هەواڵی دڵتەزینی ژن کوشتن بە پاساوی جۆراوجۆر رۆژانە دڵی هەر مرۆڤێکی ئازادیخواز دەهەژێنێت. دووبارو لە چەند رۆژی رابردوو دوو ژنی کورد بە دەستی پیاوانی بنەماڵە کوژران.
هەواڵێکی کورت بەڵام هەژێنەر:
هەڵاڵە خزری تەمەن ٣٠ ساڵ و خەڵکی شاری سەردەشت و دانیشتووی شاری “لوریشکوک”ی وڵاتی نوروێژ لەلایەن مێردەکەیەوە کوژرا. سۆیبە قادری تەمەن ٣٤ ساڵ لە ناوچەی “کۆماسی”ی شاری مەریوان بەهۆی کێشەی کۆمەڵایەتییەوە بەدەستی ٤ برای خۆی سەربڕدرا.
جارێکی دیکە ژنانی کورد بوون بە قوربانی کولتووری پیاوسالاری و لە ژێر پاساوی پاراستنی شەرەف گیانیان لێ ئەستێندرا. کولتوورێک کە جوگرافیاو سنوورەکان ناناسێت و لە ناخی کوێرە دێهاتێکی رۆژهەڵاتی کوردستانەوە بگرە تا وڵاتانێک کە بە کانگەی پێشکەوتوویی دەناسرێن بۆ ژنی کورد جێگای ئاسوودەیی نیە.
بەداخەوە دووبارە بوونەوەی ئەم کارەساتانەو بەردەوامیان وایکردووە کە ببێتە هەواڵێکی ئاسایی و هیچ کاردانەوەیەکی جیدی و هەمەلایەنە بەرامبەر ژن کوشتن بوونی نەبێت. زۆر جار یاسای دژە ژن بێدەنگی بەرامبەر ئەم کردەوانە دەکات و بەو پێیە رێگە بۆ دووبارە بوونەوەیان خۆش دەکات.
ئێمە وەکوو رێکخراوی ئاسۆی ژنی کورد بە توندی کوشتنی ژنان بە هەر بیانوو پاساوێک مەحکووم دەکەین و هیوادارین کۆمەڵگای مەدەنی و داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ هەوڵەکانیان بۆ بنەبڕ کردنی ئەم کولتوورە نامرۆڤانەو دژە ژنە بخەنە گڕ.
رێکخراوی ئاسۆی ژنی کورد
٢٦/ ٦/ ٢٠١٣