ گەیشتن بەیەکسانی تەواو لە هەموو بوارەکان لە چوارچێوەی هیچ حیزبێک بە تەواوی بە دی نایەت. کۆمەڵگەی ئێمە سەدان ساڵە بۆ رزگاری نەتەوەیی خەبات دەکاتو ئەمەش بوو بە ئاواتێکی لەمێژینە کە زۆر جار پرسو مەسەلە گرنگەکانی دیکە دەکەنە قوربانی بۆ گەیشتن بەم ئاواتە. هەر بۆیە ئەگەر چاو لە خەباتی چەند ساڵەی حیزبەکان بکەین ئەوەندە بایەخ بەم مەسەلە دراوە کەمتر بایەخ بە کێشەی ژن دراوە. کە ئەمە بۆ خۆی کێشەیەکی جیدییە. بەڵام بە گشتی وێرای هەموو ئەم رەخنانە کە لە کۆمەڵەو حیزبەکانی دیکە هەمە، من وەک ژنێک هەستم بەوە کردووە کە لە نێو ریزەکانی کۆمەڵە ئەتوانم درێژە بە خەباتی خۆم بدەمو هەوڵ بدەم بۆ چەسپاندنی ئەو سیاسەتەو تێڕوانینەی کە خۆم هەمە وەک ژنێک. ئاستەنگ هەیە بەڵام چونکە یەکەم حیزب بووە کە بایەخی بە مەسەلەی ژن داوەو ژنانێکی زۆر لەم پێناوەدا فیداکاریو لە خۆبوردووییان کردووە، ناتوانێت چاوپۆشی لە ژن بکاتو ئەوەشمان لە بیر نەچێت کە زۆر کەس لە پیاوانی خەباتکاری کۆمەڵە باوەڕی تەواویان بە یەکسانی نێوان ژنو پیاو هەیە. بە گشتی من هەنووکەش هیوام بە کۆمەڵە هەیە کە بتوانێت جارێکی دیکە ببێتە قەڵای قایمی ژنانی کوردستان.
بەشێکی دیکەی وتووێژەکەمان تەرخان کردووە بۆ هەڤپەیڤین لە گەڵ کوێستان جەعفەری ئەندامی کۆمەڵە کە ماوەی زیاترلە چوار ساڵە لە ناو ریزەکانی کۆمەڵە خەبات بۆ ئامانجە رەواکانی کوردو ژنانی کورد دەکاتو لە قۆناغێکی تازەتر بە ریزەکانی کۆمەڵە پەیوەست بووە، کوێستان لە راگەیاندنی کۆمەڵە مژووڵی کار کردنو راپەڕاندنی ئەرکە حیزبیەکانیەتی.
پ؛ ئێوە کۆمەڵە چۆن پێناسە دەکەن؟
و؛ لە سەرەتادا هەموومان دەزانین كە ژنان لە رۆژهەڵاتی كوردستان بە هۆی ئەو كەشە سیاسیو كلتووری دواكەوتووانە بە رێژەیەكی بەرچاو زیاتر لە توێژەكانی دیكە دەچەوسێنەوەو مافەكانیان پێشێل دەكرێت. هیچ بوارێكی گونجاو لە رۆژهەڵاتی كوردستان بۆ ژنان نییە كە بتوانن خۆیانی تێدا ببیننەوەو تێیدا چالاكانە بەشداری بكەن. ژنان بۆیان نییە لە چارەنووسی ئەو وڵاتەدا بەشدار بنو هەروەها لە رووی كۆمەڵایەتیشەوە كەمترین بەشداریان لە پرسەكانی كۆمەڵگا هەیە. لە لایەكی دیكەشەوە كلتووری پیاو مەزنی زاڵ لە ماوەی چەندین سەدەی رابردوو مەجالێكی ئەوتۆی بۆ ژنان نەهێشتووەتەوە كە تێیدا هەڵسووڕانیان ببێت یان ئەوەیكە بە شێوەی هاوبەش لەو پرسانەدا بەشداری بكەن. هەر بۆیە ژنانی كۆمەڵگای ئێمە بەردەوام بۆ گەیشتن بە ئاواتەكانیان بە شوێن رێگە چارەیەكی گونجاو دەگەڕێن بۆ ئەوەی خۆیان لەو دۆخە رزگار بكەنو سۆنگەیەك بۆ گەیشتن بە ئاواتەكانیان بدۆزنەوە. لە راستیدا كۆمەڵە یەكەم حیزبی سیاسی لە رۆژهەڵاتی كوردستان بووە كە لەسەر پرسی ژنان راوەستاوەو بایەخی تایبەتی پێداوە، هەروەها بە شێوەی ئەكتیڤ ژنانی هێناوەتە مەیدانی خەباتو ژنانیش لە نێو كۆمەڵە توانیویانە تا بەرزترین ئاستەكان تواناكانیان خۆیان نیشان بدەنو لە گرینگترین مەسەلەكاندا بەشداری بكەن. هەر بۆیە ئەگەر بمانەوێت پێناسەیەكی كۆمەڵە بكەین، دەتوانین بڵێین كە ئەم حیزبە هەر لە سەرەتای دامەزراندنیەوە كە وەكوو حیزبێكی چالاكو بەشدار لە پرسە سیاسیو كۆمەڵایەتیەكان هاتە مەیدان، ژنانی هاوشان لەگەڵ پیاوان لەو خەباتەدا بەشداركردو سنووری زۆرێك لە كلتوورو دابو نەریتە كۆنەكانی شكاند.
پ. ئایا کۆمەڵە توانیویەتی وەدیهێنەری ئامانجەکانی ژنانی کورد بێ؟
و؛_ ئەوە راستە كە كۆمەڵە حیزبی یەكسانی ژنو پیاوە، بەڵام ئەمە بە مانای ئەوە نییە كە ئەم كلتوورە نەماوە، من ئەوە بڵێم كە نەك لە نێو كۆمەڵە بەڵكوو لە رێكخراوەكانی پارێزەری ژنانیش جۆرێك لە هەڵاواردن بوونی هەیە، بەڵام مەبەستی من ئەوەیە كە بڵێم كۆمەڵە ئەو مەیدانەی ئاوەڵا كردووە كە ژنان بتوانن تێیدا چالاكی بكەن. ئەگەر بمەوێت وڵامێكی روونتر بە پرسیارەكەی ئێوە بدەمەوە دەتوانم بڵێم، حیزبایەتیو پێشمەرگایەتی بۆ من لە كۆمەڵە بە مانای بەدیهاتنی هەموو ئامانجەكانم نییە، بەڵكوو من ئەو رۆژە بە ئاواتەكانم گەیشتووم كە بە گشتیو لە ئاستی هەموو جیهان ستەمو چەوسانەوە لەسەر ژنان هەڵبگیرێت. بۆیە پێشمەرگایەتی بۆ ئێمەی ژن لە نێو كۆمەڵەدا كۆسپو تەگەری تایبەت بە خۆی هەیەو منیش بەوشێوە لەم پرسە دەڕوانم كە ئێمە كۆمەڵك ژنی پێشەنگین كە شان بەشانی پیاوان دژوارترین كارەكان ئەنجام دەدەینو ئەو پەیامەش بە ژنانی كوردستان دەدەین كە ئێمە دەبێ بۆ ئەوەی لە كۆمەڵگا نەچەوسێینەوەو مافی یەكسانمان هەبێت، دەبێ زەحمەتی بۆ بكێشین، ئەگەرچی ئەم زەحمەتە ماندوویی زۆری پێویستە، بەڵام دەبێ ئێمە ئەو ئەركە بە ئەستۆ بگرین.
دوایین بەشی وتووێژی دوارۆژمان تەرخان کردووە بۆ هەڤپەیفین لە گەڵ ئارێز محەمەدی کە رۆڵێکی ئەکتیڤی لە ناو ئەم رێکخراوەدا گێڕاوەو هەنووکە وێرای کار کردن لە راگەیاندن مژووڵی خوێندنیشە.
پ؛ ئارێز تۆ وەک کچێکی ئەکتیڤ کۆمەڵە چۆن پێناسە دەکەی؟
سەرەتا هەروەک ئەزانین بەرەو پیری ٢٦ڕێبەندان ڕۆژی کۆمەڵە ئەچین هەربۆیە جێگای خۆیەتی کە سەری ڕێز دابنوێنم بۆ شەهیدی نەمر کاک حەمەحسەینی کەریمیو هەموو ئەو کەسانەی کە گیانی ئازیزیان لە پێناو ئامانجە بەرزەکانی کۆمەڵەدا بەخت کرد، وە هەروەها پیرۆزبایی ئەم ڕۆژە مەزنەش لە هەموو بنەماڵەی شەهیدانو کادرو ئەندامو لایەنگرانی کۆمەڵەوهەموو زیندانیانی سیاسی ئەکەم…… ئەگەر بمەوێت پێناسەیەکی واقعی لە کۆمەڵەوە بکەم دەبێت بڵێم کە کۆمەڵە حیزبێکی چەپوسۆسیالیستە کەلە ساڵی ١٣٥٧ ەوە خەباتی خۆی دەست پێکردو هەتا ئێستاش سوورو بەردەوامە لەسەر خەباتی پیرۆزی خۆی. کۆمەڵە ئەو حیزبەیە کە هەستی بە مەینەتو ئازاری جووتیاران، کرێکاران، خوێندکارانو ژنان کرد لە نێو کۆمەڵگاداو لەسەربنەمای ڕاستیو بڕوا بە هێزی جەماوەر، خۆی بنیات ناو چەندین کەسی لێهاتووی پەروەردە کرد.
پ؛ ئایا کۆمەڵە توانیویەتی وەدیهێنەری ئامانجەکانی ژنان بێ، یان بە واتایەکی دیکە، ژانان خۆیان لە ناو کۆمەڵە دا دەبیننەوە؟
بەدڵنیایەوە من وەک کچێک کە ماوەیەکی زۆرە لێرەم توانیومە بگەم بە زۆربەی ئەو ئامانجانەی کە هەم بووە، ئامانجی منی کچێکی کوردی ڕۆژهەڵات چییە، جگە لەوەی وەک کچێک سەربەست بم لە بڕیاردانو بەو مافە ئینسانیانەی کە هەمە بگەمو لێیان بێبەش نەبم؟…. لەوەڵامی ئەو پریسیارەش کە ئایا خۆم لە ناو کۆمەڵەدا بینیوەتەوە، دەڵێم بەڵێ کۆمەڵە وەک تاکە حیزبێک ڕێگە خۆشکەر بووە بۆ ژنانوکچان کە بێنە نێو خەباتەوە تاکوو لەڕووی سیاسیو نیزامیەوە خۆیان پێبگەیننو ببەنە خاوەن هەڵوێستو لە زۆر مەسەلەی گرنگی کۆمەڵایەتی، سیاسی وئابووریەوە بکەونە بەحسو بێ هیچ ڕێگرییەک بدوێن، هەرچەند ئەبێت ئەوەش لەبەرچاو بگرین کە هەوڵی بێوچانی ژنانو کچان خۆشیان دەوری سەرەکی هەبووە لەم بارەیەوە. منیش خۆم هەروەک هەموو ئەو کچو ژنانەی کە ئیستا لە نێو ڕیزەکانی کۆمەڵەدان وە یان ڕۆژێک لە ڕۆژان لەم خەباتەدا بەشدار بوون، توانیومە لە ناو کۆمەڵەدا خۆم تا ئاستێک پێبگەینمو مافە ئینسانیەکانی خۆم وەک کچێک بناسم.
لەکۆتاییدا قسەت چیە بۆ کچانی ڕۆهەڵاتی کوردستان؟
قسەی من یاخود پەیامی من بۆ کچانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەوەیە کە، چیتر بێدەنگ نەبن بەرامبەر هەر جۆرە زوڵم وستەمێک کە لێیان دەکرێت، چۆک دانەدەن بۆ هەر جۆرە نابەرابەریەک،چونکە ئێمە لە نێو کۆمەڵگایەکی پیاو سالارانە گەورە بووین کە دژی کە هەرجۆرە مافێکی ژنە، وەرن با پێکەوە ڕەچە شکێن بین و بەرامبەر ئەم داب ونەریتە کۆنانە بوەستینەوە…. وە هەروەها لەهەمووی گرنگتر ئەوەیە کە خەبات بکەن لە پێناو سەربەستی وڵات و بەدەست هێنانی ئازادی و بەرابەریدا و بوێرانە بێنە نێو مەیدانی خەباتەوە چونکە حزبێکی وەک کۆمەڵە پشتیوانیانە
بهو هیوایهی ژنانی کورد ههنگاوهکانیان بۆ وهدیهاتنی داهاتووی گهشی کورد و کوردستان پتهو تر بهاوێژن.