کێ هەیە کۆمەڵە بوبێ و، ئەمرۆ لەگەڵ خەم و داخ، چەندین جار ئاو نەزابیتە ناو چاوی و هاوکات بزەی نەکەوتبێتە سەر لێوان و نەیکوتبێ حەیفێ بۆ سەید خالید، زوو بوو، ئای لەم هەموو راستی و پاکییە؟ بەڵێ ماڵئاوایی کتوپڕی سەید خالید هەموومانی تەزاند و دڵمانی کەیلی خەم کرد. بەڵام گەورەیی ئەو لەوەدا بوو مەرگەکەی خەمۆکی بۆ نەهێناین، بە پێچەوانە هەموو ئەوڕۆ بۆمان بوو بە فلاشبەکێک بۆ ڕابردوو و سەردەمانێکی پڕپڕ لە تێکۆشان، لیوانلێو لە خۆشەویستی خەڵک و هاورێ و هاوسەنگەر، رۆژگارێک کە هەموومان لە کاکە خالیدە فەرماندە گردیلەکەی کۆمەڵەمان بیستبوو، کاک شوان لە کاتی شەهید بوونی چۆن چەکەکەی و هاورێیانی پێسپارد، چۆن تا بوو ئەم وەسیەتەی لەبیر نەکرد و پێی وەفادار بوو. کەوتەوە بیرمان ئەو کاتانە کە چۆن وەک هەڵۆ لە دەشت و دۆڵ دوژمنی بەدیدەکرد و و وەک بەوری تیژڕۆ بێدەنگ و هەرا پێشی لێدەگرتن، لە بیرمانە چۆن لە هەموو دەشتی ساراڵ و جادەی حسێناوا فەرماندەیی هاورێیانی دەکرد تا بێ زیان توندترین گورز لە دوژمن بوەشێنن و دەستیان لەسەر هەژاران کورت کەنەوە و هێرشەکانیان بەرپەرچ بدەنەوە. هەموو ئەوانەی لە نزیکەوە لەگەڵ سەیدخالید بوین دەزانین چەندە لەگەڵ ئێمەمانان بێ ئیدیعا و ساکار بوو، لە هەمان کاتدا دەریایەک بوو لە غورور بەرانبەر داگیرکەران و زۆرداران. ئەو پڕ بوو لە خۆشەویستی بۆ چەوساوەکان و خزمەت پێکردنیان، سارێژ بوو لە توڕەیی و نا بۆ چەوساندنەوە و بە دایم بڵێسەی ئاگر بوو بۆ دەسەڵاتی زۆرداران و ناحەزانی گەل.
ئەوە هەر مەرگی ئەو ئینسانە گەورانەن کە لە ژیانی خۆیاندا کاریگەرییان هەبووبی و شوێنەواریان لە کۆمەڵگا دانابێ، بە وەستانی دڵ و نەمانی هەناسەیان، ژیانیان کۆتایی پێنایەت و ترسی مردن دەوروبەریان داناگرێ، بەڵکوو ژیان و کردەوەیان وەک پەردەی سینەما دێتە بەرچاوان و ئافەرین لە ناخی هەموان دێنێتە سەرلیوان. لەو کاتانە دایە کە سەید خالیدەکان باڵایان بە بەرزی دەردەکەوێ و ورەی پۆڵایینیان دەنوێندرێ و دەبیندرێ کە مەرگی خەباتکارانی رێگای رزگاری بە مانای کۆتایی ژیانیان نییە، ئەوان تا ژیان و بەرخۆدان مابێ، دەمێنن و جیلاوجیل داستانی قارەمانەتیان دەگێرنەوە و دەرسی لێوەردەگرن. ئەوانە کاریگەرترین مامۆستاکانی ژیانن. کوانوی ژیانی بەشەری بەو کەسانەوە هەمیشە بڵێسەدارەو، کاروانی خەبات بۆ ژیانی باشتر و، بۆ خۆشی و ئازادی ئینسان وەستانی نیە، وچان و نوچدانی هەیە، هەرگیزاوگیز خوی بەرزەفڕیی ئەم هەڵۆیانە ناسڕێتەوە. هەر بۆیەش هەڵۆ سورەکەی ساڕاڵ لە شەقەی باڵی دەدا بۆ چەمشار، سنە، سەردەشت، مەریوان، بانە و پیرانشار. شاگرد و چاولێکەرانیشی قەت نابڕینەوە، رەنگە بگلێن، بەڵام بەردەوام دەبن. چەکی سەید خالێد هەزاران دەستی بە ئاواتی بۆی درێژ دەکرێ. رۆژە سەختەکانی خەبات کاک سەید خالید و دایەحەبیبەی خوڵقاند، تۆ بڵێی نەسلی دوای ئەوان بێ ورەی سەی خالید ئاسا بمێنێتەوە؟ نا، نا، مەحالە ئەو کاروانە وەستانی بێ و ئەم ریگایە بێ رێبوار بمێنێ. سەید خالید بروای قوڵی بەو راستیە بوو، بۆیەش بی ماندوو بوون و بەو پەڕی لەخۆبردوویی مایەی دانا. یادت بەخێر هاوڕێ، بنوو بە خاترجەمی، رێگات پڕ رێبوار دەمێنێ.
عومەر ئێلخانیزادە
٢٦. ٣. ٢٠١٥ یان ٦ خاکەلێوەی ١٣٩٤