یەکی ئەیار رۆژی هاوپشتی جیهانی چینی کرێکار، رۆژی رێزگرتن لە یەکێتی و هاوخەباتی ئەوانەیە کە بۆ ژیانی شیاو و سەردەمیانە و بەهرەمەندی لە بەرهەمی رەنج و کاری خۆیان ژیانیان لە پێناو باشتر ژیانی هاوچینەکانیان بەخت کردوە.
ئەگەر ساڵی ١٨٨٦ لە شیکاگۆ مدالیای جینایەت لە بەرۆکی گەورە رێژیمی سەرمایەداری درا، ئەوە کرێکارانیش بە خوێنی خۆیان مێژووی چینی کرێکاریان تۆمار کرد و هەتا هەتایە وەک هێمای خواستی رەوا و ئیرادەی گەورە و یەکگرتوو لە زەینی مرۆڤایەتی دا دەمێنێتەوە.
لە کوردستانی رۆژهەڵات بە زاڵ بوونی گوتاری یەکسانیخوازی و هاتنە ئارای دروشمی چینایەتی، بە تایبەت پاش شۆرشی ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی و سەرهەڵدانی رەوتی سوسیالیستی لە نێو دڵی کۆمەڵگاوە، هەروەها ئاشکرا بوون و خۆناساندنی بە چێن و توێژە جۆربەجۆرەکانی کۆمەڵگای کوردستان یەکی ئەیاری بردە نێو زەین و هزری تاکی کوردەوە، سەرەڕای تۆمەت و تانە و تەشەرەکان لە لایەن بەپارێزانی کۆمەڵگاوە کە تا ئەندازەیەکیش سەرنجی کۆمەڵگایان بۆ لای خۆیان راکێشابوو، بەڵام “دەسەڵاتدار رزگارمان ناکات نە شا نە شێخ نە ئاسمان، پەنگی خوارد مەوجی دریای کرێکار دژی سەرمایە ئەوەڵی ئەیار و لە بەربەیانی یەکی ئەیاردا” و کۆمەڵێک سرود و دروشمی تر بە گەنجینەی هۆنراوە و ئەدبیاتی کوردی زیاد کرا و نەک تەنیا هاتە سەر کاغەز بەڵکوو لە کۆمەڵگای کوردستان دا زۆر خیرا سروشتی بووەوە، ئێمە وەک هەڵسووڕاوانی چەپ و سوسیالیست لە ژێر کاریگەری تیشکی هزری یەکسانیخوازی ئەندازیاری رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی کاک فوئادی رابەر لە ناساندی ئەم رۆژە و جێخستنی لە کۆمەڵگای کوردستان دا بە شانازیەوە پشکی شێرمان بەر کەوتووە و ئێستاش هەرچی گەرموگوڕتر بەڕێوەچوونی ئەم بۆنەیە لە شار و لادێەکانی کوردستان دا ئەرکی سەرشانمانە و بەشدارکردنی هەرچی بەرین تری خەڵک لەم رۆژەدا پشتگیریە لە کۆڵبەرانی سەر سنوور کە رۆژانە گیانیان لە بەری دستیانە بۆ پاروەنانی بنەماڵەکانیان، پشتگیری و بەشداریە لە خرۆشانی جەماوەریی لە ئێران بۆ نان و سەرپەنا و بە گشتی بانگی یەکسانیخوازیە بۆ بەهرەمەند بوون لە سەروەت و سامانی کۆمەڵگا بە شێوەی ئینسانی و دوور لە هەڵاواردنی رەگەزیی و نەتەوەیی و کۆتایی هێنان بە جیاوازی چینایەتی و چەوسانەوەی سیستماتیک.
لەم پێوەندە دا هەموو ئەندامانی کۆمەلە لە دەرەوەی وڵات رادەسپێرین بە بەشداری گەرموگوڕیان لە شوێنی ژیان و کاری خۆیان لەم یادە دا پاڵپشت و هاودەنگی هاوچینەکانیان بن لە جیهان و، بنەماڵە و کەسوکاریان بۆ هەرچی شکۆدارتر بەڕێوەچوونی رۆژی کرێکار لە کوردستان رابسپێرن.
کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان ـ رێکخراوی دەرەوەی وڵات